ڕۆژی سێشه‌ممه ١٠ی ڕێبه‌ندان، خه‌ڵكی ئازادیخواز له شاره‌كانی كامیاران، بۆكان، دێولان و مهاباد وێڕای هه‌ڕه‌شه‌ی ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كان و جێگیركردنی هێزی سه‌ركوت له نزیك ماڵه‌كانیان، له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی “پژمان فاتحی”، “وه‌فا ئازه‌ربار”، “محه‌ممه‌د فه‌رامه‌رزی” و “موحسن مه‌زڵووم” دیداریان كرد و یادی ئه‌و چوار گیانبه‌ختكردووه‌یان به‌رز نرخاند.
به‌پێی ئه‌و وێنه و ویدیۆیانه‌ی به ده‌ستمان گه‌یشتووه، خه‌ڵكی شۆڕشگێڕی كامیاران به‌شداری به‌رینیان كرد له مه‌راسمی پرسه و سه‌ره‌خۆشی “پژمان فاتحی” له گوندی “ئه‌ڵك” و پشتیوانی خۆیان له بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. له شاری بۆكان هاوڕێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئازادیخوازی بۆكان، بنه‌ماڵه‌ی گیلانبه‌ختكردووان “محه‌ممه‌د حه‌سه‌نزاده” و “سمكۆ مه‌ولوودی”یش له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی “وه‌فا ئازه‌ربار” دیداریان كرد و هاوخه‌می خۆیان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و هه‌میشه زیندووه ده‌ربڕی. له شاری مهاباد خه‌ڵكی بوێر و قاره‌مانی ئه‌و شاره سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی “موحسن مه‌زڵووم”یان كرد و به وتنه‌وه‌ی دروشم پشتیوانی خۆیان له بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌زی شه‌هیدان ده‌ربڕی، له شاری دێولان بنه‌ماڵه‌ی دادخوازانی شۆڕشی ژینا و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئه‌و شاره له‌به‌ر ماڵی باوكی “محه‌ممه‌د فه‌رامه‌رزی” كۆبوونه‌وه و یادی ته‌واوی گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ریان به‌رز ڕاگرت.