ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا قورس و قایم هەنگاو بەهەنگاو بەرەوپێش دەچێت. سیمای شارەکانی وڵات لە ئەنجامی نافەرمانییەکی مەدەنی جێگەی ستایش و جەماوەریی ژنان و لاوانی وڵات، بە تەواوی گۆڕدراوە. ئەو زولفە جوان و پەرێشانانەی کە بە دەم باوە دەشەکێنەوە، تەنیا تایبەت بە شەقامەکانی باکووری تاران نییە، بەڵکوو لە شەقامەکانی باشووری پایتەخت و شارە گەورە و بچووکەکانیشدا، ژنان و لاوان شادەماری ژیانی شاریان بەدەستگرتووە. لە بەرامبەر ئەم پێشڕەوییە درەوشاوەیەی بزووتنەوەی جەماوەریدا، حکوومەتی فاشیستی ئایینی، بە پلان و پڕۆژەی بە یاساییکردنی حیجاب و جەریمەی قورس و لەڕادەبەدەر، بە ئاشکرا شەڕی لەدژی ئەم بزووتنەوە بەهێزە ڕاگەیاندووە و بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران، چالاکانی بواری مافی ژنان و نەتەوەکان، ژینگە پارێزان و داکۆکیکارانی مافی منداڵان و بنەماڵە سەربەرزەکانی گیانبەختکردووان، هەوڵ دەدەن بەر بە بەرەوپێشچوونی ئەم بزووتنەوە بەهێز و مەدەنییە بگرن. زاڵکردنی حکوومەت نیزامییەکی بەتەواو مانا لە هەموو ئەو شار و ناوچانەی کە ئەگەری هەر چەشنە جموجۆڵ و سەرهەڵدانێکی ناڕەزایەتی جەماوەریی تێدا بەدیدەکرا لە ساڵڕۆژی قەتڵی جینایەتکارانەی ژینا و زاڵکردنی حکوومەت نیزامی لە زاهیدان لەسەروبەندی ساڵڕۆژی “هەینی خوێناوی زاهیدان“، بەیانگەری ترسی ڕژیم لە بوونی خۆی و دانپێدانانێکی ڕوونە بە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە. بەڵام سەرەڕای بوونی حکوومەت نیزامی لە بەلوچستان، ڕێپێوان و ناڕەزایەتی بەربڵاو لە زاهیدان و خاش، نیشانیدا کە خەڵکی ئەو ناوچەیەش هیچ باکیان لە حکوومەت نیزامی ڕژیم نەبووە. سەرەڕای هەمووی ئەمانەش ئهزموونهكانی یهک ساڵی ڕابردوو، جگه له دهستكهوته درەوشاوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، کەموکوڕی و خاڵه لاوازەکانی ئهم بزووتنهوه شۆڕشگێڕانهیەش دەردەخات. چاوخشاندنێک بەم بابەتانەدا دەتوانێت لەپێناو بەرەوپێشچوونی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە و بەردەوامبوونی شێلگیرانەیدا، بەسوود بێت.
یەکەم – شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” شۆڕشێکی فرەڕەهەند و خاوەن هێز و داواکاری فرەچەشنە. ئەمە شۆڕشێکە کە هەنگاو بەهەنگاو بەرەوپێشەوە دەچێت. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە خاوەنی ڕێبەرییەکی یەکدەست و یەکگرتوو نییە. دیارە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشە فەرهەنگییەی کە لە کۆمەڵگادا پێکهاتووە، ببێت بە شۆڕشێکی خاوەن بنچینەی کۆمەڵایەتی و هەمەلایەنە و تەنانەت بۆ گۆڕینی پێکهاتەی سیاسی دەسەڵات، پێویستی بێ ئەملاو و ئەولای بە ڕێبەرییەکی یەکدەست و یەکگرتوو هەیە بەمەبەستی هەماهەنگکردن و ڕێکخستنی هەرچی زیاتری کار و تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە. لە شەپۆلی یەکەمی شۆڕشەکەدا، زۆرێک لە هێزەکانی دەرەوەی وڵات یان هێز و ڕەوتەکانی سەر بە زلهێزە دەرەکییەکان، هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی ڕێبەرییەکی یەکدەست لە دەرەوەی وڵات درووست بکەن. لەم پێناوەدا زۆرێک لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانیش بە پاڵپشتی هێزە دەرەکییەکان لەهیچ یارمەتییەک درێغیان نەکرد. بەڵام بەرەوپێشچوونی هەنگاو بەهەنگاو و ڕوو لە قووڵبوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەی کە هەڵگری کۆمەڵێک داخوازیی ڕوون و ئاشکرای فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و چینایەتییە، ئەم ئەڵتەرناتیڤە بێ بنەما و دوور لە واقیعییەتەکانی ڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێرانی، زۆر زوو ڕسوا و لە مەیدان بەدەرکرد. ئێستا ئیتر زۆر ڕوونە کە هێز و لایەنەکانی دەرەوەی وڵات ناتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆی وڵاتدا بگێڕن. ئەگەر ئەوان بتوانن ڕۆڵی بەرەی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ناوخۆ بەباشی ببینن، ئەوا ئەرکی کاریگەر و پۆزەتیڤی خۆیان بە درووستی بەڕێوە بردووە. ئێستا ئیتر هەموو پێشهاتە شۆڕشگێڕانەکانی وڵات، پێویستی شکڵگرتنی ڕێبەرییەک لە ناو جەرگەی هێزە چالاکەکانی ناوخۆی وڵاتدا بە ڕوونی نیشان دەدەن. ئەمە خاڵێکی لاوازە کە تەنیا هێز و ڕێکخراوەکانی ناوخۆی وڵات دەتوانن چارەسەری بکەن. کە خۆشبەختانە هەوڵی خۆڕێکخستن و بەڕێکخراوبوون لەناو هێزە چالاکەکانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەدا ڕۆژ بەڕۆژ خەریکە بەهێزتر و بەربڵاوتر دەبێت. بەڵام هێشتا مەودایەکی زۆرمان ماوە بۆ گەیشتن بە پێکهاتنی ناوەندێکی ڕێبەریی و هەماهەنگکردنی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە.
دووهەم: بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیک و کۆنەپەپارێز بەرەوڕوە کە بە بەکارهێنانی سەرکوتێکی فاشیستی، هەوڵ دەدات بەر بە بەرەوپێشچوونی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە بگرێت و ڕێگری بکات لە خۆ ڕێکخستن و پێکهاتنی ڕێبەرییەکی یەکدەست و ڕێنوێنیکار. دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هەڵسووڕاوانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، خوێندکاریی، هونەری، ئەدەبی، فەرهەنگی و ڕۆژنامەنووسان لەسەروبەندی ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و دواتریش، هەروەها زەخت و گوشاری زۆر بۆسەر زیندانیانی سیاسی و پەرەسەندنی سەرکوتی بنەماڵەی دادخوازان، هەمووی ئەمانە نیشانەی ترسی ڕژیم و بەکارهێنانی شێوازەکانی توندوتیژی و سەرکوتکردنن. لەمڕووەوە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک پێویستە ڕێوشوێن و تاکتیک گەلێکی ئەوتۆ بەکار بێنێت کە بتوانێت ئەو هەوڵ و ڕێوشوێنە سەرکوتگەرانەیە پووچەڵ بکاتەوە. نافەرمانی مەدەنی، نەرمی نواندن لە تاکتیکی خەباتکارانە و بەئامانجگرتنی پێشڕەوی زیاتر و زیانی کەمتر، دەتوانێت ئیمکانی سەرکوتی فاشیستی ڕژیم تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکاتەوە. خەباتێکی مەدەنی و درێژخایەنی کە بتوانێت هێزەکانی دوژمن زەمینگیر بکات و توانایی مانۆڕدانیان سنووردارتر بکات، سەرەکیترین میحوەری تاکتیکییە و هۆکارێکە بۆ ئەوەی ڕژیم لەناوخۆدا تووشی لێکترازان بکات و سەرەنجام بەرەو داڕمان و لەناوچوونی ببات.
سێهەم: هەوڵ و ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم و وەڕێخستنی شەڕێکی فەرهەنگی لەگەڵ چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەتی لە دژی ژنان وەک نیوەی دانیشتوانی وڵات، بووەتە هۆی شکڵگرتنی بزووتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی لە دژی دەسەڵات. پڕۆژە یاسای حیجاب و بڕگە لە ڕادەبەدەر تووند و تیژەکانی، لەوانە جەریمەکردنی قورس، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خەڵک، بێبەشکردن لە کار و خوێندن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان، ڕاگەیاندنی شەڕێکی ئاشکرای دەسەڵاتی داعشییە لە دژی بزووتنەوەی بەربڵاوی نافەرمانی مەدەنی ژنان لە سەرانسەری وڵاتدا. ڕووبەڕووبوونەوە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی ئایینی، بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگای بە ڕادەیەک تووڕە و بێزار کردووە کە پتانسێلی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی جەماوەری ئێجگار بەهێزکردووە. بەڵام ڕێک لە بارودۆخێکدا کە چین و توێژە مامناوەندەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان و لاوان شۆڕشێکی بەتەواومانایان لە دژی دەسەڵات دەستپێکردووە، خەبات و ناڕەزایەتییە ئابووری و چینایەتییەکان زۆر بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت. قەیرانی ئابووری لەڕادەبەدەر، ترس لە بێکاربوون، گوشارەکانی سەرچاوەگرتوو لە خەمی نان و بژێوی ژیان، وایکردووە کە ئەم خەباتانە زۆر بە پارێزەوە هەنگاو بنێن. ئێستا زۆرێک لە بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی لە زۆر حاڵەتدا، لە ترسی داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، لە ترسی بێکاربوون و لە ترسی لەدەستدانی ئەم سەرچاوە کەمەی بژێوی ژیانیان، ناچارن بە وریایی و بە پارێزەوە هەنگاو هەڵبگرن. بەڵام بەم حاڵەشەوە دەرفەتێکی مێژوویی ڕەخساوە بۆ ئەوەی ئەم بەشە لە خەباتی چینایەتی زیاتر لەسەر پرسی خۆڕێکخستن تەرکیز بکەن، لەبەر ئەوەی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ ڕەمزی بەهێزبوونی ئەم بزووتنەوەیە. ئەم جیاوازییە لە ڕیتمی بەرەوپێشچوونی خەباتی ئابووریی_چینایەتی لەگەڵ خەباتی مەدەنی–فەرهەنگی، یەکێکی دیکەیە لە کێشە و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. کەمبوونەوەی ڕێژەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە ئابووری–بژێوییەکان لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بەردەوام ئەو پرسیارەی دەهێناگۆڕێ کە بۆچی وایە؟ بۆچی بەشی خۆڵەمێشی کۆمەڵگا، ژنان و لاوانیان بەتەنیا هێشتووەتەوە؟ ئێستا ڕوونتر دەتوانین ئەم جیاوازییەی نێوان خەباتی توێژە جۆراوجۆرەکان شەن و کەو بکەین و لێی تێبگەین و بەدوای ڕێگاکانی هاوئاهەنگکردن و لێکنزیکبوونەوەیاندا بگەڕێین. ئاشکرایە کە ڕاکێشانی خەباتی جەماوەری بەرەو گەڕەکەکان و ڕێکخستنی گەڕەکەکان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا، دەتوانێت ئەڵقەیەکی بەهێز بێت بۆ لێکگرێدانی بزووتنەوەی مەدەنی–فەرهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی ئابووری–بژێوی. جگە لە ناوەندەکانی کار، لە شوێنەکانی تر و لەو گەڕەکانەش کە هەمووان بوونیان هەیە، دەتوانرێت یەکگرتوویی و پەیوەندی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفت و ئاڵەنگارییانە پێکبهێنرێت.
چوارەم– چاوخشاندنێک بەسەر خەباتی مەدەنی–فەرهەنگی و چینایەتی–ئابووریدا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێستا ئیتر داواکارییەکانی بزووتنەوەکە ڕوونتر و وردبینانەتر دیاری دەکرێن. دوورکەوتنەوە لە ئایین و بێ متمانەیی بە دەسەڵاتی ئایینی و بانگەشەکارانی ئایینی و هەروەها مەیلی بەرەو سکۆلاریزم چوونی جەماوەر لە خوارەوە، ڕێگەی بۆ یەکسانی مافی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا خۆشکردووە. ئێستا ئیتر ناکرێ بیر لە دەسەڵاتێکی سیاسی بکرێتەوە کە تێیدا ژنان ڕۆڵی کارا و سەرەکییان نەبێت، نەتەوە ستەم لێکراوەکان ڕۆڵی بەرچاوی تێدا نەگێڕن، چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا دەوری چارەنووسسازی تێدا نەبینن و حیزب و ڕێکخراوەکان و مافی ئازادی بێ ئەملاو و ئەولای ڕادەربڕین و بیر و باوەڕ تێیدا ڕەچاو نەکرێت. جیا لە بوارە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان، لە بوارەکانی ئابووری و بژێویشدا، داواکارییەکانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە گەلێک ڕوون و ئاشکران. داواکارییەکانی وەک خوێندن، چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و هەرزان، دابینکردنی کۆمەڵایەتی گشتگیر بۆ هەمووان، هەلی کاری یەکسان و بێ جیاوازی، مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاران لە شوێنی کار و ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوانە لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا، نەهێشتنی شێرکەتە پەیمانکارییەکان، داڕشتنی یاسایەکی پێشکەوتنخوازانەی کار کە سەرجەم کرێکاران لەخۆ بگرێت و هەروەها ڕۆڵ و جێگە و پێگەی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران لە بڕیارە سەرەکییەکانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا، لەزومرەی ئەو داواکاریانەن. سەرجەمی ئەم داواکاریانە خەریکە وردە وردە دەخرێنەڕوو. ئاشکرایە کە ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هێشتا نەیتوانیوە داواکارییەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕوون و دیاریکراو بخاتەڕوو. بەڵام تا ئەم ئاستەش لە خستنەڕووی داواکارییەکان و ئاراستەکردنیان، زۆرێک لە ئەڵتەرناتیڤەکانی بۆرژوازیی پشتبەستوو بە سیاسەتە ئیمپریالیستییەکان و مۆدێلەکانی بانکی جیهانی و سندوقی نێونەتەوەیی پووڵی خستووەتە پەراوێزی خەباتە چینایەتییەکانەوە. بە واتایەکی تر، داواکارییەکانی ئێستای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، پێویستی بە ئاڵترناتیڤێکی چەپی کۆمەڵایەتییە. بەڵام گرفتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە نموونەیەکی ڕوونی ئەڵتەرناتیڤێکی چەپی مۆدێرن و ئەمڕۆیی کە پشتبەستوو بێت بە جەماوەری خەڵک و دێموکراسیخواز و یەکسانی خواز بێت، بەدەروەست و پابەند بە ئازادی ڕادەربڕینی بێسنوور بێت و خوازیاری پەرەپێدانی دێموکراسی تا ئاستی بوارەکانی ئابووریی بێت، هێشتا نەخراوەتەڕوو و بەکردەوە ئەزموون نەکراوە. مۆدێلەکانی ڕابردووی ئەڵتەرناتیڤی چەپی سەدەی بیستەم و حیزب_دەوڵەتی، بەجۆرێک مایەپووچ و شکستخواردوون کە چیتر ناتوانێت سەرنجی خەڵک و بەتایبەت نەوەی نوێ بەرەولای خۆی ڕابکێشێت. هەروەها پێویستە جەخت لەسەر ئەو خاڵەش بکرێتەوە کە ئەگەرچی چەپ هێشتا لە ئاستی جیهاندا نەیتوانیوە مۆدێلێکی سەرکەوتوو پێشکەش بکات، بەڵام چەپی مۆدێرن و ئەمڕۆیی قسەی زۆری هەیە بۆ وتن. چاوخشاندنێک بەسەر ئەو یاسا بنەڕەتییەی کە لەلایەن مەجلیسی دامەزرێنەری شیلییەوە داڕێژراوە، فۆرمێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو لە دەسەتدارێتی چەپی ئەمڕۆیی نیشان دەدات. هەرچەندەئەمیاسابنەڕەتییەبەهۆیپڕوپاگەندەی
فریوکارانەی ڕاستڕەوە توندئاژۆکان و هاوپەیمانە ئیمپریالیستییەکانیان نەیتوانی دەنگی زۆرینەی خەڵکی شیلی بەدەستبهێنێت، بەڵام بەیانگەری مۆدێلێکی درەوشاوەیە و دەکرێت لەمجۆرە مۆدێلانە ئێلهام وەربگریت. بە واتایەکی تر ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەکانی ئێران پێویستی بە بەدیل و ڕێگەچارەی چەپ هەیە. ئەم چارەسەرەش تەنیا لەڕێگەی سازماندەیی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەتوانرێت بەرەوپێش بچێت. چەپ دەبێ لە نەبەردی دێموکراسیدا ڕێگای بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی خۆی بدۆزێتەوە. چینی کرێکار بە مانا بەرفراوانەکەی واتە کرێکارانی پیشەسازی، کرێکارانی سەرجەم بەشە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی شار و وڵاتدا، لەوانە بەشی گواستنەوە، مامۆستایان، پەرستاران و هتد…، بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرێت، پێویستە پتانسێلی ژیان و گەشەکردن لە ژینگەیەکی دێموکراسیدا بەدەستبهێنێت، خۆی ڕێکبخات و بە یەکگرتووکردنی زۆرینەی کۆمەڵگا، ئاڵای شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەدەستەوە بگرێت. لەمڕووەوە نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕوونی کە لە قوڵایی کۆمەڵگادا پێکهاتبێت، ئاڵەنگارییەکی زۆر جیددی دیکەی بەردەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینایە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران) ڕاهی کاریگەر(
هەینی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ / ٢٩ی سپتامبری ٢٠٢٣