ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ، ١٦ زیندانیی سیاسی ژن، لە نامەیەکی کراوەدا، حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاریی خۆشناو و ئازادیخوازیان مەحکووم کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە لە پەنای سەرجەم ئەو کەسانەدا ڕاوەستاون کە مەترسی حوکمی لەسێدارەدانیان لەسەرە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانن و نووسییان: ئەمە نە تەنیا حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە نییە، بەڵکوو حوکمی لەسێدارەدانی سەرجەم ئێمە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، سیاسیی، مەدەنی، مافی مرۆڤ و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی ژنانە. ئێمە ئەم حوکمە بە مەترسییەکی جددی و سەرتایەک بۆ دەرکردنی سزای قورس لە داهاتوودا دەزانین. لە نێو ئەو زیندانییە سیاسیانەدا، کە ئاڵای خۆڕاگرییان لە زیندانەکاندا بەرزکردۆتەوە، ناوە ناسراوەکانی سپیدە قولیان، گۆڵڕوخ ئیرایی، نەرگس محەممەدی و ئەنیشە ئەسدەڵاهی بەرچاو دەکەوێت، ئەو ژنە تێکۆشەرانەی کە ساڵانێکە لە دژی کۆنەپەرستی و ستەم و سەرەڕۆیی زاڵ، خەبات دەکەن و چاونەترسان دیفاع لە مافە پێشێلکراوەکانی زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگا دەکەن. ئەم نامەیە هاوکات بوو لەگەڵ بەیاننامەی زیندانیانی سیاسیی ئەندامی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان“. ئەوان لە بەیاننامەکیاندا بەشدارینەکردنی زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر لە بەناو هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی بۆ دیاریکردنی جێنشینی “ڕەئیسی“یان، بە شەرعییەت لێ سەندنەوە لە حکوومەتی وەلایەتی فەقیه” زانی و وێڕای “بێ شەرمانە” لەقەڵەم دانی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی هەڵسووڕاوی کرێکاریی، ڕایانگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە لە ٩ زیندان، دەست دەکەن بە مانگرتن لە خواردن. ئەو ٩ زیندانە بریتین لە زیندانی ئێڤین (بەندی ٤ و ٦ و ٨ی ژنان)، قەزڵحەسار (بەندی ٣ و ٤)، خوڕەماباد، زیندانی ناوەندیی کەرەج، تەورێز، خۆی، نەغەدە، سەقز و مەشهەد.
زیندانیانی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیدا، جگە لە بینینی ڕۆڵێکی کارا و چالاکانە لە بواری خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان، لە بوارەکانی دیکەشدا لەگەڵ ڕێژیم و هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانیدا بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەوان هەروەها لە هەوڵدان بۆ بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی حکوومەتی ئیسلامی، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو. هەر لەو پێوەندییەدا، زیندانیانی سیاسی لە ٣٨ زیندان، لە بەیاننامەیەکدا، داوایان لە خەڵک و بە تایبەت لاوان کرد کە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی ڕێژیم بایکۆت بکەن و خۆیان لە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ببوێرن. ئەوان وتیان کە چوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان، بە واتای درێژکردنەوەی دەسەڵاتی ڕەشی ڕژیمێکیە کە بووەتە هۆی ئەستاندنی دەیان هەزار گیانی ئاشق و وڵاتێکی دەوڵەمەندی کردووە بە وڵاتێکی هەژار. لە نێو ئەو زیندانییە سیاسییانەدا، بانگەشەی چەند کەسێکیان، کاریگەری زۆری لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن هەبوو. سپیدە قولیان ڕۆژی ٣ی پووشپەڕ لە نامەیەکدا ڕوو لە هاووڵاتیان نووسی کە دەنگنەدان جۆرێکە لە خۆڕاگریی مەدەنی لەبەرامبەر ستەمگەری دا. ناوبراو هەروەها وتی، خۆڕاگریی مەدەنی لە جۆری دەنگنەدان، دەبێ چالاکانە و بە ئاراستەی گەشە و بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی بێت، ئەمەش مومکین نییە مەگەر بە پاراستنی هاوپشتی کۆمەڵایەتی نێوان گروپە جۆراوجۆرەکان و ڕنگدانەوە سیاسییەکەی لە پێناو دەستەبەرکردنی دێموکراسی ڕاستەقینە و ئازادی لە ئێران. گۆڵڕوخ ئیرایی سەبارەت بە بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی جێنشینی ڕەئیسی جەلاد، ڕوو بە ڕیفۆرمخوازان نووسی: ئەوان دەبێ بزانن کە ئێمە کۆمەڵانی ئێران، خیانەتەکانی ئەوانمان لە ڕۆژی یەکەمەوە، لەبیرە. کۆمەک کردن بە جێگیربوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و کوشتاری کارەساتباری لاوان لە دەیەی شەست دا، لە ڕۆژگارێکدا کە ئێوەی حیزبوڵڵایی و پەیڕەوی خەتی ئیمامییەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوون، هیچکات لەبیر ناکەین. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسی: شۆڕشی فەرهەنگی و دەرکردن و خانەنشین کردنی خوێندکاران، مامۆستایان، ئەولەویەتدان بە گەمژەیی بە جێگەی شایستەیی، کوشتار، ئەشکەنجە، دەستدرێژی، تۆبە پێکردن و ناچارکردنی زیندانیانی سیاسی
بە لێدانی تیری خەلاس لە هاوڕێکانیان لە زیندانەکانی دەیەی شەست و قەتڵە زنجیرەییەکانمان لەبیر نەکردووە کە لەلایەن ئێوە و دەست و پێوەندەکانتان لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ژێر کاریگەری ئێوەدا، ڕوویاندا.
نێرگس محەممەدی، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ، لە بەیاننامەیەکدا لە زیندانی ئێڤینەوە ڕایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بەشداریی ناکات. ناوبراو وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تاکە ئامانجی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی دیکە لە وڵاتدا، ” بریتییە لە پتەوکردنی دەسەڵات و سەرەڕۆیی خۆی“، وتی کە بەشداریی هەڵبژاردنی نایاسایی حکوومەتی سەرکوتگەر و ناشەرعی ناکات. بە وتەی ئەو هەڵسووڕاوە ناسراوەی مافی مرۆڤ، مەبەست لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن حکومەتێکەوە “کە پشت بە سەرکوت و تیرۆر و توندوتیژیی دەبەستێت وەک تاکە ئامراز بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، نەک بۆ ڕێزگرتن لە دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، بەڵکوو بۆ پتەوکردنی هەرچی زیاتری دەسەڵات و سەرەڕۆییە. ئەکت و کرداری خەباتکارانەی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەت ژنانی بەندکراو لەم ڕۆژانەدا کە ڕێژیم گرتن و پەروەندەسازیی لە دژی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەڕادەیەکی زۆر پەرەپێداوە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم زیندانیانە کە لە کەشوهەوای خەباتکارانەی کۆمەڵگا ورە و هێز وەردەگرن، بەش بە حاڵی خۆیان کەشی خەباتکارانەی ناو کۆمەڵگا بەهێزتر دەکەن. ئەوان ئەمڕۆ وزەبەخشی کەشی خەباتکارانەی کۆمەڵگان و سبەی ڕۆژیش کە قوفڵی زیندانەکان دەشکێن، بە پانتایی هەموو ئێران، ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن.