ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس لەم دواییانەدا گەڵاڵەیەکی لەژێر ناونیشانی “بەهێزکردنی سیستەمی پەروەردە و بارهێنان” داڕشتووە، کە لەلایەن ٣٤ پارلمانتارەوە واژۆ کراوە و وەزیری پەروەردەش ڕەزایەتی خۆی لەسەر دەربڕیوە. بە وتەی داڕێژەران، ئامانج لەم گەڵاڵەیە بریتییە لە: دابەشکردنی ئیمکانات و سەرچاوەکانی وەزارەتی پەروەردە، پێویستی فرەچەشنکردنی سەرچاوە داراییەکانی پەروەردە و کردنەوەی ڕێگاکانی ئەولاتر لە پشتبەستن بە تەنیا بودجەی دەوڵەتی و دروستکردنی “بریکاری ئابووری لە وەزارەتی پەروەردەدا. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، بە دیاریکردنی پاداشت گەلێکی تایبەت بۆ بەڕێوەبەران و بەرپرسانی یەکەکانی داهات، کۆمەڵێک هۆکاری پاڵنەریان بۆ لەبەرچاو دەگیرێت کە دەبێتە هۆی هاندانی ئەوان لە سودمەند کردنی هەرچی زیاتری سەرچاوەکانی پەروەردە. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، ڕێکخراو و ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لەوانە قوتابخانەکان، وەک یەکەیەکی ئابووری هەژمار دەکرێن و دەبێ بۆخۆیان ببنە سەرچاوەی داهات، واتە وەزارەتی پەروەردە بە شێوەیەکی فەرمی و جددیتر بچێتە ناو پرۆسەی کارگێڕییەوە. کۆمەڵناسێک لەم بابەتەوە دەڵێت، ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم تەرحە ئەوەیە کە دەوڵەت ناتوانێت هەزینەیەکی زیاتر بۆ پەروەردەی گشتی خەرج بکات، هەربۆیە پێویستە وەزارەت لە هەوڵی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانیدا بێت. واتە جانتاکەی دەوڵەت هیچی تێدا نەماوە. ئەم گەڵاڵەیە لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە جگە لە پەرەپێدانی بە تایبەتیکردن لە بواری پەروەردەدا، کە خاوەنکارەکەی ڕاستەوخۆ دەبێتە وەزارەتی پەروەردە. لە ڕاستیدا دەیانەوێت تەنانەت بەشێک لەو بودجە کەمەی ساڵانی رابردووی پەروەردەش کەمبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەست دەبەن بۆ گیرفانی خەڵک بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکەیان، بەڵام بە شێوەیەکی فریوکارانە، ناویان لێناوە گەڵاڵەیەک بۆ زیادکردنی حەقدەستی کارمەندان و مامۆستایان.
بە پێی دوایین ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەرزترین ڕێژەی بە تایبەتیکردنی خوێندنی ناوەندی لە جیهاندا هەیە. پڕۆژە یاسای دامەزراندنی قوتابخانە ئەهلییەکان، ساڵی ١٣٦٧ پەسەند کرا. پەروەردە یەکەم بوار بوو کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا بەڕووی کەرتی تایبەتدا کرایەوە. پەسەندکردنی ئەم یاسایە پێشەکییەک بوو بۆ گۆڕانکاری گەورەتر لە سیاسەتەکانی پەروەردەدا. لەو کاتەوە هەر ساڵە و تەرح و سیاسەتێک لە بواری ڕادەستکردنی پەروەردە بە کەرتی تایبەت، بەکردەوە دەردێت. ئەم گەڵاڵە نوێیەی مەجلیسی ئیسلامیش یەکێکە لەو یاسایانەی کە لە درێژەی سیاسەتی ئابووری نیولیبراڵدا، دێتە ئاراوە. گۆڕینی شێوازی زیادکردنی حەقدەستی مامۆستایان لە ڕێگەی بەناو دروستکردنی “سەرچاوەی داهاتەوە” ناتوانێت هەوڵەکان بەمەبەستی لێسەندنەوەی بەرپرسیارێتی لە دەوڵەت سەبارەت بە لەخوارەوەبوونی حەقدەستی مامۆستایان بشارێتەوە. ئەم گەڵاڵەیە لە دۆخێکدا دێتە ئاراوە کە زۆربەی هاووڵاتیانی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە هەژاریدا نوقم دەبن. بە وتەی خودی دەسەڵاتدارانی ئێران، ٧٠ لەسەدی هاووڵاتیانی ئێران لەژێر هێڵی هەژارید دەژین و ٣٠ لەسەدیان تەنانەت توانایی دابینکردنی نانی شەویان نییە، واتە لە هەژارییەکی موتڵەقدا بەسەردەبەن. بەشێک لەو خەڵکە، منداڵەکانیان ناچارن لەبری خوێندن، بچنە ناو بازاڕی کارەوە، کچە کەم تەمەنەکانیان تووشی سەختی و نەهامەتی لەڕادەبەدەر دەبن، کە تەنیا نموونەیەکیان بریتییە لە هاوسەرگیری پێشوەختە و لەڕووی ناچارییەوە. بە گوێرەی ئەو پلانەی ئێستای ئیدارەی پەروەردە، ئەو بەشەش لە منداڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە هێشتا بە پاڵپشتی و فیداکاری دایک و باوکەکانیان توانایی خوێندن و چوون بۆ قوتابخانەیان هەیە، لەم کەمترین دەرفەتە بێبەش دەبن. لە نێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا کۆمەڵێک کەس، هەژاری و ئاکامە ماڵوێرانکەرەکانی، بە پێویست دەزانن بۆ هاتنی بەناو ئیمامی زەمانەکەیان. ئەمانە لە زومرەی پایەداری و ڕێبەرە فیکرییەکانیانن. تاقمێکی تریش پێیان وایە کە هەژاریی ئیمکانی وشیاری و خۆڕێکخستن لە خەڵکی بێبەش زەوت دەکات و هەر چەشنە سەرهەڵدانێکی کوێر کوێرانەشیان سەرکوت دەکرێت. بەڵام ئەم دوو گرووپە هیچکامیان لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” تێنەگەیشتوون. واقیعییەتەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێران دەریدەخەن کە ئەمجۆرە خۆ فریودان یان خەڵک فریودانە، بێ ئاکامە و کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووەتە سەر لێواری هەڵدێر. لەسەر وێرانەکانی ئەم ئێرانە دەوڵەمەند و تاڵانکراوە، ئیمکانی فەزایەکی ئازاد و خۆش بژێوی و دەرفەتی یەکسانییەکی ڕاستەقینە بۆ هەمووان بنیات دەنرێت.