
شەڕێکی کە سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاندووە
شەڕی وێرانکەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئێستا بووەتە قەیرانێکی جیهانی و فرەناوچەیی. شەڕێکی کە هەم گورزی لە ژێرخانەکانی ئێران داوە، هەم ژیانی نزیکەی نەوەد ملیۆن مرۆڤی لەناو بردووە، هەم بازاڕی وزە و ئاسایشی دەریاوانیی خستووەتە مەترسییەوە و هەمیش پەیوەندییەکانی ناو ناتۆ و هاوسەنگیی سیاسیی جیهانی ئاڵۆز کردووە.
دەوڵەتی ئەمریکا ئێستا لە بارودۆخێکی سەختدا گیری خواردووە، چۆتە ناو شەڕێکەوە کە بە ئاسانی ناتوانێت لێی بێتە دەرێ، بەتایبەت کاتێک هێشتا نەیتوانیوە بە ڕوونی باس لە “سەرکەوتن” بکات. بۆ دەوڵەتی ئەمریکا، کشانەوە بەبێ دەستکەوتێکی دیار، بە واتای شکستی سیاسی دێت. بەڵام هەرچی شەڕەکە درێژە بکێشێت، تێچووی کشانەوە بۆ ئەمریکا زیاتر دەبێت. لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامیش نەک بۆ ئاسۆیەکی سیاسیی نوێ، بەڵکوو شەڕ دەکات لەپێناو “مانەوەدا. ئەمە خۆی لەخۆیدا، شەڕەکە درێژماوەتر و مەترسیدارتر دەکات.
لە نێوان هەموو لێکەوتەکانی ئەم شەڕەدا، قەیرانی داخرانی گەرووی هورمز دیارترین کاریگەرییە جیهانییەکەیەتی. گەرووی هورمز یەکێکە لە شادەمارە سەرەکییەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا. هەر تێکچوونێکی جیدی تێیدا، تەنها زیان بە ئێران، وڵاتانی کەنداو یان تەنانەت ئەمریکا ناگەیەنێت، بەڵکوو ئابووریی جیهان تووشی شۆک دەکات. کاتێک نەوت و گازی ناوچەکە لە گەرووی هورمزدا ڕابوەستێت یان سنووردار بکرێت، یەکەمین شوێنەواری لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەردەکەوێت، واتە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە. تێچووی گواستنەوە زیاد دەکات. بیمەی کەشتییەکان گرانتر دەبێت. هەڵاوسان لە هەموو شوێنێک پەرە دەسێنێت و پیشەسازییە زەبەلاحەکان لە ئورووپا و ئاسیا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە دەبنەوە.
ئەم گوشارە لە کۆتاییدا دەکەوێتە سەر شانی ملیۆنان کرێکار و بەکارهێنەر لە سەرانسەری جیهاندا. بۆ ئەمریکاش، ئەم قەیرانە بووەتە بنبەستێکی سیاسی و سەربازی. هەتا ئەو کاتەی نەوتی کەنداو لەم دۆخەدا بمێنێتەوە، ئەمریکا تەنانەت ئەگەر بیەوێت، ناتوانێت بە ئاسانی کۆتایی ئەو شەڕە ڕابگەیەنێت، چونکە کراوەبوونی گەرووی هورمز ئێستا بووەتە بەشێک لە پێناسەی “سەرکەوتن“ی ئەمریکا لەم شەڕەدا. ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ١٧ و ١٨ی مارس ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی توندی نرخی وزە، گوشاری سیاسی لە ناوخۆی ئەمریکای پەرەپێداوە.
یەکێکی تر لە ڕەهەندە گرنگەکانی ئەم شەڕە، بریتییە لە قووڵبوونەوەی کەلێن و ناکۆکییەکانی ناو ناتۆ. دەوڵەتی ئەمریکا داوای لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی کردووە کە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەشداری لە هێزێکی دەریایی هاوبەشدا بکەن. بەڵام چەند وڵاتێکی ئورووپایی وەڵامی نەرێنییان داوەتەوە. ترامپ خۆیشی بە توڕەییەوە ڕەخنەی لەم هەڵوێستە گرتووە و ناتۆی بە “شەقامێکی یەک لایەنە” وەسف کردووە، هاوپەیمانییەکی کە بە وتەی ئەو، ئەمریکا تێچووی پاراستنی دەدات بەڵام لە کاتی پێویستدا وەڵامی بەرامبەر وەرناگرێتەوە.
ئەم کاردانەوەیە نیشانەی کەلێنێکی قووڵترە. ترامپ لە ساڵی ڕابردوودا بە باج و هەڕەشە و لێدوانی سووکایەتی ئامێز، پەیوەندییەکانی ئەمریکای لەگەڵ زۆربەی هاوپەیمانە مێژووییەکانی لاواز کردووە. لەو بارودۆخەدا، سروشتییە کە دەوڵەتە ئورووپاییەکان بە گومانەوە سەیری بانگهێشتەکەی ترامپ بکەن. ئەوان دەزانن چوونە ناو ئەم شەڕە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، دەتوانێت ئورووپاش بخاتە قەیرانێکەوە کە کۆتاییەکەی نادیارە. لەمڕووەوە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، تەنیا گۆڕەپانی نەبەردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی شڵەژان نەکردووە. بەڵکوو یەکگرتوویی بلۆکی ڕۆژئاواشی خستووەتە ژێر گوشارەوە. ئەمەش بۆ داهاتووی ناتۆ گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت هاوپەیمانەکانی له ئاوا ساتەوەختێکدا لهگهڵ خۆی بخات، ئیدیعای سەرکردایەتییە جیهانییەکەی زیاتر زیانی پێدەگات.
ڕەهەندە جیهانییەکانی ئەم شەڕە تەنها لە نەوت و ناتۆدا کورت نابنەوە، بەڵکوو ئەم قەیرانە دەتوانێت چەندین ڕەوتی مەترسیدار لەیەک کاتدا توندتر بکاتەوە. یەکەم، کێبڕکێی نێوان وڵاتە زلهێزەکان توندتر دەکات. هەر قەیرانێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ڕووسیە و چینیش هەم دەرفەتە و هەم هەڕەشە. ئەوان هەم لە لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا سوود دەبینن و هەم لە ناسەقامگیریی بازاڕی وزە زیانمەند دەبن.
دووەم: ئەم شەڕە دەتوانێت ڕێبازە نوێیەکانی میلیتاریزم لە جیهاندا بەهێز بکات. کاتێک زمانی مووشەک و بۆمب هاوێژ بەسەر دیپلۆماسیدا زاڵ دەبێت، مۆدێلێکی مەترسیدار بۆ ململانێکانی دیکە دروست دەبێت.
سێیەم: جیهان لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری ئابووریدایە. بەرزبوونەوەی نرخی وزە تەنیا بەنزین و گازۆیل گرانتر ناکات. ئەوان دەبنە هۆی زنجیرەیەک بەرزبوونەوەی نرخ لە بوارەکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنان و خۆراک و خزمەتگوزارییەکان. قورسایی ئەم دۆخە وەک هەمیشە زۆرتر دەکەوێتە سەرشانی چین و توێژەکانی خوارەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، گرنگترین پرس لە ناو خودی ئێراندایە. خەڵکی ئێران ساڵانێکە لە کۆماری ئیسلامی بێزارن، لە گەندەڵی، سەرکوت، ستەم، هەڵاواردن، هەژاریی و بێ ئاسۆیی. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بەڵام شەڕ، ڕەفتاری کۆمەڵگە ئاڵۆزتر دەکات. لەژێر گوشاری مووشەک و تەقینەوە و ئاوارەیی و ترسدا، خەڵک بە ئاسانی ناچنە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەربڵاوی سەر شەقام. لە دۆخی شەڕدا، ئەولەوییەتی زۆرێک لە بنەماڵەکان بریتییە لە زیندوو مانەوە و پاراستنی گیانی منداڵان و دابینکردنی دەرمان، نان، ئاو و پەناگەیەک. ئەم دۆخە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتیی کەشوهەوای تەقینەوەی کۆمەڵگە بەرەو دواوە ببات، بەڵام لەناوی نابات.
لێرەدایە کە دەبێت جەخت لەسەر ڕاستییەکی گرنگ بکرێتەوە: چارەنووسی کۆتایی کۆماری ئیسلامی نە فڕۆکە جەنگییەکان دیاری دەکەن و نە مووشەکەکان. ئەم حکومەتە ئەگەر لەژێر ئاگری دەرەکیشدا ڕزگاری بێت، بە واتای مانەوەی درێژخایەنی نییە. بەپێچەوانەوە، دوای کوژانەوەی ئاگری شەڕ، کۆمەڵگەی ئێران دووبارە ڕووبەڕووی هەموو دژوازییە کەڵەکەبووەکانی خۆی دەبێتەوە. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە ساڵانێکە لە مانگرتن و ڕاپەڕین و بەرگریی ڕۆژانەدا خۆیان نیشان داوە، سەرلەنوێ سەرهەڵدەدەنەوە.
ڕزگاریی ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران لە ستەم و سەرەڕۆیی و هەژاریی و نایەکسانی، لەدەستی بەتوانای خۆیاندایە. شەڕ ڕەنگە هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت و ڕژێم لاوازتر یان توندوتیژتر بکات، بەڵام ئازادی بۆ خەڵک بە دیاری ناهێنێت. ئازادی و یەکسانی و ڕزگاریی کۆمەڵایەتی، تەنها بە دەستی خودی جەماوەر و بە خەباتێکی ڕێکخراو و وشیارانە بەدەست دێت، کە دوای هێوربوونەوەی دەنگی مووشەک و فرۆکەکان، جارێکی دیکە لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەدا بەردەوام دەبێت.