ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٢ی خاكه‌لێوه، هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی و موختار گه‌ڕه‌كه‌كانی باكووری كوردستان و توركیا ده‌ستی پێكرد و له هه‌ندێك ناوچه‌ی باكووری كوردستان گرژی و ئاڵۆزی له نێوان لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغان و ئۆپۆزسیۆن درووست بوو.
به‌پێی ڕاپۆرتی میدیاكانی توركیا، له یه‌كێك له لقه‌كانی ده‌نگدانی پارێزگای دیاربه‌كر، شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغان و ئۆپۆزسیۆن ساز بووه و به‌وهۆیه‌وه دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه و ١٢ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. هه‌روه‌ها له شاری ڕۆحا، لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغان هێرشیان كرده سه‌ر “عومه‌ر ئوجا‌لان” نوێنه‌ری حیزبی به‌رابه‌ری و دیمۆكراسی بۆ توركیا و ناوبراویان بریندار كرد. به‌وته‌ی چالاكانی مه‌ده‌نی باكووری كوردستان، حیزبی ئاك پارتی خه‌ریكه به پاره ده‌نگ كۆ ده‌كاته‌وه و به ئۆتوبووس لایه‌نگره‌كانی خۆی له شاره‌كانی دیكه‌وه بۆ باكووری كوردستان ده‌گوازێته‌وه.