به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، کۆمەڵێک لە دانیشتووانی شاری مێهران كه هاوینی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، سێ جار رێگای کۆمپانیای نەوتی شارەکەیان داخستبوو، له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی ئه‌و شاره‌وه ڕووبه‌ڕووی سزای زیندان و شه‌لاق بوونه‌ته‌وه.
دادگای تاوانەکانی مێهران لە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ١٠ کەس لە ناڕازیانی بە تۆمەتەکانی “تێکدانی ئاسایشی گشتی“، “زیانگەیاندن بە موڵکی تایبه‌ت و گشتی“، “سەرپێچیکردن لە فەرمانی پۆلیس“، “هەڕەشەکردن بە چەقۆ” و “هاندانی خەڵک بۆ تێكدانی ئه‌منیه‌ت” تۆمەتبار کرد و سزای قورسی زیندان و لێدانی شه‌لاقی بەسەریاندا سەپاند. وردەکاریی سزاکان بەم شێوەیەن: محەممەد چەتربەسەر، موجتەبا کەریمی، بێهزاد کناریوەند، سەعید ئاسارە و رەزا سەیدی هەر یەکەو به ١٥ مانگ زیندان مه‌حكووم كراون. موجتەبا باباخانی، بە ٦ مانگ زیندان و ٣٦ زه‌ربه شه‌لاق سزا دراوه و مالک ئاژیدە، بە یەک ساڵ و ٩ مانگ و یه‌ك ڕۆژ زیندان و ٣٦ زه‌ربه شه‌لاق مه‌حكووم كراوه و موستەفا بورجی و میلاد کەریمی، هەر یەکەو به یەک ساڵ و سێ مانگ و یه‌ك ڕۆژ زیندان سزا دراون. هه‌روه‌ها سەجاد ئومیدی، بە دوو ساڵ و دوو مانگ زیندان و ٧٤ زه‌ربه شه‌لاق مه‌حكووم كراوه.