سیستەمی پەروەردەی ڕژێمی ئیسلامی لە بنەڕەتەوە دەبێت بگۆڕدرێت
ئەم مامۆستایە کە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، نەک هەر منداڵەکانی لەڕووی جەستەییەوە ئازارداوە، بەڵکوو هەڕەشەی لێکردوون کە ئەگەر بە بنەماڵەکانیان ڕابگەیەنن، تووشی توندوتیژی زیاتر دەبن. ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، برین، شینبوونەوە و ئاوسانی زۆر لەسەر جەستەی قوتابییەکان پیشان دەدەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە مامۆستاکە بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لۆژیکی و تەنها لەسەر بنەمای گومان، قوتابییەکانی ئەشکەنجە داوە.
نووسەرێک لە وتارێکدا بە ناونیشانی “چیرۆکی دووبارەی ئازاردانی قوتابیان لە قوتابخانە” کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە ڕۆژنامەی ئارمانی میللی دا بڵاوکرایەوە، لەم بارەیەوە نووسیویەتی، ئەو لێدان و ئازاردانەی کە بووەتە هۆی تووڕەیی بیروڕای گشتی، بەڕادەیەک بووە کە یەکێک لە قوتابییەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. نووسەری وتارەکەی “ئارمانی میللی” وێڕای ئاماژە بە چەند حاڵەتی سزادانی قوتابیان لەلایەن مامۆستایانەوە لە شار و گوندەکانی دیکە، چەند مامۆستایەکی پەروەردەنەکراوی، وەک هۆکاری ئەم هەڵە ترسناکانە ناوبردووە، هەربۆیە ڕێگەچارەیەکی ناکاریگەریشی پێشنیار کردووە. ناوبراو نووسیویەتی کە پێویستە لە کاتی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە، تێستی هەڵسەنگاندنی ڕەفتاریش بەڕێوە بچێت، یان بڕوانامەی دڵنیابوون لە تەندروستی دەروونی، بە شێوەیەکی جدی لەبەرچاو بگیرێت.
بەڵام واقیعییەت چییە؟ پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتەوە وێرانە و نووسەری ئارمانی میللی، بیر لە نەخشی ئەیوان دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامی بە بەکارهێنانی ژمارەیەک ئاخوندی خورافی و نەخوێندەوار، ژمارەیەک بەسیجی چالاک و سیخوڕ و هەروەها هەژار ڕاگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی شەرافەتمەند، هەوڵی داوە سیاسەتی خورافی، هەڵاواردن و دژە زانستیی خۆی لە قوتابخانەکان بەڕێوە ببات. بەرپرسانی ڕژێم بەم شێوەیە هەوڵیانداوە قوتابیان لەسەر بنەمای ڕەگەز، بەجۆرەی چاوەڕوانییەکانی ڕژێمی ئیسلامی پەروەردە بکەن. بە بۆچوونی ئاخوندە دەسەڵاتدار و لایەنگرەکانیان، قوتابییە کوڕەکان دەبێت گوێڕایەڵ و فەرمانبەردار و ئامادە بن بۆ مردن، یان بۆ سیخوڕی و سەرکوتکردنی نەیاران. کچانیش دەبێت ژنێکی ماڵداری داپۆشراو بن کە منداڵان بۆ سیستەمی سەرکوتگەر، پەروەردە بکەن.
لەماوەی٤٦ساڵیڕابردوودا،زاڵبوونبەسەربواریپەروەردەوفێرکردندا،بەردەوامیەکێکبووەلەئامانجەکانیڕژێمیکۆماریئیسلامی. بەرپرسانی حکوومەت، بۆ زاڵبوون بەسەر بواری فێرکردن و ڕێگریکردن لە شکستی ئایین لە بەرامبەر زانستدا، قوتابخانەکانیان کردووە بە مەکتەبی فێرکردنی خورافاتی ئایینی و درۆ و چەواشەکاری. لەم ناوەندانەدا لەبری ئەوەی یارمەتی منداڵان و نەوەی نوێ بدرێت بۆ ئەوەی خۆیان و جیهانی دەوروبەریان وەک ئەوەی کە هەیە بناسن، قوتابیان ناچار دەکرێن کە مێشکیان پڕبێت لە زانیاریی زیادی و ناپێویست و چەواشەکراو. لە قوتابخانەکانی ئێران، لەبری ئەوەی کە دوایین دەستکەوتە زانستییەکان لە بواری فێرکردندا بەکار بهێنرێت و قوتابیان لەو دوایین ئامار و زانیارییە کولتوریانەی کە ڕەوتی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناوە ئاگادار بن، بڕێکی زۆر خورافاتی ئایینی و چەواشەکارییان دەرخوارد دەدرێت.
بەهۆی ئەوەی کە خورافاتی ئیسلامی و چەواشەکارییەکان لەگەڵ بەرەنگاری قوتابیانی وشیار، مامۆستایانی خەباتکار و دایک و باوکانی هۆشیار، بەرەوڕوو بووەتەوە و شکستی هێناوە، ڕژێم هەوڵی داوە بە ئیسلامیترکردنی ناوەڕۆکی دەرسەکان و توندکردنەوەی سەرکوت، بە ئامانجەکانی خۆی بگات. ڕژێم لەم بوارەدا بە گۆڕینی ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان، ناردنی ئاخوند و پاسداری زیاتر بۆ قوتابخانەکان، بەسەربازگە کردنی ناوەندە پەروەردەییەکان و دروستکردنی جۆرەها بەربەستی ئەخلاقی، هەوڵی داوە لاوان ناچار بە ملکەچی و بێدەنگی و پاسیڤبوون بکات. بەڵام لاوانی ئێران لەناو زانکۆ و قوتابخانە و دەرەوەی ئەو ناوەندانەش، بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان، هەردەم یەکێک بوون لە سەنگەرەکانی خۆڕاگریی لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامیدا. مامۆستایانی خەباتکار بە پێکهێنانی ڕێکخراوی خەباتکارانە و سەرتاسەری و هەروەها قوتابیان و دایک و باوکەکانیان و کەسانی پێشڕەو و پێشکەوتنخواز، بە خەباتی بەردەوام، چالاکییە دژە مرۆییەکانی ڕژێمیان ڕاگرتووە یان بە تەواوی تووشی شکستیان کردووە. یەکێک لە درەوشاوەترین بوارەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، بریتی بووە لە حزوور و بەشداری چالاکانە و پڕ جۆشی قوتابیان لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی “شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی“دا. ئەم خەباتانە ئێستا بە شێوەی بیرلێکراوەتر هەروا بەردەوامن. پێشڕەوترین بەشی قوتابیان، مامۆستایان، دایکان و باوکان و دڵسۆزانی جەماوەر، گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەی کە تەنها بە هاتنەمەیدانی هێزی بەرینی قوتابیان، خوێندکاران و مامۆستایانی خەباتکار و هەروەها بە لێک هەڵپێکرانی خەبات و تێکۆشانی ئەوان لەگەڵ خەباتی کرێکاران، ژنانی خەباتکار و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگای ناڕازی، نەک هەر دەتوانرێت هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ زاڵبوون بەسەر فەزای پەروەردەدا پووچەڵ بکرێتەوە، بەڵکوو ڕێگاش بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگای ئێران لە چنگ کۆنەپەرستیی ئیسلامیی دەسەڵاتدار، خۆش دەکرێت.