شۆڕشگێڕان بەرەو ڕێکخستنی سەرتاسەری هەنگاو دەنێن

 دوێنێ یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، بیرهێنەرەوەی سەرکوتی دڕندانەی جەماوەری ناڕازی بوو بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨ لە لایەن مەئمووران و بە فەرمانی بەرپرسانی ڕێژیم. سپای پاسداران بەم بۆنەیەوە بەیاننامەیەکی هەڕەشە ئامێزی ڕوو لە زۆربەی هەرەزۆری جەماوەری تووڕە و وەگیانهاتوو بڵاو کردەوە. ئەم هەڕەشانە نیشانی دا کە بەرپرسانی ڕێژیم تاچەند لەوە دەترسن کە لافاوی ڕق و بێزاری پەنگخواردووی جەماوەر تەخت و بەختیان ڕابماڵێت. جگە لە هەڕەشەکانی سپای پاسداران، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو، بەبۆنەی یادکردنەوەی وەحشیگەری بێ وێنەی مەئموورانی ڕێژیم، کۆمەڵێک ڕێوڕەسم لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوە چوو، بۆ ئەوەی بەشێوازی جۆراوجۆر جەماوەری ناڕازی چاوترسێن بکەن. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ڕێوڕەسمە سواو و فاناتیکە دەوڵەتیانەش گەلێک لاواز و ناسەرکەوتوو تر لە ڕابردوو بوون. ئێستا ئیتر لەمێژە خەڵک وەک جاران لە هەڕەشە و گوڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی و هێزە سەرکوتگەرەکانی ناترسن. ئەو ڕاستییەی کە ئێستا بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات لە هەموو کاتێک لاوازترە، گەلێک بەرچاو و حاشاهەڵنەگرە. ژنانی ئازادیخواز، بە خەباتی بوێرانە و بەردەوامی خۆیان، یاسای حیجابی زۆرەملێیان لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو کردووەتەوە، خەباتی کرێکاران و خانەنشینان، بەردەوام ڕوو لە پەرەسەندنە.

ڕۆژی ڕابردوو ٩ی بەفرانبار، بازاڕیان و کاسبکارانی بازاڕی گەورەی تاران، بە داخستنی دوکان و ناوەندە بازرگانییەکان و کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە ناجێگیری بەهای دۆلار و تێپەڕبوونی نرخەکەی لە ٨١ هەزار تمەن، دەربڕی. جەماوەرێکی زۆر لە ناڕازیان لە باغی سپەسالار کۆبوونەوە و سەرەڕای حزووری هێزەکانی پۆلیس، بڕیارنامەیەکیان خوێندەوە. بازاڕیان لەم بڕیارنامەیەدا بەرامبەر بە پرسگەلێکی جۆراوجۆر، لەوانە گرانیی کەرەستەی خاو، دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی میللی، کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک، کەسادی و بێ ڕمێنی بازاڕ، نەبوونی کەرەستەی خاو بۆ بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان و هتد، ناڕەزایەتییان دەربڕی و دروشمیان دا. بە پێی ڕاپۆرتەکان، کرێکارانی خەباتکار و زەحمەتکێشانی ناڕازی، ژنان و ئازادیخوازان بە گشتی، زیاتر لە جاران بەرەو خەباتی وشیارانە و ڕێکخراو هەنگاو دەنێن. بەڵام ئەوان بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو، بەبێ ئامادەکارییەکی تەواو، لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکان بەرەوڕوو نابنەوە. جگە لە تاقمێک فەرماندەی ڕانتخۆر و گەندەڵ، باقی هێزەکان لە بەشێک لە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگادا هاوبەشن. هەروەها شکستی بەتەواوەتی سیاسەتی پڕ هەزینەی مرۆیی و دارایی ڕێکخستنی بەناو مێحوەری خۆڕاگریی لە ناوچەکە، ئابووری ڕوو لە داڕمان و چارهەڵنەگر، سەرلێشێواوی و شپرزەیی کاربەدەستان، قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە سەرەوە، کاریگەریی خەبات و ناڕەزایەتی مافخوازانە و زۆر قەیرانی قووڵ و چارهەڵنەگری دیکە، ناوەندی دەسەڵاتی گەلێک لاواز کردووە. کۆمەڵانی خەڵکی وشیار و شۆڕشگێڕ و خوازیاری ڕووخانی ڕژێم، کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن، ئەو ڕاستییە باش دەناسن.

ملیۆنان نەیاری نیزامی سەرمایەداری ئیسلامی، دەیان ساڵە لە دژی دەسەڵاتدارن، چەوسێنەران، ڕانتخۆران، گەندەڵکاران و تاڵانچیانی سەروەت و سامانی خەڵک، خەبات دەکەن. ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە سێ دەرئەنجامیان هەبوو کە بریتین لە: ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا. ناڕازییان بەهۆی نەبوونی ئامادەکاریی ڕێکخراوەیی و بەدەستهێنانی هەندێک دەستکەوت و ئەزموون و هەروەها تەحەمولی زیانی گیانی بەرچاو، پاشەکشەیان کردووە. ئامانج لەم پاشەکشانە بریتی بووە لە کۆکردنەوەی سەرلەنوێی هێز و بە تایبەتی خۆڕێکخستنەوە. هەوڵدان بۆ خۆڕێکخستن کۆمەڵێک بەرهەمی هەبووە. بۆ نموونە هەڵسووڕاوان یەکتریان ناسیوە و لە یەکتر نزیک بوونەتەوە. بەڵام ئەوان هەر کە سەرەتاکانی ڕێکخراوێکیان پێکهێنابێت، مەئموورانی سەرکوت بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە هەوڵیانداوە لێیان تێک بدەن. ئێستا بە لاوازبوونی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات، ئیمکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سەرکوت زیاتر بووە. هاوکات پێویستی ڕێکخراوبوونی ژنان و پیاوانی کرێکار، شۆڕشگێڕ و ئارمانخواز لە ڕێکخراوە سیاسییە سەرتاسەرییەکان شانبەشانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، گرنگییەکی زیاتری پێدەدرێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net