ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی، بە شێواندن و چەواشە کردنی ڕاستییەکان لە بەرژەوەندی ئەجێندای خۆیاندا، دەستیان کردووە بە پاساو کردنی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەشار ئەسەد لە سووریا. ئەوان نووسیویانە کە دوور کەوتنەوەی ئەسەد لە سیاسەتی دژە ڕۆژئاوایی و خۆڕاگرانەی خامنەیی و نەرمی نواندن و لێبوردەیی بەرامبەر بە ڕۆژئاوا، بووە هۆی ڕووخانی. ئەوان هاوکات ئاماژەیان بە سیاسەتی نەرمی نواندن و لێبوردەیی ڕیفۆرمخوازان و کابینەی پزیشکیانیش بەرامبەر بە ڕۆژئاوا کردووە و نووسیویانە کە ئاکامی ئەو سیاسەتەش دەکرێت کارەساتبار بێت. ڕیفۆرمخوازانیش لە بەرامبەردا، بێتوانایی دام و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمیان لە ناوچەکە و نێوخۆی سووریا، بە هۆکاری بێتوانایی کۆماری ئیسلامی لە ناسینی ئۆپۆزسیۆن و یارمەتیدانی ڕژێمی بەعس، ناو بردووە. پێناچێت کە ئەم پاساوکردنە چەواشەکارانەیە ڕێنمای بڕیاردەرانی سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕێژیم بێت. ئەوان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی لە مەترسیدایە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەپێی وەهمەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و لێکدانەوەی ئەوان، هیچ مەترسییەک لەلایەن ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکاوە، لەسەر ڕژیم نییە. نابێ بڕوا بە تەبلیغات و پڕوپاگەندەی بەرەی پایەداری و هێزەکانیان لە بەیتی ڕێبەریی و سپا، سەبارەت بە گەورە کردنەوەی پرسی دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا بکرێت. بەڵکوو بە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی دۆخەکە دەتوانین بگەینە ئەو ئاکامەی کە بە ڕۆیشتنی دیکتاتۆری بەعس لە سووریا، پێویستییان بە ستەم و سەرەڕۆیی هار و ڕێکخراو و بێبەزەییانەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە دژی جەماوەری ناڕازی، زیاتر بووە. چونکە سیاسیی بوونی هەرچی زیاتری بزووتنەوەکان و ڕێکخراوتر بوونی کرێکاران، ژنان، دادخوازان، خانەنشینەکان، خەبات لە دژی سزای لەسێدارەدان و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ئێران، ئەو مەترسییەیە کە ناچاریان دەکات سیاسەتی گوشار و لێبوردەیی بەمەبەستی ڕامکردنی ڕێژیم لەسەر بەستێنی پشتگیریکردن لێی بگرنەبەر. ئەوان هەروەها بەهۆی ئەو شکستانەی کە بازنەی بەرتەسکی دەسەڵاتیان بە توندی لاواز کردووە، هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ گۆڕین و جێگرەوەی، بە شێنەیی و لە سەرەوە. ئەم هەوڵانە هەم لە لایەن بۆرژوازی ناوخۆوە بە نوێنەرایەتی ڕیفۆرمخوازان و هەم لە لایەن ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاواوە، زیاتر دەبن.
لاوازتربوونی تەواوەتی ڕژیم لە کۆمەڵگاشدا بەڕوونی بەرچاودەکەوێت. بۆ نموونه ئەم لاوازبوونە لە خەبات و خۆڕاگری و تێکۆشانی ژنانی ئازادپۆشدا بە ئاشکرا دەبینرێت. ئەم ژنە ئازادیخواز و بوێرانە، سیاسەتی سەپاندنی حیجابی ناچارییان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردووەتەوە و لەم بوارەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. بزووتنهوهکانی کرێکاران، خانەنشینان، نەیارانی سزای لەسێدارەدان و دادخوازانیش، بە بردنەسەرەوەی داواکاریی و ڕادیکاڵکردنی هەڵوێست و خۆڕاگرییەکان و فراوانکردنی هەوڵەکانیان، لاوازیی بازنەی بەرتەسکی ئەو دەسەڵاتە و بێکاریگەر بوونی ئامرازەکانی سەرکوتیان بە ئاشکرا نیشانداوە. بارودۆخی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی و خەبات و ناڕەزایەتی و ویست و داخوازیی ئێجگار زۆری جەماوەری خەڵکیش، قەیرانی سیاسیی ئەو ڕێژیمەیان هێندە پەرەپێداوە کە دەتوانێت قەیرانێکی شۆڕشگێڕانەی لێبکەوێتەوە. ئەڵبەتە درەنگ یان زوو، ئەوە ڕوودەدات. لەم دۆخەدا وەبیرهێنانەوەی ئەرکی هێزە شۆڕشگێڕەکان و ڕێبەرانی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان و خێراترکردنیان، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە. پێویستە لەم ڕۆژانەدا شکستی سیاسەتە ناوچەییەکانی ڕێژیم و بەفیڕۆدانی سەدان ملیارد دۆلار لە دارایی خەڵک، هەرچی زیاتر لەقاو بدرێت. کۆماری ئیسلامی دۆڕاوی سەرەکی پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکەیە. هاوکات پێویستە هەڵسووڕاوانی سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ناکۆکییەکانی ناو بازنەی دەسەڵات و هەوڵەکان بۆ گۆڕانکاری لە سەرەوە بە وردی لەبەرچاو بگرن و لێیان بکۆڵنەوە. چونکە کەلێن و ناکۆکی ناو ڕیزەکانی دوژمن و ململانێکانیان، دەتوانێت دەرفەتەکانی خەبات و تێکۆشان لە خوارەوە باشتر بکات.
پێویستە بەردەوام قەیرانە پێکهاتەییەکانی سیستەمی سەرمایەداری و سیاسەتە شکستخواردووەکانی ئیمپریالیستەکانی ناوچەکە، وەبیر هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ژنانی بوێر و شۆڕشگێڕ و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکانی دیکە، بهێنرێتەوە. ئەوان نابێ دەستێوەردانی کارەساتبارانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و زلهێزەکانی تر لە ئەفغانستان و عێراق و لیبی و وڵاتەکانی دیکە فەرامۆش بکەن. هەر چەشنە ئومێدێک بە دەستێوەردانی ئەوان بۆ گۆڕینی ڕێژیم، گەلێک زیانبارە. پێویستە ئەوە وەبیر بهێنرێتەوە کە خەڵک توانایی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی و خۆبەڕێوەبەرییان هەیە لە ڕێگەی شۆڕاکانەوە. پێویستە بە ڕێگا خۆشکردن بۆ خەڵک، پرسی بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان خێراتر بکەین. بەخشینی متمانە بەخۆبوون بە جەماوەری خەڵک، لە ڕێگەی هاندانی ئەو بزووتنەوە داواکاری تەوەرە بەربڵاو و ڕوو لە گەشانەوە تێدەپەڕێت کە بەشێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام لە کۆمەڵگادا بوونیان هەیە. پێویستە ئەم بزووتنەوانە، ڕاستگۆیانە و بەدوور لە بەرژەوەندی بەرتەسکی هیچ تاقم و گرووپێک، بەهێز بکرێن. کۆبەندی دەستکەوتەکانی ئەو بزوتنەوانە و تیشک خستنە سەریان، بۆ ئەم مەبەستە گەلێک یارمەتیدەر دەبێت.
هەر ئێستا گەلێک هەوڵی بەرچاو و ئاشکرا لەناو بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان بوونی هەیە بەمەبەستی خۆڕێکخستن و پێوەندی نێوان ڕێبەرە پراکتیکییەکان. پێویستە کارێک بکەین کە کێشە و گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانە نەک هەر ئەم هەوڵانە لاواز نەکەن، بەڵکوو مەودایان زیاتر بکەین و پەرەیان پێبدەین. بەهێزکردنی ئەو مەیلە چەپ و سۆسیالیستەی کە بوو بە هەوێنی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” یەکێکە لە پێویستییە بەپەلە و هەنووکەییەکان. هەڵسووڕاوانی چەپ و سۆسیالیست، شۆڕشگێڕێکی فیداکارن، بەڵام تەنیا فیداکاربوون بەس نییە. هەبوونی ڕێکخراو و ناسین و زانیاری تەواو لەسەر دوژمنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و هەروەها خەباتی بەردەوام بۆ تێکشکاندنیان و بوونی سیاسەت و ڕێبازێکی دروستیش پێویستە. دەبێ ئەزموون و هۆکارەکانی شکستی شۆڕشی ٥٧ لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە. نابێ ئەوە لە بیر بکرێت کە وەهم و خۆشباوەڕی بەرامبەر بە ئیسلام و ڕێبەرانی درۆزن و جینایەتکاری ئیسلامی، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە شکستی شۆڕشی ٥٧ و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. هەر ئێستا ئاسەواری ئەم وەهم و خۆشباوەڕییە لە سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە سووریا، بەرچاو دەکەوێت. ئەڵبەتە ئەم مەترسییە لە کۆمەڵگای ئێراندا تاڕادەیەکی زۆر کەم بووەتەوە، هەرچەندە مەترسی ئەوە هەیە کە جەماوەری خەڵک، بەهۆی لاوازییانەوە، بە تێکەڵەیەک لە ئیسلامی میانڕەو و لیبرالیزمی ڕۆژهەڵاتی، ڕازی ببن، بەڵام بە بەهێزکردنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان و خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا، دەتوانرێت بەر بەم مەترسییە بگیرێت.