ڕۆژی دووشه‌ممه ١٩ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك و به‌كرێگیراوه ئیسلامگه‌راكانی سه‌ر به‌و وڵاته كه ئاڵای داعشیان به جله‌كانیانه‌وه چه‌سپاندبوو، له چه‌ند قۆڵه‌وه هێرشیان كرده سه‌ر شاره‌كانی منبج و كۆبانی و به‌و هۆیه‌وه چه‌ند كه‌سی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ست دا و بریندار بوون.
به پێی ڕاپۆرتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆژئاوای كوردستان، به‌هۆی تۆپبارانی گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ری كۆبانێ دوو منداڵ گیانیان له‌ده‌ست دا و چه‌ند شارومه‌ند بریندار بوون. هه‌روه‌ها به‌هۆی بۆردوومانی بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌رته‌شی ئه‌سه‌د له قامیشلوو، ٤٥ سه‌ربازی ڕژیمی پێشووی سوریه كوژران و پارچه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدانی هاووڵاتیه‌كی كورد و كه‌سێكی دیكه‌ش بریندار بوو. له ده‌ورووبه‌ری شاری مبنج، بۆردوومانی خانووی دانیشتووانی ئه‌و شاره بووه هۆی قوربانی بوونی ده ژن و منداڵ. به وته‌ی هه‌ندێك له سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، ڕێكه‌وتن له نێوان ده‌وڵه‌تی تورك و ئه‌مریكا بۆ چۆڵكردنی شاری مبنج كراوه و شه‌رڤانان شاره‌كه‌یان به‌جێ هێشتووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵه هێشتا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیمۆكراتیكه‌وه پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه.