دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد لە نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
10:29 – 18 January 2024
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣
دوو هاووڵاتی خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی عەزیز حاڵخالی و خەلیل ڕەسووڵزادە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، خەلیل ڕەسووڵزادە، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی شاوڵەی سەر بە شاری نەغەدە و عەزیز حالخاڵی دانیشتووی شاری نەغەدە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، عەزیز حاڵخالی، باوکی دوو منداڵ و خەلیل ڕەسووڵزادە، تەمەن ٣٦ ساڵ، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و سزایەکی دادوەری لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەرکراون.
ئەو دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هەتا ئێستا، بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان بێ ئاکام ماوەتەوە.