ستانداردی مافەکانی مرۆڤ، بەهرەمەندبوونی یەکسانە لە هەموو دەستکەوتەکانی مرۆڤ

ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی دێسامبر بەرامبەر بە ١٩ی سەرماوەز، ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤە. ٧٧ ساڵ لەمەوبەر لەو ڕۆژەداجاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤلەلایەن کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک بەڵگەنامەیەکی جیهانی و پابەندکەر پەسەندکرا. ئەگەرچی لە ئێستادا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بڕگەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤیان بە فەرمی ناسیوە و تەنانەت لە یاسای بنەڕەتی خۆیاندا گونجاندوویانە، بەڵام هێشتا ئەو مافانە لە زۆربەی وڵاتەکاندا پێشێل دەکرێن. لەم بوارەدا کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕیزی پێشەوەی وەڵاتەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤدایە لە سەرانسەری جیهان. به گوێرەی ئەو بەڵگەنامە و بڕیارنامانەی ساڵانه له لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بڵاو دەکرێتەوه، کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێک له ڕیزی پێشەوەی پێشێلکارانی سیستماتیکی ئەو مافانەدایه. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێران خۆی یەکێکە لە واژۆکارانی ئەم جاڕنامەیە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئاست و ڕەهەندەکانی ئەو تاوانانەی کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراون، زۆر زیاترن لەو تۆمەتە سنووردارانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی وروژێنراون.

هەرچەندە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەڵامدەرەوەی بنەڕەتیترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕگە و ناوەرۆکەکانی، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران و ئازادیخوازانی جیهانن. هەر هەنگاوێک پاشەکشەی سیستەمی سەرمایەداری لە بەرامبەر ئەو مافە سەرەتاییانەی کە لەم بەیاننامەیەدا هاتووە، بەبێ خەبات و فیداکارییەکی زۆر دەستەبەر نەدەبوو. بۆرژوازی جیهانی سەرەنجام ناچار بوو ئەگەرچی بە هاوئاهەنگکردنی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵام بە ناوی خۆیەوە لە مێژووی خۆیدا تۆماری بکات. ئەم جاڕنامەیە ئەگەرچی بناغەکانی سیستەمی سەرمایەداری ناباتە ژێر پرسیار و بنەمای چەوساندنەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ بەرز دەنرخێنێت، بەڵام هەر لەم ڕادەیەشدا تەنانەت لە پێشکەوتووترین وڵاتانی سەرمایەداریی، هێشتا بۆ جێبەجێکردنی بەتەواومانایان پێویستە خەبات بکرێت. هەر ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتەکان، سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ کە بریتییە لە مافی ژیان، بە ئاشکرا پێشێل دەکرێت. تەنانەت پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی برسێتی، قات و قڕی، نەخۆشییە گواستراوە جۆراوجۆرەکان، بازرگانی سێکسی، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هتد لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا ناگونجێت.

ڕادەی ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگایەکدا دەبێت لە ڕووی ئاستی یەکسانی مرۆڤەکان و دەستڕاگەیشتن و چێژوەرگرتن لە هەموو بەهرە مرۆییەکان پێوانە بکرێت. کۆمەڵگای سەرمایەداری، بەپێی سروشتی خۆی کە لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی دامەزراوە، ناتوانێت بەرگریکاری ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ بێت. مافەکانی مرۆڤ تەنها کاتێک بە تەواوی دەستەبەر دەبێت و گەرەنتی دەکرێت کە جیاوازی چینایەتی نەمێنێت و مرۆڤەکان بتوانن لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بەشێوەی یەکسان بژین. ئەمە پرسە لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ بنیاتنراوە و ئامانجی بەرهەمهێنان نەک دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ، بەڵکوو بەدەستهێنانی قازانجە، گەرەنتی ناکرێت. جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی دادپەروەری ئابووری و دەرفەتی یەکسانی ڕاستەقینە، هەڵگری چەندین خاڵی لاوازی بنەڕەتی و دژوازە: جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ باس لە یەکسانی یاسایی دەکات، بەڵام لە بەرامبەر سیستەمی چینایەتیدا بێدەنگە. باس لە مرۆڤ و تاک دەکات، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا باس لە چینی کرێکار و چینی سەرمایەداری و پرسی خاوەندارێتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کە سەرچاوەی ڕاستەقینەی نایەکسانییەکانە، ناکات. لەم ڕوانگەیەوە، نایەکسانی و هەژاری تەنیا وەک کێشەیدابەشکردنی نەگونجاویانپێشێلکردنی مافەکانی تاکسەیر دەکرێت، نەک وەک دەرئەنجامی سروشتی سیستەمێکی چینایەتی.

گۆیا ئەگەر هەموو کەس مافی دەنگدان و مافی ڕادەربڕینیان هەبێ، ئیتر هەموو شتێک تەواوە، لە حاڵێکدا زۆرینەیەکی بێبەشکراو، تەنانەت بە مافی دەنگدان، لەژێر هەژموونی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و دەسەڵاتی ئابووریدا دەمێنێتەوە. هەربۆیە لە دونیای واقیعدا، ئەو مافی مرۆڤەی کە لەو جاڕنامەیەدا باسی لێوە دەکرێت، واتە ئازادییە مەدەنییەکان بەبێ دادپەروەری ئابووری، بەبێ ئاماژەدان بەو سیستەمەی کە هەژاری و نادادپەروەریی لە کۆمەڵگاکاندا جێگیر کردووە. بەشێوەیەکی گشتی باس لە مافی خاوەندارێتی کراوە، بەڵام ئەم مافە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بە کردەوە دەبێت بە مافی خاوەندارێتی سەرمایەدار بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا. کرێکار مافی ئەوەی هەیەبە ئازادیهێزی کاری خۆی بفرۆشێت، بەڵام هیچ مافێکی ڕاستەقینەی نییە سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر ئەو سامانەی کە بەرهەمی دەهێنێت. لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا بەردەوام باس لەیەکسانی،ئیمکانی گەشەکردنی بەهرە و تواناییەکان،مافی پەروەردەو هتد دەکرێت، بەڵام لە دونیای واقیعیدا دەرفەتی یەکسان تەنها بە دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە پەروەردە، بێهداشت، شوێنی نیشتەجێبوون، خۆراک و ئەمنییەتی کار، مانا پەیدا دەکات. منداڵێکی کە لە بنەماڵەیەکی کرێکاری لە پەراوێزی شارەکان و بەبێ بەهرەمەندبوون لە خۆراکی گونجاو و قوتابخانەی باش گەورە بێت، هەرگیز لەگەڵ منداڵێکی کە لە چینێکی دەوڵەمەند و لە قوتابخانەی ئەهلیدا گەورە دەبێت، خاوەن دەرفەتی یەکسان نییە. واقیعێکی تاڵتر ئەوەیە کە سەرچاوەی سەرەکی نایەکسانی، دەگەڕێتەوە بۆ چەوسانەوەی هێزی کار لەلایەن خاوەن سەرمایە و بەدەستهێنانی بەهای زیادە. کرێکار زۆرتر لە پێویستییەکانی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ژیانی خۆی کاردەکات و زیادەی ئەم کارە دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەوە. جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ سەبارەت بەم بابەتە بێدەنگە.

ئەو جاڕنامەیە خۆی بەجیهانیناودەبات، بەڵام سەبارەت بە مافی گەشەپێدان، مافی ڕزگاربوون لە هەژاری، مافی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە و سامانە جیهانییەکان بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە، ڕۆڵی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، بانکە جیهانییەکان، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و هەروەها دامەزراوە سەرمایەدارییە جیهانییەکان هیچ ناڵێت، دەوڵەتەکان بە بەرپرسیار دەزانێت سەبارەت بە جێبەجێکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان وەک ناوبژیوانی بێلایەن دادەنێت نەک نوێنەری بەرژەوەندی چینێکی تایبەت. جاڕنامەکە باس لە مافی بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی، مافی دەنگدان و هەڵبژاردن دەکات، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە بوونی دێموکراسی لە شوێنی کار، مافی کرێکاران بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەش یان کۆنترۆڵکردنی دێموکراتیکی کارگەکان، شۆڕا کرێکارییەکان، یان شێوازەکانی بەشداریکردنی بەکۆمەڵ لە بڕیاردانی ئابووریدا ناکات. واقعییەت ئەوەیە کە ڕەنگە کەسی خاوەنمافی مرۆڤلە کایەی سیاسیدا دەنگ بدات، بەڵام لە شوێنی کارەکەی هەروا ملکەچی فەرمان و بڕیاری بەڕێوەبەر و خاوەن پشکەکان دەمێنێتەوە، بەبێ بوونی هیچ مافێکی ڕاستەقینە لە بڕیاردان سەبارەت بەو شتەی کە بەرهەمی دەهێنێت و چۆنیەتی بەکارهێنانی. جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، مافە مەدەنی و سیاسییەکانی بە باشی دەستنیشانکردووە، بەڵام لە بواری دادپەروەری ئابووریدا هیچ ناڵێت.

چینی دەوڵەمەند دەتوانێت لەو جاڕنامەیە بۆ پاساوکردنی ئازادییە مەدەنییەکانی ڕادەربڕین، هەڵبژاردن و هتد کەڵک وەربگرێت، هاوکات پێکهاتەی خاوەندارێتی و کەڵەکەبوونی سامان، چەوساندنەوەی هێزی کار و نایەکسانی جیهانی، وەک خۆی بهێڵێتەوە. ئەگەر چینی هەژار تەنیا بەو مافانە ڕازی بێت کە لەو جاڕنامەیەدا هاتووە، ئیمکانی خەبات و تێکۆشان لەپێناو گۆڕینی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی، زەوتکردنی مافی دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، دێموکراسی ئابووری و سۆسیالیستیکردنی سەرچاوە و سامانە کۆمەڵایەتییەکان لە دەست دەدات، یان لە باشترین حاڵەتدا خەباتەکەی لە چوارچێوەیچاکسازیدا بەرتەسک دەبێتەوە. ئەگەرچی لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشیشەوە، دەکرێ جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ بە هەنگاوێکی گرنگ لە بەرامبەر بەربەرییەتی فاشیستی و دەسەڵاتی ستەمکار و سەرەڕۆدا هەژمار بکرێت، بەڵام بڕگە و ناوەرۆکی ئەم بەیاننامەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری ئابووری، یەکسانی ڕاستەقینەی دەرفەتەکان و ڕزگاری چینی کرێکار و ژێردەستان لە چەوساندنەوە ئێجگار ناتەواوە، و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵدانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری. مافی ڕاستەقینەی مرۆڤ تەنیا کاتێک بەدی دێت کە هەم ئازادییە تاکەکەسی و سیاسییەکان مسۆگەر بکرێن و پەرەیان پێبدرێت و هەم پێکهاتەکانی چەوساندنەوە و نایەکسانی چینایەتی و دەسەڵاتی سەرمایە بە تەواوی بگۆڕدرێن. ئەم دوو بابەتە نەک هەر بەدیلی یەکتر نین، بەڵکوو پێشمەرجی لایەنی بەرامبەرن بۆ بەدیهێنانی یەکتر.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net