
دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەم ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەی ئێستا
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێران کە لە ناڕەزایەتی بە گرانی و دابەزینی بەهای دراوی فەرمی دەستی پێکرد، خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی خەبات و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا. ئەم بزووتنەوەیە هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی ناوازەیە کە لە ناڕەزایەتییەکانی پێشووی جیا دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک پرسیاری جددی سەبارەت بە داهاتووی سیاسی ئێران دەوروژێنێت. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ئاخێزەی ئێستا بریتییە لە پێکهاتەی بەربڵاو و هەمەچەشنی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی بەشدار لەو ئاخێزە دا. ئەم بزووتنەوەیە بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو کە زۆرتر یەک یان چەند گرووپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی لەخۆ دەگرت، بەشێکی بەربڵاو لە کۆمەڵگای لەخۆگرتووە، لەوانە: خوێندکاران کە بەردەوام پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بوون، کرێکاران کە بڕبڕەی پشتی ئابووری ئێران پێکدەهێنن و لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکانی ئەم سەردەمەدا ڕۆڵێکی سیاسیی بەرچاویان بینیوە، ژنان کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا هەبووە، کاسبکاران و بازاڕیان بەو پێگە و کاریگەرییە ئابوورییەی کە هەیانە، پەراوێزنشینانی شارەکان و خانەنشین و فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەموویان لەم شەپۆلە ناڕەزایەتییەدا بەشدارن.
کاتێک چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بە بەرژەوەندی و کەڵکەڵەی جیاوازەوە، لە دەوری داواکارییەکی هاوبەش کۆدەبنەوە، بە مانای شکستێکی بنەڕەتییە لە بناغەکانی دەسەڵاتی ڕژێمدا. بەشداری بازاڕیان کە بە شێوەیەکی نەریتی بە پێگەی پارێزخوازی ڕێژیم دادەنران و هەروەها فەرمانبەرانی دەوڵەت کە مووچەخۆری ئەو سیستەمەن، نیشانەی داڕمانی پێگە پشتیوانییەکانی ڕێژیمە. ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە هەمەچەشنە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی هێز و مەشروعییەتی بزووتنەوەکە زیاتر دەکات، هەندێک ئاڵەنگاریش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
کۆمەڵگای ئێرانیش وەک هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە و چین و توێژە جیاوازەکان خاوەن ویست و داواکاری و ئەولەویەتی جیاوازن. دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان داواکاری و ئەولەویەتە جیاوازەکان بەمەبەستی پاراستنی یەکڕیزی، یەکێکە لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکانی بەردەم ئەم بزووتنەوەیە. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بریتییە لە نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی ناوەندیی لە ئاستی سەرتاسەری دا. ئەگەرچی لە ئاستی ناوچەیی و گەڕەکەکاندا سیما و ڕێبەرانی ناسراو بوونیان هەیە کە توانیویانە ناڕەزایەتییەکان ڕێکبخەن، بەڵام لە ئاستی سەرتاسەریدا هیچ کەس و حیزب و گروپێکی دیاریکراو ڕێبەرایەتی بزووتنەوەکە ناکات. کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیاریکراوە کە تا ڕادەیەک لەم بواردا ئیستسنایە.
ئەم هەلومەرجە گشتییەی بزووتنەوەکە لە ئاستی سەرتاسەریدا لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تایبەت بەخۆی هەیە. لە لایەکەوە بزووتنەوەکە لە بەرامبەر سەرکوتی ئامانجداردا خۆڕاگرتر دەکات، بەجۆرێک کە ڕژیم ناتوانێت بە دەستبەسەرکردنی یەک یان چەند کەس لە ڕێبەران، بزووتنەوەکە دابمرکێنێتەوە. هەروەها ئەم پێکهاتەیە ڕێگە دەدات تاکتیک و داهێنانی نوێ و هەمەچەشن لە ئاستە جیاوازەکاندا شکڵبگرن و بزووتنەوەکە پۆتانسێلێکی زیاتر لەخۆی نیشان بدات.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووخانی هەر ڕژێمێکی سەرەرۆ و پاوانخواز، بریتییە لە داڕمانی دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەی. مێژوو دەریخستووە کە کاتێک هێزە ئەمنی و نیزامییەکان سەرپێچی لە فەرمانەکان بکەن، ڕیزەکانی ئەرتەش جێ بهێڵن یان لە کوشتاری خەڵک خۆ ببوێرن، واتە کۆتایی دەسەڵات نزیکە. بەردەوامبوونی ئەو بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەڵوەرینی و ماندوو کردنی هێزەکانی دوژمن.
تێکەڵەیەکی داهێنەرانە و هۆشیارانە لە پێشڕەویی، بەرگریی و پاشەکشە، لە هەمان کاتدا کە دەرفەتی خۆڕێکخستن بە بزووتنەوەکە دەدات، هاوکات زەمینە بۆ هەڵوەرینی هێزەکانی دوژمن خۆش دەکات. هەر ناڕەزایەتییەکی ڕۆژانە، هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی شەوانە و هەر خۆپیشاندانێکی سەر شەقام، وردە وردە ورەی هێزە سەرکوتگەرەکان لاواز دەکات. پاسداران و بریکاراکانیش ئینسانێکن خاوەن بنەماڵە و هەست و ویژدان و لەناو کۆمەڵگادا دەژین و چاویان بە چاوی دەر و هاوساکانیانەوەیە، بێ گومان ژمارەیەکیان بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبنەوە کە ئایا دەبێ پابەندی فەرمانەکان بن، یان لە بەها مرۆییەکانی خۆیان پەیڕەوی بکەن. بەڵام بەم حاڵەشەوە دەبێت واقیعبینانە دان بەوەدا بنێین کە هێشتا هیچ نیشانەیەکی ڕوون لە دوودڵی و ڕاڕایی ئەوتۆ لە ناو هێزە ئەمنییەکاندا دروست نەبووە سەبارەت بە بەکارهێنانی سەرکوتی توند و ڕێژیم هەروا بەردەوامە لە بەکارهێنانی توندوتیژیی سیستماتیک بۆ ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان.
خاڵیجێگایسەرنجبریتییەلەبەکارهێنانیهێزەپرۆکسییەبیانییەکانلەلایەنڕژێمەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بوونی هێزەکانی حیزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی عێراق لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دا دەکەن. ئەم بابەتە دەتوانێت نیشانەی بێمتمانەیی ڕژێم بێت تەنانەت بە هێزەکانی خۆی لەوانە سپای پاسداران و بەسیج. بە هەموو ئەمانەشەوە پرسیار ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندایە؟ وەڵامدانەوەی ڕوون بەم پرسیارە ئەستەمە. بەڵام ئەوەی کە حاشا هەڵنەگرە، بوونی گەلێک بەڵگە و فاکتی ڕوونە کە نیشانی دەدەن ڕژیم لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی فرەڕەهەند بەرەوڕووە کە بۆ هیچ کامیان ڕێگەچارەی نییە. ئەم قەیرانە فرەچەشنانە کاریگەری دەکەنە سەر یەکتر و خۆ دەربازکردنی ڕژێم لێیان گەلێک دشوارە. ڕژیم تا ئێستا تەنیا بە پشت بەستن بە سەرکوت و لە نەبوونی بەدیلی جێگرەوەدا لەسەرکار ماوەتەوە.
یەکێک لە لاوازییە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، بریتییە لە نەبوونی ئاراستەیەکی ستراتێژیی ڕوون و ئاشکرا. ڕژیم لە دووڕیانێکی وجودیدا گرفتار بووە، نە دتوانێت لەسەر بنەما ئیدئۆلۆژییە توندەکانی خۆی پێداگری بکات و نە دەتوانێت وازیان لێ بهێنێت بەبێ ئەوەی مەشرعییەتی ئایینی خۆی لەدەست بدات. لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، ستراتێژی پشتبەستن بە هێزە بە وەکالەت و کردەوەی تیرۆریستی بۆ سەپاندنی خۆی بەسەر ڕۆژئاوا و ئەمریکادا، ئیتر نەک هەر کاریگەری نییە، بەڵکوو تەنانەت بوونەتە خاڵی لاوازی ڕژێم بۆ مانەوە. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” گورزێکی توندی لە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئیدئۆلۆژی ڕێژیم دا. لە ڕاستیدا بە وازهێنان لە جێبەجێکردنی یاسای حیجابی ناچاریی، یەکێک لە پایە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیم داڕما. ئەم پاشەکشەیە، نیشانەی بێتوانایی ڕژێمە لە جێبەجێکردنی بیروباوەڕەکانی خۆیدا. ئەم قەیرانی شوناسە ڕژیمی خستووەتە دۆخێکەوە کە نازانێت چۆن خۆی پێناسە بکاتەوە. ئەم سەرلێشێواوییە ستراتێژیکە، خۆی هۆکارە بۆ داڕمانی هەرچی خێراتر.
لە هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا هەوڵی بەلاڕێدابردن یان ناشیرینکردنی دەدرێت. لەم ئاخێزەی ئێستادا دوو بابەت جێگەی سەرنجە: یەکەم، پڕوپاگەندەی میدیای فارسی زمانە ڕۆژئاواییەکان بۆ نیشاندانی کوڕی شا وەک بەدیلی جێگرەوە. ئەگەرچی بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ڕەوتە پڕوپاگەندەیەکی زۆر دەکرێت، بەڵام لەناو کۆمەڵگای ئێراندا خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆ نییە. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە، خودی ڕێژیم فەرمانی کردووە بە دارودەستەی خۆی کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بن و دروشمی سەڵتەنەتخوازانە بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە ئاکامی خەباتەکەیان بێهیوا و ڕەشبین بکەن. دووەم: سووتاندنی ئەم دواییەی مزگەوتەکان بەشێکە لەو پڕۆژەی ڕەشبینکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو کە بێ گومان کاری بەکرێگیراوانی خودی ڕێژیمە. ئامانج لەو کارە ئەوەیە کە ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە هێشتا هەستی ئایینییان تێدایە، لە دژی بزووتنەوەی مافخوازانەی جەماوەر هانبدەن.
نابێت لەوە غافڵ بین کە لەوانەیە یەکێک لە سیناریۆکان بریتی بێت لە ئەگەری کودەتایەکی سپای پاسداران و لابردنی خامنەیی و پزیشکیان و هاوشێوەکانیان. ڕێبەرانی سپای پاسداران کە دەسەڵاتێکی گەورەی ئابووری و سەربازییان لەبەردەستدایە، لەوانەیە دواجار بگەنە ئەو ئاکامەی کە بەرگریکردن لەم ڕژێمەی ئێستا بە تێچووی لەدەستدانی بەرژەوەندی و سەروەت و سامانەکەیان تەواو دەبێت. لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەگەری زۆرە کە بەشێک لە ڕێبەرانی سپای پاسداران و ئەرتەش، بریار بدەن خۆیان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، بە پاساوی ئەوەی کە “لایەنی جەماوەریان گرتووە” و ئاخووندە گەندەڵەکانیان دوور خستووەتەوە. لە ئاوا سیناریۆیەکدا، سپای پاسداران هەوڵ دەدات بە کەمترین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، خۆی بپارێزێت. ئەم سیناریۆیە بۆ ئەم بزووتنەوە ئازادیخواز و مافخوازەی ئێستا مەترسیدارە، چونکە دەتوانێت وزەی شۆڕشگێڕانە لەناو ببات و سەرئەنجام ببێتە حکوومەتێکی نیزامی بە ڕواڵەتێکی نوێ و هەڵگری مەیلی فاشیستی و پۆپۆلیستی، بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا. نموونەی لەم جۆرە گەلێکن لە مێژووی جیهاندا.
پووچەڵکردنەوەی ئەم مەترسیانە لە گرەوی جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردایە. لەم قۆناغەی خەباتدا، مانگرتنی کرێکاری، بەتایبەتی لە ناوەندە هەستیارە ئابوورییەکان، بەشی خزمەتگوزارییەکانی شار و گواستنەوەی کاڵا و شتومەک، دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت. ئەم مانگرتنانە لە دوو ڕووەوە گرنگن: یەکەم، مانگرتنە کرێکارییەکان هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی جەماوەری ناڕازی دەگۆڕێت. لەکارخستنی چەرخی ئابووری، بڕینی خزمەتگوزارییەکانی شار و وەستاندنی پڕۆسەی گواستنەوە، گوشارێکی یەکجار زۆر دەخاتە سەر ڕژێم کە تەنیا بە سەرکوتکردن وەڵامی پێنادرێتەوە. مانگرتنی بەربڵاو و ڕێکراوی کرێکاریی چەکێکی کاریگەرە کە دەتوانێ ڕژیم ناچار بە پاشەکشە بکات. دووەم و ڕەنگە لەوەش گرنگتر، مانگرتنی کرێکاریی کۆمەک دەکات بە ڕێکخراوبوونی بزووتنەوەکە. ناوەندەکانی کار بەتایبەت کارگە و ناوەندە پیشەسازییە گەورەکان لە زومرەی ئەو شوێنانەن کە کرێکاران بە شێوەیەکی سروشتی ڕێکخراون و تۆڕی پەیوەندییان هەیە. ئەزموونی مانگرتن، کرێکاران بۆ فێربوونی شێوازەکانی خۆڕێکخستن و بڕیاردانی بەکۆمەڵ و هەماهەنگی، ڕادەهێنێت. ئەم ڕێکخراوبوونە بۆ سەرکەوتنی کۆتایی بزووتنەوەکە، زۆر گرنگە. بەبێ بوونی ڕێکخراوەکان، تەنانەت بەربڵاوترین ناڕەزایەتییەکانیش دەتوانن وردە وردە دابمرکێنەوە یان لە بەرامبەر سەرکوتی تونددا دەوام نەهێنن. مانگرتنە کرێکارییەکان دەتوانن ڕێکخراوگەلێک پێکبهێنن کە بتوانن لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تەنانەت دوای ئەگەری ڕووخانی ڕژیمیش، ڕۆڵی ڕێبەرایەتی و ڕێکخەر بگێڕن.