سەرکوتی هەوسارپچڕاوانەی ڕێژیم، نیشانەی ترس لە ڕووخان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

سەرکوتی هەوسارپچڕاوانەی ڕێژیم، نیشانەی ترس لە ڕووخان

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خولێکی نوێی بەدواداچوون و دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و بەڕێوەبردنی سزای ئێعدامی لە سەرانسەری ئێران دەستپێکردووە. کوردستان، خوزستان و بەلوچستان، ئەم سێگۆشە لەخوێن گەوزاوە، لە ناوەندی ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەدان. ڕێژیم هاووڵاتیانی ئەم ناوچانەی کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خاوی خۆی وەک سیاسەتێکی پێشگیرانە، مەترسی ئەگەری ئاخێزە جەماوەرییەکان، لەخۆی دوور بخاتەوە. مانۆڕی هێزەکانی بەسیج کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە تاران بەڕێوە بچێت، لە درێژەی ئەم هەوڵانەدایە و نیشانەی ترس و سەرلێشێواوی ڕێژیمە لە بەرامبەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەردا.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی عەرەب لە خوزستان دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار. زۆربەی ئەو دەستبەسەرکراوانە بریتین لە چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی، ژینگەیی، میدیایی و شاعیران. هێزە سەرکوتگەرەکان جگە لە سوکایەتی و بێڕێزیکردن و ئەزییەت و ئازار، دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلی تایبەتی وەک مۆبایل و کۆمپیوتەری ئەو کەسانەشدا گرتووە. تا ئێوارەی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەلایەن بارەگای ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراون، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە و کەوتوونەتە بەر هەڕەشە و گوڕەشەی ئەو ناوەندە سەرکوتگەرانە. هەر لەو ڕۆژەدا، تەنیا لە شاری ئەهواز و گەڕەکەکانی دەوروبەری، ١٥ کەسی دیکەیان بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەستبەسەر و زیندانی کردووە. کەشوهەوای سەرکوت لە کوردستانیش بەچڕی هەروا بەردەوامە. لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ٧٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیمای خەباتکار و ناسراو لە کوردستان دەستبەسەر کراون. زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان بریتین لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ژنان، چالاکانی ژینگەپارێز، یان بنەماڵەی دادخوازان. دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنەکان هەروا بەردەوامە و پێدەچێت ژمارەی دەستگیرکردنەکان لەوەش بەرزتر ببێتەوە. پەلامار و دەستبەسەرکردنەکان لە کرماشان، ئیلام و سەرپۆلی زەهاو، هاوکات بووە لەگەڵ شکاندنی دەرگا و پەنجەرە و توندوتیژی و بە تاڵانبردنی کەلوپەلی تایبەتی کەسەکان. زۆربەی دەستگیرکراوەکان لەگەڵ تۆمەتی بێبنەما و پەروەندەسازی بەرەوڕوو بوونەتەوە. هەندێکیان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە و ئەزییەت و ئازار دراون و لە دەرمان و ئیمکاناتی پزیشکی بێبەش کراون.

بەلوچستانیش لەم شەپۆلی سەرکوتگەرییە بێبەری نەبووە. بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، دوابەدوای هێرش و پەلاماری هێزە نیزامییەکان بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و ژمارە تایبەت بۆسەر چەند ناوچەیەکی شاری نوسرەت ئابادی سەر بە شارستانی زاهیدان، لانیکەم ٣٨ کەس و لەوانە چەندین ژن، دەستبەسەرکران و گواسترانەوە بۆ گرتووخانەی زاهیدان. دەستبەسەرکردنەکان هاوکات بووە لەگەڵ توندوتیژی و ئەزییەت و ئازاری دڕندانە و دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان تووشی ترس و خۆف و دڵەڕاوکێی کردووە. شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان و گوشار بۆ سەر چالاکانی پیشەیی و مەدەنی، تەنیا لە سێگۆشەی لەخوێن گەوزاوی کوردستان، بەلوچستان و خوزستاندا بەرتەسک نەبووەتەوە. بانگهێشتکردن و دەرکردنی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت. سزای لەڕادەبەدەر قورس لەدژی چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی خوزستان، بڕینی پلەبەندی ١٠١ هەزار مامۆستا و لێدانی پێبەند لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان، هەمووی ئەمانە نیشانەی شەپۆلێکی سەرکوتی بەردەوام و ڕێکخراوە کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانەوە بەرامبەر بە هەڵسوڕاوانی پیشەیی مامۆستایان کەوتووەتەڕێ. هاوکات لەگەڵ ئەم سەرکوتکردنە بەربڵاوانەدا، بێدادگاکانی دەسەڵاتی ئیسلامی، چەندین حوکمی نامرۆڤانەی ئێعدامیان بۆ ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی دەرکردووە. تا ئێستا لانیکەم ٥٤ زیندانی سیاسی و ئەقیدەتی، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. پارێزەری پەخشان عەزیزی هەواڵی پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی لەلایەن دادگای باڵاوە ڕاگەیاند و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەم حوکمە نامرۆڤانەیە دەربڕی. هاوکات حوکمی ئێعدامی دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی بێهرووز ئێحسانی و مێهدی حەسەنیش لە لایەن دادگای باڵاوە پشتڕاست کراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی دا ٩٠١ کەسی بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لە سێدارە داوە. لە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە پەرەسەندنی سزای جینایەتکارانەی لەسێدارەدان، زیندانیانی ٢٥ زیندان لە سەرانسەری وڵات، پەنجایەمین هەفتەی کەمپەینی “سێ شەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”یان بەڕێوە بردووە، کە پاڵپشتی گەرمی زۆرێک لە ئێرانییە ئازادیخوازەکانی شارە جۆربەجۆرەکانی ئورووپایان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە. لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە هەر بوارێکەوە لەگەڵ بنبەستی سیاسیی بەرەوڕوو بووەتەوە، توندتر کردنەوەی ئەم ڕێوشوێنانە، بەشێکن لەو هەوڵە بەربڵاوە سەرکوتگەرانەی کە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەرنامەڕێژی کراوە. دەسەڵاتێکی کە لەناو زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگادا هیچ شەرعیەتێکی نییە، دەسەڵاتێکی کە ژیانی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان کردووە بە دۆزەخ و دەیان ملیۆن کەسی بە چەندین قات خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، دەسەڵاتێکی کە هیچ پلانێکی بۆ داهاتووی ملیۆنان گەنجی بێکار و خوێندەواری زانکۆ نییە، دەسەڵاتێکی کە سیستەمێکی نامرۆڤانەی ئاپارتایدی جێندەری بەسەر نیوەی کۆمەڵگا واتە ژناندا سەپاندووە و بەردەوام بەپێی یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانە، سووکایەتییان پێدەکات و ئەزیەت و ئازاریان دەدات، دەسەڵاتێکی کە سیستەمێکی چەوساندنەوەی پەراوێزنشینانی لەلایەن ناوەندەوە دامەزراندووە و نەتەوە ستەملێکراوەکانی نەک هەر لە ڕووی فەرهەنگی و زمانەوە لەگەڵ بێ مافی و هەڵاواردن بەرەوڕوو کردووەتەوە، بەڵکوو بەردەوام کرێکارانی کۆڵبەر و سوختبەری ئەو ناوچە ستەملێکراوانە کە بەدوای پەیداکردنی پارووە نانێک بۆسەر سفرەی هەژارانەی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا هەڵوەدان، دەکەونە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە بەکرێگیراوەکان و گیانیان لێ دەسێندرێت، دەسەڵاتێکی کە بە میلیتاریزەکردن و بێ پلانی و ڕانتخۆری و گەندەڵی، ژینگەی وێرانکردووە، دەسەڵاتێکی کە تەنانەت توانای دابینکردنی گاز و کارەبای پێویستی هاوڵاتیانیشی نییە و دەیان ملیارد دۆلاری لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و بەرهەمی ڕەنج و  چەوسانەوەی ئەم خەڵکەی، لە پێناو ئامانجە کۆنەپەرستانە ناوچەییەکانی و هەروەها دەستەبەرکردنی قووڵایی ستراتژیک بە مەبەستی مانەوەی خۆی بەفیڕۆداوە، بە دەستی خۆی پێویستییەکانی لەناوچوونی خۆی فەراهەم کردووە. خودی بەرپرسانی ڕێژیم باس لە ئەگەری تەقینەوەی ڕق و توڕەییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و چڕکردنەوەی سەرکوتەکانیش، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو نەفرەت و بێزارییە گشتییەیە. بەڵام ئەمڕۆ ئیتر جەماوەری خەباتکاری ئێران دیواری سیاسەتی ترس و تۆقاندنی ڕێژیمیان تێکشکاندووە و بێسەمەربوونی ئەم هەوڵانە لە حزووری بوێرانەی ژنانی ئازادپۆش لەسەر شەقامەکان، لە خەباتی بێ پسانەوەی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، بنەماڵەی دادخوازان و مافخوازیی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت.

بەردەوامیی شەپۆلی بەربڵاوی سەرکوتەکان، چ لە ڕێگەی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، چ لە ڕێگەی گرتن و دەرکردن و بانگهێشتکردنە بەربڵاوەکان و چ بە بەڕێوەبردنی مانۆڕی هێزەکانی بەسیج، بە ڕوونی دەریدەخات کە سیاسەتی سەرکوتی ڕژیم نەک هەر جەماوەری خەڵکی چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەسەڵات، ترسی ئەگەری سەرهەڵدانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لەدڵ نیشتووە. ئامانجی ڕێژیم لە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە، بریتییە لە بێسەرکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگریکردن لە خۆڕێکخستن و لێکنزیکبوونەوەی هەرچی زیاتری نێوان ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی سەر بە چین و توێژە جۆراوجۆرەکان. بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم شەپۆلی سەرکوتکردنە توندوتیژ و بێبەزەییانە، هیچ ڕێگەیەکی تر بوونی نییە جگە لە خۆڕێکخستنی بەرنڵاوتر، پلان و بەرنامەی وردبینانەتر بۆ پاراستنی هەڵسووڕاوانی پیشەیی لە ڕێگەی ڕێکخستنی جەماوەریی بەرینتر، جەختکردنەوە لەسەر نافەرمانی مەدەنی بەربڵاوتر و کۆکردنەوەی

هێزی زیاتر بۆ بەشداریکردن لە خۆڕاگریی مەدەنیدا.

ئێمە، ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە سەرجەم حیزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان دەکەین کە لە بەرامبەر دەرکردنی سزای کۆنەپەرستانەی ئێعدام بۆ هەڵسووڕاوانی سیاسیی، لەوانە پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، بێهروز ئێحسانی، مێهدی حەسەنی، موجاهد کورکور، عەباس دریس، مێهراب عەبدوڵڵازادە و زیندانیانی تری مەحکووم بە ئێعدام، بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن لە دژی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی و جێبەجێکردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، خۆڕاگریی بکەن. هەروەها ویستی ئازادی تەواوی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی، بکەن بە ویست و داواکارییەکی گشتی. ئەوەی لە کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە، تەنیا بریتییە لە دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەی، کە ئەوەش بە خەبات و بەرخۆدانی جەماوەریی و ڕێکخراو، پووچەڵ دەکرێتەە. ئێمە هەروەها داوا لە هەموو حیزبەکان، ڕێکخراوەکان و ناوەند و کەسایەتی و هێزە پێشکەوتنخوازەکان دەکەین بە هەر شێوەیەک کە دتوانن لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، کۆتایی هێنان بە گرتن و لێپێچینەوە و گوشار بۆ سەر هەڵسووڕاوان و بنەماڵەکانیاندا تێبکۆشن. ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کەمپەینی سەرانسەری لە هەموو وڵاتانی جیهان لە پێناو ڕزگارکردنی گیانی پەخشان عەزیزی، وریشه مورادی، بێهروز ئێحسانی، مێهدی حەسەنی، موجاهد کورکور و باقی زیندانیانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە. بە تایبەت ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسیی تێکۆشاون، ئێستا دەتوانن بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر و بە ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دژ بە سزای لەسێدارەدان، نەهێڵن ڕێژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامی، ئەو تێکۆشەرانەی کە گیانی خۆیان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و دێموکراسی و سۆسیالیزمدا، خستووەتە مەترسییەوە، لەسێدارە بدات.

 

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

هەینی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٣ / ١٠ی ژانويەی ۲۰۲۵

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net