
شەڕێکی کە بۆ بازاڕ سوودە و بۆ خەڵکی ئێران ماڵوێرانی
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە چوارەمین هەفتەی خۆیدا، چیتر تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی نییە. مەودای هێرشەکان لە ناوەند و ئامانجە سەربازییەکان تێپەڕیوە و ژێرخانە ئابووری، خزمەتگوزاری و سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. بەشەکانی وزە، گواستنەوە، پەیوەندییەکان، دامەزراوە گشتییەکان و ئەوەی کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، دەستیان لێ ناپارێزرێت. لە هەمان کاتدا، شەڕ تەنیا لە ئاسمان و زەویی ئێراندا نییە، بەڵکوو هاوکات ناو مامەڵە و بازاڕەکانی نەوت، بورسەکان، کۆمپانیاکانی چەکوچۆڵ و ناوەندە داراییەکانی جیهانیشی لەخۆگرتووە. ئەگەر شەڕ بۆ خەڵکی ئێران واتای مەرگ، ئاوارەیی و کاولکاری بێت، بۆ بەشێک لە سەرمایە گەورەکانی جیهان و هەندێک لە دەوڵەتەکان، شەڕ بووەتە هەلێکی پڕ لە دەستکەوت.
یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەم شەڕە، بریتییە لە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکەی بە بازاڕە داراییەکانەوە. شەڕی ئەمڕۆ نەک هەر تەنیا بە مووشەک و درۆن و بۆمب، بەڵکوو بە هەواڵ، بڵاوبوونەوەی دەنگۆ، هەڕەشە، دواخستن، ئۆلتیماتۆم و یاریکردن بە چاوەڕوانییەکانی بازاڕیش بەڕێوە دەچێت. ڕاگەیاندنی لەناکاوی هێرشێک یان دواخستنی، بەتایبەت کاتێک لە لایەن کەسایەتییەکی وەک ترامپەوە بخرێتە ڕوو، دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا بازاڕی نەوت بەرز و نزم بکات، پێوەرەکانی بۆرس بگۆڕێت و بۆ ئەو کەسانەی لە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە نزیکن یان سوود لەم ناسەقامگیرییە وەردەگرن، قازانجی زۆر وزەوەند بەدەست بهێنێت. تەنانەت ئەگەر بەشێک لەم هەڵوێستانە “لاف و گەزافی سیاسیش” بن، دیسان کاریگەریی ڕاستەقینەی خۆیان لەسەر بازاڕ دادەنێن. ڕۆژ نییە ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، نموونەیەکی ئەمە تاقی نەکاتەوە. لێرەدایە کە شەڕ دەبێتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی بەرژەوەندیی سەرمایەداران و گواستنەوەی سەروەت و سامان.
لەم نێوەدەدا، کۆمپانیا گەورەکانی نەوت، پیشەسازییە سەربازییەکان، دەزگا داراییەکان و بەڵێندەرە ئەمنییەکان، لە زومرەی سەرەکیترین سوودمەندانی بەردەوامیی قەیرانەکانن. هەرچەنده ئاڵۆزییەکان زیاتر بن، نرخی وزە ناسەقامگیرتر دەبێت و دەرفەتی بەدەستهێنانی سوود و یاریکردن بە نرخەکان زیاد دەکات. هەرچەندە شەڕ درێژە بکێشێت، بازاڕی چەک گەرمتر دەبێت، گرێبەستی نوێ واژۆ دەکرێت و هێزی چەواشەکاریی کۆمپانیا گەورەکان بەرامبەر بە دەوڵەتەکان زیاتر دەبێت. لەم لۆژیکەدا مرۆڤەکان نابینرێن، ئەوەی دەبینرێت تەنیا پێوەری نرخی نەوت، بەهای پشکەکان و پێگەی ستراتیژیی دەوڵەتەکانە.
بەڵام لە دیوەکەی تری ئەم بەرژەوەندخوازییەوە، سیمای ڕاستەقینە و ئاوێنەی باڵانوێنی شەڕ، خەڵکی ئێرانن. تێچووی ئەم یارییە دزێوە، نە سەرمایەدارانی جیهانی دەیدەن، نە ژوورە فیکرییە سەربازییەکان و نە ئەو سیاسییانەی کە لە دوورەوە فەرمان دەردەکەن. بەڵکوو تێچووەکە کرێکاران، پەرستاران، مامۆستایان، شۆفێران، منداڵان، بەساڵاچووان، ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە، نەخۆشخانەکان و بێکاران دەیدەن. شەڕ واتە ئەو گیانانەی لەدەست دەچن، ئەو ماڵانەی وێران دەبن، ئەو خەڵکەی ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان دەبن، ئەو نەخۆشخانانەی بەهۆی کەمیی پێداویستی و وێرانکارییەوە لەکار دەکەون، تێکچوونی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا و ئەو منداڵانەی لە جیاتی ئارامی، هەموو ڕۆژێک بە دەنگی تەقینەوە و ترس و مەرگ بەخەبەر دێن.
تەنیا لە دوای ئەم شەڕە دژە خەڵکییە، ئاسۆیەکی نوێ بە ڕووی ئەم کۆمەڵگەیەدا دەکرێتەوە. دوای کۆتایی هاتنی ئەم شەڕە، کۆمەڵگەی ئێران پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێکی کە تێیدا قەیرانی ئابووری، کەلێنی کۆمەڵایەتی، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان و ئەزموونی ڕاستەوخۆی ئازاری بەکۆمەڵ، زەمینەی نوێ بۆ سەرهەڵدانی بزاڤی کۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت. لە ئاوا بارودۆخێکدا، بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان بە هێزێکی زیاترەوە سەر هەڵدەدەن. بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، بزووتنەوەی خانەنشینان، گەنجانی بێکار و سەرجەم چین و توێژە چەوساوەکان، کە هاوکات قورسایی باری ستەمی ناوخۆ و هێرشی دەرەکییان لەسەر شانە، سەرلەنوێ دەکونە جووڵ.
ڕێک لە دڵی ئەم بارودۆخەدایە کە دەرفەتی گەشەکردنی ئاسۆیەکی پێشکەوتنخواز و چەپ دەڕەخسێت. کاتێک زۆرینەی خەڵک بە گۆشت و پێستی خۆیان ئەوە ئەزموون دەکەن کە شەڕ بۆ سەرمایەداران و دەوڵەتەکان سوودە و بۆ ئەوان برسییەتی و مەرگە، زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە سەرمایەداریی جەنگی، نیزامیگەری و سەرکوتی ناوخۆیی زیاتر دەبێت. ئەم بوارە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی گوتاری یەکسانیخوازی و سۆسیالیستی، گوتارێکی کە لەسەر بنەمای پێداویستیی مرۆڤ، نەک سوودی بازاڕ، دابڕێژرێتەوە.
داهاتووی ئێران ئەو خەڵکە دیاریی دەکەن کە لە ژێر داروپەردووی شەڕ و هەژاری و ستەمدا سەر هەڵدەدەن. ئەگەر ئەم ئەزموونە تاڵە بگۆڕدرێت بۆ وشیارییەکی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی، ئەگەر ئازاری هاوبەش ببێتە هۆی هاوپشتیی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، ئەوا دوای شەڕیش دەتوانین شاهیدی قۆناغێکی نوێ لە خەبات بۆ ئازادی، یەکسانی و ژیانێکی باشتر بین. ئەمە تەنیا وەڵامی ئینسانی و پێشکەوتنخوازانەیە بۆ شەڕێک کە بۆ دەسەڵاتداران سوودە و بۆ خەڵکی ئێران، مەرگ و ماڵوێرانی.