ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٥ی خاكه‌لێوه، دانیشتووانی شاری وان له باكووری كوردستان بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام دووكان و بازاڕه‌كانیان داخست و دژبه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان خۆپێشاندانیان كرد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ له شاره‌كانی وان، ئامه‌د، ئیزمیر، ماردین، باتمان، ئیستانبوول، ئادانا، شڕنا‌خ، گه‌ڤه‌ر و سێرت بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام دژبه كوده‌تای سیاسی ده‌وڵه‌تی ئاك پارتی و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی “عه‌بدۆڵڵا زه‌یدان”، شاره‌داری هه‌ڵبژێردراوی پارتی دیمۆكراسی و به‌رابه‌ری گه‌لان، خۆپێشاندانیان كردووه. به‌وته‌ی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، ٩٨ خۆپێشانده‌ر ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، برای یه‌كێك له به‌ربژێره‌كانی ده‌م پارتی گیانی له‌ده‌ست داوه و چه‌ندین كه‌سیش بریندار بوون. هه‌روه‌ها “سینان چفتیورك” سه‌رۆكی پارتی كۆمۆنیستی كوردستان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه دراوه‌ته به‌ر لێدان و به‌سه‌ختی بریندار بووه. به‌پێی دوایین زانیاری، لایه‌نگران و به‌رپرسانی پارتی كۆماریخوازی گه‌لان سه‌ردانی وانیان كردووه و په‌یوه‌ست به خۆپێشانده‌ران بوون. هه‌روه‌ها كانوونی پارێزه‌رانی توركیاش له ئیستانبوول بۆ پشتیوانی له خه‌ڵكی باكوری كوردستان كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێزه‌كانی پۆلیس هێرشیان كردۆته سه‌ریان.