کۆبەندی هەواڵە کرێکارییەکان نیشاندەدات کە کرێکارا لە ٣مانگی پاییزی ئەمساڵدا ٧٤٠چالاکیی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە. هەروەها ٣٣٨چالاکی لەلایەن خانەنشینانەوە ئەنجامدراوە. خاوەنکارە دەوڵەتی و تایبەتەکان هەوڵیان دەدا بە پێدانی بەڵێنی پووچ و بێبنەما، بەکارهێنانی ڕێکخراوی ساخته و کەسانی دەستپەروەردە و یان تەنانەت پشتگوێخستنی ویست و داواکارییەکانیان، کرێکارانی لەسەرکار ماندوو بکەن بۆ ئەوەی ناچار بن واز لە داواکاریەکانیان بێنن. ئەوان چەند مانگێکە دەستیان کردووە بە دەرکردنی کرێکارانی ناڕەزای و مانگرتوو. بۆ نموونە ١٥ نوێنەری کرێکارانی نەوتی ئەرکانی سالسی پیشەسازی نەوت، بەهۆی داوای مافی پیشەیی و یاسایی خۆیان و هاوکارەکانیان، لەگەڵ مەترسی دەرکردن بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەم کرێکارانە کە بە کردەوە نوێنەرایەتی ١٢٠ هەزار کرێکاری ئەرکانی سالسی شیرکرتی میللی هەڵکەندنی ئێران و پیشەسازی نەوت دەکەن، ڕایگەیاندووە کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن ئەو شیرکەتەوە بە “ناوەندی وەرگرتنی باشوور” ناسێنراون، و دوای بانگهێشت کردنیان لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە، سەبارەت بە ویست و داواکارییە پیشەییەکانی هاوکارەکانیان و هۆکاری داواکاربوونیشیان ڕوونکردنەوەیان داوە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا، دوو کەس لەو کرێکارانە، حوکمی دەرکردنی حەتمییان بۆ دەرچووە و پێنج کەسیان چاوەڕێی وەرگرتنی حوکمی دەرکردنن و هەروەها هەشت کەسیشیان لە نۆبەی بانگهێشتکردندان بۆ ناوەندی وەرگرتن، بۆ ئەوەی تەکلیفی مانەوە یان دەرکران لەسەر کارەکانیان ڕوون ببێتەوە. سەرەڕای ئەم تاکتیکە نوێیە، ئەم بەشە لە کرێکارانی نەوت، بە درێژەدان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان و پتەوکردنی یەکڕیزیی خۆیان، بە خاوەنکارە سەرەکی و پەیمانکارەکانی نەوتیان نیشانداوە کە هەروەک چۆن پیلانی بەکارهێنانی ڕێکخراوە دەستکردەکانی دەوڵەتیان پووچەڵکردەوە، هەر ئاواش لە ڕێگەی خەبات و ناڕەزایەتی خۆیانەوە هاوکارە دەرکراوەکانیشیان دەگەڕێننەوە سەر کارەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی شۆڕای ڕێکخستنی کرێکارانی ئەرکانی سالس، ڕۆژانی ٢ و ٣ی بەفرانبار، هەزار کرێکاری نەوت بە مەبەستی بەدەستهێنانی ویست و داواکارییەکانیان دەستیاندایە کۆبوونەوە و مانگرتن. ڕۆژی ٤ی بەفرانبار ژمارەی ناڕازییان گەیشتە پێنج هەزار کەس. ناڕەزایەتییەکان ڕۆژی ٨ی بەفرانباریش بەردەوام بوو.
شۆڕای ڕێکخستنەکان ڕایگەیاند کە ئەو ئاکسیۆنە شکۆدارانە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی یەکێتی دەستکردی دەوڵەت واتە “توندگویان“، دەستەبەر بوون. ویست و داواکاری ئەم کرێکارانە کە داواکاریی سەرجەم کرێکارانی پیمانکاری نەوتە، بریتین لە: مافی ڕێکخراوبوون، و کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی، نەهێشتنی بەتەواوەتی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، گەڕانەوە سەرکاری بێ شەرت و مەرجی یاسر ئەحمەدی نەژاد و سەرجەم کرێکارە دەرکراوەکان و کۆتاییهێنان بە هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ کرێکارانی ناڕازی، جێبەجێکردنی دروستی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان و نیزامی پێدانی حەقدەستی دادپەروەرانە و یەکسان لەگەڵ کرێکارانی فەرمی و گرێبەست بە پەیڕەوی لە ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی نەوت، جێبەجێکردنی بێ جیاوازی بەرنامەی ١٤ ڕۆژ کار و ١٤ ڕۆژ پشوو بۆ کرێکارانی کارگێڕی و پشتیوانی و باقی کرێکارانی تر، زیادکردنی حەقدەستی هاوتەریب لەگەڵ شیرکەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کارون، ڕێکخستنی سەعاتەکانی کاری کارمەندانی خۆجێیی یان پشوو ڕاگەیاندنی ڕۆژانی پێنجشەممە، دەستنیشانکردنی ڕۆژێکی دیاریکراو لە مانگدا بۆ پێدانی مووچە، پێدانی پاداشتی بەرهەمهێنان و پاداشتی بۆنە جیاوازەکان، دانی هەموو ماف و مەزایا دواکەوتووەکان، هەڵبژاردنی بیمەی تەکمیلی بەپێی ڕادە و پێشینەی خزمەت.
خەباتی بەردەوام و شێلگیرانەی کرێکارانی خانەنشینیش هەمان تایبەتمەندی بوێرانەی کرێکارانی نەوتی ئەرکانی سالسی هەبووە. ئەم خانەنشینانە کە بەرزترین ئاستی مووچەی مانگانەیان ٨ ملیۆن تمەنە، بەم بڕە کەمە، تەنیا دەتوانن بۆ ماوەی هەفتەیەک پێداویستییەکانیان دابین بکەن. هەربۆیە چەند ساڵێکە گرووپە جۆراوجۆرەکانی خانەنشینان، هەرکامەیان ڕۆژێکی هەفتەیان دیاری کردووە بۆ کۆبوونەوە و پێداگری لەسەر داواکارییەکانیان. ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی دووشەممەی کرێکارانی خانەنشینکراوی بەشی پەیوەندییەکانی وڵات سەبارەت بە کەمبوونەوەی توانایی کڕین، نەدرانی ویست و داواکارییەکانیان و ڕاگرتنی خزمەتگوزاری بیمەی تەکمیلی دەرمان، هەروا بەردەوامە. ئەم خانەنشینانە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و هاوکات لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە، ڕێپێوان و دانی دروشم و هەڵگرتنی پلاکارد، لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیوەندییەکان، یان لە تاران لە بینای ناوەندی شیرکەتی پەیوەندییەکان، ویست وداواکارییەکانیان خستووەتەڕوو. بەپێی دوایین هەواڵەکان، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ئەم ناڕەزایەتیانە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئیسفەهان، ئیلام، زەنجان، فارس، کوردستان، کرماشان، گیلان، هورمزگان، و پارێزگای تاران، لەبەردەم بینای ناوەندیی شیرکەتی پەیوەندییەکانی ئێران، بەڕێوە چوون. خانەنشینان هاوکات لەگەڵ دروشمە داواکاری تەوەرەکان، کۆمەڵێک دروشمی سیاسیشیان لە دژی بێ عەداڵەتی، گرانی و هەڵاوسان، شەڕ و کوشتار و ئێعدام بەرز کردەوە و خوازیاری ئازادی زیندانیانی سیاسی بوون. خانەنشینان ئەگەرچی بە گوێرەی پیشەکانیان لەوانە کارکردن لە بواری پەیوەندییەکان، پەروەردە، فولاد و نەوت، توانیویانە تا ڕادەیەک خۆیان ڕێک بخەن، بەڵام هێشتاش زۆر پەرش و بڵاون. ئەوانیش وەک باقی کرێکاران، پێویستیان بە ڕێکخراوی سەرتاسەری چینایەتی، پیشەیی و سیاسیی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ویست و داواکارییەکانیان بسەپێنن و خۆیان بۆ ئەو خەباتە مێژووسازەی کە لە پێشیاندایە تەیار بکەن.