نووسین و ئامادە کردنی: سەعید ئەمانی:
170 ساڵ لەوپێش واتە لە ساڵی 1853 مارکس نووسراوەیەکی کورت، بەڵام گرینگ و پڕ بایەخی سەبارەت بە ئێعدام نووسی. لە نێوان سەرجەم نووسراوەو بەرهەمەکانی مارکس دا، ئەم نووسینە پێدەچێ تاکە نووسراوەی ئەو بێت کە بە تایبەتی لە بارەی پرسی سزای ئێعدام نووسیویەتی.
نووسراوەکەی مارکس ئیلهامی لە بڵاو بوونەوەی باتێک وەرگرت سەبارەت بە ئێعدام کە لە ڕۆژنامەی تایمزی لەندەن دا بڵاو کرابۆوە. نووسراوەکەی مارکس سەرەڕای کورت بوونی بەڵام زۆر بە باشی تێڕوانینی ئەوی بۆ پرسی ئێعدام، مەبەستی سزادان و هۆی دژایەتی لەگەڵ ئەم سزایە، بە تایبەت بەڕێوەچوونی لە بەرچاوی گشتیی نیشان دەدات. پێناچێت مارکس لە کاتی ئامادەکردنی ئەم نووسینە، لە پێشدا بیری لە نووسینی بابەتێکی وەهای لە پێوەند لەگەڵ سزای ئێعدام کردبێتەوە.
مارکس ئەم نووسراوەی لە شاری لەندەن سێ رۆژ پاش راپۆرتەکەی رۆژنامەی تایمز نووسی و چەند حەوتوو دواتر لە فێوریەی 1853 لە رۆژنامەی نیۆیۆرک دیلی تریبۆن بڵاویکردەوە. ئەمە لە قۆناغێکدا نووسراوە کە سزای ئێعدام لە ئینگلستان بەرەوکەمبوونەوە دەچوو. نیوەی سەدەی نۆزدەیەم بە پێی یاسایەک کە تا ساڵی 1815 بناغەی بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام بوو، 220 دۆسیە تا کۆتایی سەدەی 18 دەبوو سزای ئێعدامیان لەسەر بەڕێوە بچێت. زۆربەی تاوانەکان بە مەبەستی پاراستنی کەرتی تایبەتی دەوڵەمەندان و سەرکوتی ئەوانەی دەست درێژیان کردوەتە سەر بەشەکان ناولێبراوە. هاوکات دزی، ساختەکاری، فێڵبازی، خیانەت و سیخۆڕی و … لە زومڕەی ئەو تاوانانە بوون کە سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپا.
بەڵام رێژەی ئەم سزایانە لە دەیەی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئینگلستان بە شێوەیەکی هەست پێکراو بەرەو کەمبوونەوە رۆیشت. لە ساڵی 1861 رێژەیەکی بەرچاو لە تاوانەکان لە هەوڵێکی هاوبەش لە ڕیزی سزای ئێعدام دەربازکران، بە جۆرێ کە تەنیا پێنج تاوانی، خیانەت، کوشتن، سیخۆڕی، ئاگرتێبەردانی کارخانەی کەشتی سازی سەڵتەنەتی و دزی و توندئاژۆی دەریایی لەو ساڵەدا بەرەڕووی سزای ئێعدام دەبوونەوە.
نووسراوەی تایمز و وەڵامی مارکس
مارکس لە نووسینەکەیدا بە ئاماژە بە راپۆرتی تایمز دەسپێدەکات. لە راپۆرتی تایمز دا هاتووە کە ئەم باوەڕە بوونی هەیە کە دەسبەجێ پاش بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک، شایەتی کۆمەڵێک مەرگ دەبین کە بە هۆی خۆهەڵواسینەوە روو دەدەن، چ خۆکوژی و چ بە هۆکاری بە هەڵکەوت. نووسەرەکەی تایمز هۆکاری ئەم دیاردە دەگەڕێنێتەوە بۆ کاریگەریی قووڵی ئێعدامی ئەو جینایەتکارانە لەسەر بیرو زەینی نەخۆش و ئەو کەسانەی بینەرن دایدەنێت. مارکس نووسینەکەی بەوە دەسپێدەکات و دەسبەجێ نووسەرەکەی تایمز دەداتە بەر ڕەخنە، بەم پێیەی کە ئەم هەڵسوووکەوتە لە کۆتاییدا بە لایەنگری لە ئازادیی کردەوەی ئەو جەلادە کۆتایی پێدێت و سزای ئێعدام وەکوو دوایین داواکاریی کۆمەڵگا دەناسێنێ و ڕەوابوونی پێدەدات.
مارکس لە درێژەی نووسینەکەیدا بە ئاماژە بە ئامارێک کە دوو رۆژ پێش نووسینەکەی خۆی لە مۆرنینگ ئێدویزتایز بڵاوبوویەوە و بە لێکدانەوەی ئەو، تێیدا مەنتقی خوێنینی تایمز دەخاتە ژێر تیری ڕەخنە. ئەو ئامارە باس لەو مەرگانە دەکات کە لە ماوەی 43 رۆژی دا لە ساڵی 1849 بڵاو بوەتەوە. مارکس بە پێی خودی ئەو ئامارە دەڵێ، هەر بەوجۆرەی کە نووسەرەکەی تایمز تەئیدی دەکات، ئەو مەرگانەی کە بە دوای ئێعدامە گشتیەکاندا روویانداوە، تەنیا بە هۆکاری خۆکوژی نەبووە بەڵکوو حاڵەتگەلێ لە بێڕەحمانەترین کوشتنەکان لە خۆ دەگرێ. هەر لێرەدایە کە لێکدانەوەی سەرەکی مارکس لە دژایەتی لەگەڵ سزای ئێعدام دەردەکەوێ. لە ڕوانگەی مارکسەوە سزای ئێعدام نەک لە درێژماوە تەنانەت لە کورتماوەشدا ئیمکانی بەرگری لە دووپات بوونەوەی کوشتن لە کۆمەڵگای پێ ناگیرێت. مارکس هەر لەم نووسینەدا ئاماژە بەوە دەکا کە بەڵگە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە لە سەردەمی ( قابیل)ەوە تا ئێستا سزای ئێعدام نە تەنیا نەبوەتە هۆی چاکسازی و تەمێکردنی مرۆڤ بەڵکوو تەنانەت ئاکامی پێچەوانەشی هەبووە. مارکس لەم نووسینەدا بابەتێکی گرینگی دیکە دێنێتە پێشەوە، بە گشتی دەڵێن کە یەکێک لە مەبەستە سەرکیەکانی سزای ئێعدام ئەوەیە کە کۆمەڵگا ئەزموون لە چارەنووسی ئەو کەسانە وەربگرێت. مارکس بە ئاماژە بەم مەسەلە واتە ئەوەی بە لێکەوتەی چاکسازی و تۆقاندن لە پێوەند لەگەڵ سزا ناوی لێدەبرێ، ئەم پرسیارە دێنێتە گۆڕێ کە، ئێوە بە چ ئیزنێک مافی ئەوە بە خۆتان دەدەن کە خەڵکی دیکە سزا بدەن؟ لێکەوتەی تۆقاندن لە رێی سزادانەوە هەر لە دێر زەمانەوە و لە ڕژیمە یەک لە دوای یەکەکان دا هەبووەو تا ئێستاش درێژەی هەیە و خوازیارانی تایبەتی خۆیشی هەیە.
ئەوە ڕوونە کە مارکس بنەمای سەرەکی ئەم مەسەلە لە شوێنێکی دیکە دەبینێت و خۆی لە لێکدانەوەی هەڵە و ناواقیعی دەپارێزێ. ئەو لەم نووسینەدا بە هێنانەوەی وتەیەک لە هێگل، کە بە جۆرێک داڕشتنی وشک لە ڕوانگەی کانت لە بواری کەرامەتی لاوەکی ئینسان دەزانێ، هێرش دەکاتە سەر ئیدۆلۆژی ئاڵمانی کە پێگەی تاوانبار لە ئاستی ئیرادەیەکی ئازاد و سەربەست بەرزدەکاتەوە و بەمشێوە، وابەستەگی تاوانبار بە کۆمەڵگا و پرسە ئابووری_کۆمەڵایەتیەکان لەبەرچاو ناگرێت. پرسێ کە دواتر بووە بابەتی سەرەکی تاوانناسی مارکسیستی.
روانینێک بۆ پرسی مافناسی مارکسیزم
مارکس خوێندکاری بەشی مافناسی و باوکی پارێزەری دادگا بوو. بەم حاڵەشەوە لە نێوان بەرهەمەکانی مارکس دا بە کەمی دەتوانرێ بابەتێکی پوخت و داڕێژراو لە سەر بنەمای پرسی ماف بەرچاو بکەوێت. بۆیە پرسی بنەمایی ماف لە فەلسەفەی مارکس دا دەبێ لە رێگەی ئەندێشەو تێڕوانینەکانیدا خوێندەوەی بۆ بکرێت. لە روانگەی مارکسەوە هۆکاری سەرەکەی هەموو ئەوانەی کە بە ژێرخانی کۆمەڵ ناوی لێدەبرێ، ڕاستیەکانی ژیان و ئەو پێوەندیانەیە کە بەرهەمی سازوکاری ئابووری کۆمەڵایەتین. ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە ژیانی فیکری مرۆڤەکان، وشیاری، ناکۆکیە ئەخلاقیەکان، بایەخە کۆمەڵایەتیەکان، سیستەمی یاسایی و چۆنیەتی ماف و ئازادیەکان پێناسە دەکات.
وتەیەکی بە ناوبانگی مارکس لە ئیدۆلۆژی ئاڵمانی دەڵێ، هەندێ کات ئەوە مرۆڤ نیە کە ژیان دیاری دەکات بەڵکوو ژیان و بوونی واقیعی ئەوانە کە وشیاری مرۆڤەکان شکڵ پێدەدات. لەم ڕوانگەوە مافی مرۆڤ و هەموو ئەو یاسایانەی لەم بوارەدا پێناسە کراون، هەموو دەبێ بەرهەمی مێژوو و ئەو خەباتە بێ کە لە پێناویدا تێکۆشان کراوە. هیچ جۆرە چوارچێوەیەکی دیاریکراو لە ماف یا ئازادی ناتوانرێ بە شێوەی سرووشتی و لە پێشدا داڕێژراو پێناسە بکرێت. بە پێی رێنماییەکانی مارکسیزمی کلاسیک، تاکە ڕاستی بنەمایی و سەرەکی کە هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەگەڵی رووبەڕوو بووە، بارودۆخی ماددیە کە ئینسانەکان لە قۆناغی سەرەتاییەوە لەناویدان. هیچ گەڵاڵە و ئیدەیەکی لەپێشدا داڕێژراو بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە کۆمەڵگایەکی رووت و بێ کلتوور، ئەخلاق، بایەخە کۆمەڵایەتیەکان یەکتریان دۆزیوەتەوە، لە ئارادا نەبووە. بە لێکدانەوەی لووک فروتێر نووسەری بەرهەمی، دەربارەی ئەندێشەکانی ئالتووسەر، لە روانگەی ماتریالیستەکان، وتنی ئەوەی کە خەڵک خاوەنی خسڵەتی دەروونین کە بە هەرکام لە ئێمە وەکوو جۆری مرۆڤ پێوەندی هەیە، وەکوو پێگەی تاکەکەسی، ماف، ئازادی، ئینسانیەت، بەڵێن و … بابەتێکی هەڵخڵەتێنەرو درۆیینەیە.
بەم پێیە هیچ مافێکی سرووشتی و زاتی ناتوانرێ بوونی هەبێت. هەموو ئەو ماف و ئازادیانەی ئەمڕۆ ئێمە دەیانناسین و بەرگری لێدەکەین، تەنانەت بنەماییترینی ئەوانە کە مافی ژیانە، بەرهەمی خەبات لە ڕەوتی مێژوو و پاشەکشە بەو پێکهاتانەیە کە لەسەر بنەمای سەرکوت و دەسەڵات راوەستاون. مافی ژیان و هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدامیش ناتوانێ لە دەرەوەی ئەم باسە بێت. ئەمڕۆکە ئێمە مافی ژیان وەکوو بنەماییترین ماف دەناسین، بەو واتای کە ماف و ئازادیەکانی دیکە لە ژێر کاریگەری ئەم مافە سەرەتاییەدایە. بەڵام ئایا هەمیشە بارودۆخ وەهایە؟ بۆ وێنە لە کۆمەڵگایەکی کۆیلایەتیدا چۆن دەکرێ باس لە مافی ژیان بکرێ؟
لە لایەکی دیکەوە پەسەندکردنی مافی ژیان بەو مانای ئێمە ئەمڕۆ دەیناسین بەرهەمی سەردەمی رۆشەنگەری و ڕەواندنەوەی ئەو خەیاڵانە بوو کە گیان و ژیانی مرۆڤی تایبەت کردبوو بە خواوەند. کەواتە پێکهاتنی مافی ژیان بابەتێکی تەواو عەینی و مێژووییە و ناکرێ لەگەڵ هیچ مانایەکی نامۆی دیکە وەک ( کەرامەتی زاتی مرۆڤ) گرێ بدرێت. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بەڵگەکانی مارکس لە بابەت دژایەتی لەگەڵ حوکمی ئێعدام دەبینین کە مارکس لەو نووسینەدا هیچ باسێکی لە کەرامەتی زاتی ئینسان یان دەستەواژەی لەو چەشنە نەکردووە. لە کاتێکدا بەتایبەتی بە بەکارهێنانی دەستەواژەی کەرامەتی ئینسانی ئاشنایەو هەم لەم نووسینەدا لەو شوێنەی دەگەڕێتەوە بۆ روانگەی کانت ئاماژەی پێداوە.
لە لایەکی دیکەوە لە روانگەی مارکسەوە، خوازیارانی سزای ئێعدام ناتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە بنەماییە بدەنەوە کە بە چ هۆکارێک بە هۆی ئەوەی کۆمەڵگاو تاوانباران ئەزموون وەربگرن، دەبێ بەهرەو ئەزموون لە کوشتنی تاوانباران وەربگریدرێ؟
تاوان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیەو بەرهەمی کۆمەڵگایەکە تێیدا گەشەی کردووە. بەڵام کۆمەڵگا بە جێی ئەوەی بەرپرسیایەتی خۆی لەمبارەوە هەڵبگرێت، هەوڵی ئەوەیە بە کوشتنی تاوانبار، بە جۆرێک نیشانی بدات کە ئەو ئەرکی خۆی لەمبارەوە بەجێ هێناوە. لە حاڵێکدا تاوان لە بۆشاییدا رووی نەداوەو تاوانباریش ئیرادەیەکی سەربەخۆی لەمبارەوە نەبووە. پێدەچێ نەک تەنیا لە لێکدانەوەی ئەو تاوانانەی بە سزای ئیعدام کۆتاییان دێ، بەڵکوو لە تاوتوێکردنی تاوانەکانی دیکەشدا ڕەتکردنەوەی لێکدانەوەی لاوەکی، گرینگترین و سەرەکیترین رێنوێنی تاوانناسی مارکسیستی بێت.
ئێستا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دا، دەبینین کە کردارێکی جەنایەتکارانە و نامرۆڤانە بە ئاشکرایی و بێ پریگانەوە و ڕێزدانان بۆ ژیانی ئیسانەکان، بەناوی سزای ئێعدام بەڕێوە دەچێت. پاساوی ئەم دەسەڵاتە جەنایەتکار و ئینسان کوژەش هەر ئەوەیە کە نەیارە سیاسیەکانی و کەسانی دیکە بە پاساوی دیکەی جۆراو جۆر، و بە شێوازی جۆراو جۆر ئێعدام دەکات، بەناو بۆ ئەوەی ببنە پەنەد و عیبرەت بۆ کەسانی تر. هەروەک لە خودی بابەتەشدا ئاماژەی پێدراوە، ئەوکات لە کۆندا ئەو حوکمانە ئاکامی پێچەوانەیان هەبووە و بکەرانی نەیانتوانیوە مەبەستی خۆیان بپێکن، لە ئێستادا هەروایە. بۆیە بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامیش قەت ناتوانێ ئاکامی جێی سەرنجی لەو کردارە دڕندانەیە وەربگرێت، و بە پێچوانە زۆر بە توندی بە دژی خۆی دەشکێتەوە و وەک دەسەڵاتە دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆکانی پێشوو، بەرەو مەرگ و نەمان پاڵی پێوەدەنێت.