ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی تاران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لە هاوپیشەکانیان کردووە کە ئەمڕۆ، یەکشەممە پێنجی ڕەشەمە، لەبەردەم کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی تاران کۆببنەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا داواکارییە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان سەرلەنوێ دەخەنەڕوو، کە ناڕەزایەتی دژبە مەرگی ئەمیرمحەممەد خالقی، خوێندکاری نیشتەجێی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ و هەروەها نەبوونی ئەمنییەت لەو ناوچەیە، لە زومرەی سەرەکیترین داواکارییەکانیانن. ئەوان لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەیاندا لەسەر ئەوە جەختیان کردووەتەوە کە کەمتەرخەمی شارەوانی تاران و فەراجا لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، بە کردەوە ئەمنییەتی گیانی و دارایی سەرجەم هاوڵاتیانی خستووەتە مەترسییەوە.” لە ڕوانگەی خوێندکارانەوە “بە دڵنیاییەوە ئەو دوو دامەزراوەیە لە ڕژانی خوێنی ئەمیرمحەممەد و ئەو کەسانەی کە بە هۆکاری هاوشێوە، گیان و ماڵ و تەندروستی خۆیان لەدەستداوە و لەدەست دەدەن، بەشدارن.” نووسەرانی ڕاگەیەندراوەکە پرسیویانە: “ئایا بەڕاستی ئەگەر بەشێکی زۆری تەرکیزی فەراجا لەسەر پۆشینی جلوبەرگی ژنان لەسەر شەقامەکان نەبوایە، ئەگەر شارەوانی تاران بودجەی گشتی شاری، بۆ چاودێرانی حیجاب و ڕیکلامی ئایدیۆلۆژیک لەناو شارەکاندا خەرج نەکردایە و ئەگەر ئەولەویەتی ئەم دامەزراوانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوڵاتیان ڕێکخرابا، دیسان شاهیدی نائەمنی لە شەقامەکانی شاردا دەبووین؟“
خوێندکاران لە بەشێکی دیکەی ڕاگەندراوەکەیاندا نووسیویانە:
“هەروەها دەبێت کردەوەکانی بەرپرسانی ئێستا و پێشووتری زانکۆی تاران بە شێوەیەکی شەفاف لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و ڕوون بکرێتەوە کە پێشتر لە پێناو دابینکردنی ئەمنییەتی خوێندکاراندا، چ کارێکیان کردووە؟” خوێندکارە ناڕازییەکان لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئۆلتیماتۆمیان داوە کە “ئەگەر تا کۆتایی خاکەلێوەی داهاتوو، داواکارییەکانمان لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێ نەکرێن، بانگەوازی دواتر دەردەکەین.”
ژمارەیەکی تر لە خوێندکاران سەبارەت بە کوژرانی ئەمیرمحەممەد خالقی لە بەیاننامەیەکدا نووسیویانە کە بە پارەییکردنی زانکۆ و لەسەرەوەبوونی لەڕادەبەدەری تێچووی پێداویستییەکانی ژیانێکی مەمرە و مەژی، ئەوی ناچار بە کارکردن لە کاتی خوێندندا کردبوو.نووسەرانی بەیاننامەکە سەبارەت بە هۆکاری کوژرانەکە نووسیویانە:
هۆکاری کوژرانەکەی، هەمان هۆکارە کە “ئەمیرمحەممەد“ی ناچار بە کارکردن لە ماوەی خوێندندا کردووە و ناچاری کردووە لە کاتێکدا کە“چەقۆ بەر دڵی کەوتووە” بە دوای بکوژەکاندا بڕوات تا بەڵکوو بتوانێت ئەو بڕە سامانە کەمەی خۆی، واتە لاپتۆپ و مۆبایلەکەیان لێ وەربگرێتەوە.
لە نووسراوەکەدا هەروەها ئاماژە بە ئەگەری لەسێدارەدانی دەستگیرکراوەکانیش کراوە. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە کۆمەڵگا و توێژی خوێندکار دەبێت زۆر بەهێز و بە دەنگێکی بەرز و یەکگرتووانە، “نا بە لەسێدارەدان بڵێن“، هەروەها ڕوونیان کردووەتەوە کە: “لەسێدارەدان” نە سزایە و نە هۆکارێکیشە بۆ پێشگیری و چارەسەر و نە مەڵهەمی هیچ ئازارێکە، جگە لە مەیلی توندوتیژی و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی! ” لەسێدارەدان” توندوتیژییەکی بێگەڕانەوەی “مرۆڤ“ە بەرامبەر بە “مرۆڤ“، کە خودی کۆمەڵگای لەسێدارەدەر و لە ڕاستیدا دەوڵەتی لەسێدارەدەر، بووەتە هۆی کەوتنە ناو داوی ئەو کردەوە و بارودۆخەی هەردوو “مرۆڤ“ەکە. هەڵبەت کە لەسێدارەدان بۆ هیچ تاوانێک ڕەوا نییە و دەبێت “پەروەردەکردنەوەی سەرلەنوێ” بکرێتە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی.
ڕۆژی چواری ڕەشەمەش بابەتێک لەژێر ناوی “بەرپرسیارێتی تاک یان حکومەت؟” لە ڕۆژنامەی “ئیعتماد“دا سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو دەستبەسەرکراوانەی کە تۆمەتی کوشتنی ئەمیرمحەممەدیان دراوەتە پاڵ، بڵاو بۆتەوە. لەو بابەتەدا هاتووە کە جەختکردنەوە لەسەر سزا و بە تایبەت لەسێدارەدان، کێشەکە چارەسەر ناکات. چونکە ئەو دوو دەستبەسەرکراوە خۆیان، لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە قوربانین. نووسەر وێڕا ئاماژە بە ئاماری ١٥ ساڵی ڕابردوو دەنووسێت، سەرەڕای ئەوەی کە لەم ساڵانەدا جۆرەها سزا بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا “لەم ماوەیەدا حەشیمەتی وڵات تەنها ٢٠ لەسەد زیادی کردووە. واتە لە ٧٠ ملیۆنەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٨٥ ملیۆن کەس، بەڵام ژمارەی دزی ٦٥٣ لەسەد و ژمارەی دەستبەسەرکراوان بە تاوانی دزی، ٣٠٠ لەسەد زیادی کردووە.”
ئەم جۆرە شیکردنەوە دروستانە سەبارەت بە لەسێدارەدان، بەگشتی کاریگەرییەکانی سۆسیالیزمی زانستی و بیرمەندە سەرەکییەکەی واتە کارل مارکس وەبیر دێنێتەوە کە ڕۆژی ١٨ی فێوریەی ١٨٥٣ لە گۆڤاری نیویۆرک دەیلی تریبیوندا سەبارەت بە لەسێدارەدان و بە خستنەڕووی ئامار، سەلماندی کە “لەسێدارەدانی تاوانباران نەک تەنها کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکوو کاریگەری پێچەوانە دادەنێت و توندوتیژی و تاوان پەرە پێبدات.” چونکە تاوان بەگشتی بەرهەمی بارودۆخی کۆمەڵایەتییە. دەرکەوتنی چەپ لە نێو خوێندکاراندا پاشخانێکی مێژوویی هەیە و بزاڤێکی ڕەسەنە و دەبێت پارێزگاری لێ بکرێت. بەو هیوایەی کە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی خوێندکاران، هەنگاوێک بێت بەرەو بەهێزکردنی ئەم ڕەوتە.