مێهراب عه‌بدۆڵڵازاده، هاووڵاتی ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵی خه‌ڵكی گوندی خۆشاڵان و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی وه‌لیعه‌سری ورمێ، له‌لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی ئه‌و شاره به سه‌رۆكایه‌تی قازی نه‌جه‌ف زاده به تۆمه‌تی به‌غی به ئێعدام مه‌حكووم كرا.
مێهراب عه‌بدۆڵڵازاده له ڕێكه‌وتی ٣٠ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠١، هاوكات له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شۆڕشی ژینا له شاری ورمێ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌ته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سپا ڕاگوێزرا. ناوبراو له ماوه‌ی به‌ندكرانی دا به سه‌ختی ئه‌شكه‌نجه و له ده‌ستڕاگه‌یشتن به پارێزه‌ر بێبه‌ش كرا. به وته‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی ڕژیم بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و به‌ندكراوه سیاسییه‌یان خستووه‌ته ژێر گوشار تاكوو زانیاریی له‌سه‌ر باروودۆخی ڕۆڵه‌كه‌یان بڵاو نه‌كه‌نه‌وه.