16

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەرەڕای بەرزبوونەوەی گوشارەکانی هێزە ئەمنیەکان بۆ سەر هاووڵاتیان، کۆمەڵێک لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و هەروەها چالاکانی مەدەنی دەستبەسەرکراون.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، چەند کەس لە هوەیزه، چوارمەحاڵ و بختیاری، تاران، تەورێز، یەزد و خۆراسان دەستبەسەر کراون و هاوکات هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی شوانە عەلیزادە لە مەهاباد دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە. هەروەها دوو هاووڵاتی بلوچ لە چابەهار و سەرباز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە هەمان کاتدا، لە نەهاوند خێزانی یەکێک لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکان لە کاتی چوونی بۆسەر گۆڕستان ڕفێندراوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە دۆخی تەندروستی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.