ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٦ی خه‌رمانان، دادگای ئینقلابی تاران سزای زیندانی به‌سه‌ر هه‌شت ده‌ستبه‌سه‌ركراوی شۆڕشی ژینا به ناوه‌كانی نه‌سیم غوڵامی سیمیاری، حه‌میدڕه‌زا سه‌هل ئابادی،ئه‌مین سۆخه‌نوه‌ر، ئێحسان ڕه‌وازژیان، عه‌لی هه‌راتی موختاری، حسێن محه‌ممه‌دحسێنی و ئه‌میر شاه ولایه‌تی دا سه‌پاند.
به‌پێی بڕیاری دادگای ئینقلابی تاران، نه‌سیم غوڵامی سیمیاری به شه‌ش ساڵ زیندان، ٧٤ زه‌ربه شه‌لاق و ٢٠ ساڵ دوورخرانه‌وه بۆ شاری ئهنگوورانی سه‌ر به پارێزگای زه‌نجان مه‌حكووم كراوه. هه‌ره‌وه‌ها، حه‌میدڕه‌زا سه‌هل ئابادی به سێ ساڵ و حه‌وت مانگ زیندان و پێنج ساڵ دوورخرانه‌وه بۆ شازه‌ندی ئه‌راك، ئێحسان ڕه‌وازژیان و ئه‌مین سۆخه‌نوه‌ر هه‌ر یه‌كه‌و به شه‌ش ساڵ و حه‌وت مانگ زیندان كه سێ ساڵ و حه‌وت مانگیان بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت، عه‌لی هه‌راتی موختاری به سێ ساڵ و شه‌ش مانگ زیندان كه دوو ساڵی بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت، حسێن محه‌ممه‌دحسێنی به دوو ساڵ زیندان و ١٦٥ ملیۆن تمه‌ن جه‌ریمه‌ی ماڵی، ئه‌میر شاه ولایه‌تی به دوو ساڵ زیندان و ٨٠ ملیۆن تمه‌ن جه‌ریمه‌ی ماڵی مه‌حكووم كراون. له‌و په‌روه‌نده دا حسێن ئه‌ردستانی بێ تاوان ناسێندراوه و سێ شارومه‌ندی دیكه كه ده‌ستبه‌سه‌ر نه‌كرابوون به شێوه‌ی نهێنی به زیندان مه‌حكووم كراون كه ناسناوی یه‌كێكیان بریتیه له: شاهین زهحمهتكش كه به ١١ ساڵ زیندان سزا دراوه و پێنج ساڵی بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت. په‌روه‌نده‌ی دوو شارومه‌ندی دیكه به ناوه‌كانی سیامه‌ك ته‌ده‌یۆن و فه‌رید گوڵشه‌نی له ژێر لێكۆڵینه‌وه دایه.