راگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی دکتۆر دیار نەجیب

بە داخەوە و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ و تێکۆشەری بەڕێز دکتۆر دیار نەجیب، پزیشکێکی مرۆڤدۆست و ئەندامی حیزبی شیوعی کوردستانمان بیست.

دکتۆر دیار نەجیب لەو تێکۆشەرانە بوو کە ژیانی خۆی بە تەواوی تەرخان کردبوو بۆ خزمەت بە خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندیی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان. ئەو لە دوای ڕاپەڕینی شکۆمەندی ساڵی ١٩٩١ەوە، وەک کادرێکی چاڵاک، دڵسۆز و پابەند، شانبەشانی هاوڕێکانی خۆی لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراق و دواتر حیزبی شیوعی کوردستاندا، بە بەرپرسیاری و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

هاوڕێ دکتۆر دیار لە ماوەی چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا، وەک سکرتێری یەکێتی گشتی قوتابیانو هەروەها ئەندامی کۆمیتەی شاری سلێمانی، بە وریایی، لێهاتوویی و دڵسۆزییەکی بێوێنە خزمەتی کردووە. ئەو لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی ڕێز و خۆشەویستییەکی فراوان لە نێو خەڵکی سلێمانی و لە ناو بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازدا وەدەست بهێنێت.

ئێمە لە نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان، لە نزیکەوە شاهیدی دڵسۆزی، مرۆڤدۆستی و بەدەربەستیی ئەم هاوڕێیە بووین. خەمخۆری و هاوکاریی بێ‌دەرێغی دکتۆر دیار بۆ پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی بۆ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، هەرگیز لە یاد ناکرێت. ئەو بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە هاوڕێ و پشتیوانێکی بەئەمەگ بوو بۆ بزووتنەوەکەمان و لە سەختترین قۆناغەکاندا خزمەتی بێ‌چاوەڕوانیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵە کردووە.

ئەو خزمەت و هاوپشتییانەی دکتۆر دیار نەجیب، کە لە ڕۆحی ئینسانیەت، هاوخەمی و هاوپشتیی چەپی شۆڕشگێڕانەوە سەرچاوەیان گرتبوو، هەمیشە لە یادەوەریی ئێمەدا زیندوو دەمێننەوە.

نەمانی دکتۆر دیار نەجیب لەدەستدانێکی قورس و گرنگە، نەک تەنها بۆ هاوڕێیان و نزیکانی، بەڵکو بۆ بزووتنەوەی چەپ و پێشکەوتنخوازانەی کوردستان و بۆ هەموو ئەوانەی کە لە مرۆڤایەتی، و لە دڵ و دڵسۆزیی ئەو سوودمەند بوون.

لەم بۆنەیەدا، سەرخۆشی و پرسەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی دکتۆر دیار نەجیب، بە تایبەتی خاتوو ژینۆ، هاوسەری بەڕێزی، هاوڕێیان لە حیزبی شیوعی کوردستان و هەموو خۆشەویستان و نزیکانی دەکەین و خۆمان بەشداری خەمیان دەزانین.

نوێنەرایەتی کۆمەڵە،

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

لە هەرێمی کوردستان

 

‏2026‏-04‏-12

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net