ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢١ی گه‌لاوێژ، كۆمه‌ڵێك له به‌ندكراوانی سیاسی زیندانی ڕه‌شت بۆ پشتیوانی له “مه‌نووچێهر فه‌لاح” مانیان له خواردن گرت و له زیندانی ئێڤین، “عه‌لی یوونسی” و “ئه‌میرحسێن مورادی” له ناڕه‌زایه‌تی به ئه‌شكه‌نجه و لێدانی به‌ندكراوانی سیاسی ژن، ده‌ستیان دایه مانگرتن.
به‌پێی ڕاپۆرتی كانوونی مافی مرۆڤی ئێران، “مه‌نووچێهر فه‌لاح” ماوه‌ی ٢٠ ڕۆژه له زیندانی لاكانی ڕه‌شت دژ به ناڕوونی چاره‌نووسی مانی له خواردن گرتوو و دۆخی ته‌ندرووستی ناجێگیره. ڕۆژی ڕابردوو، كۆمه‌ڵێك له به‌ندكراوانی سیاسی ئه‌و زیندانه، بۆ پشتیوانی له مه‌نووچێهر ده‌ستیان دایه مانگرتن له خواردن و خوازیاری جێبه‌جێكردنی داواكاری ئه‌و به‌ندكراوه بوون. شایانی باسه كه به‌رپرسانی زیندانی ڕه‌شت وه‌سیقه‌ی قورسی پێنج میلیاردیان بۆ مه‌نووچهر داناوه به‌ڵام ناوبراو توانای دابینكردنی نییه و ئێستا به‌هۆی مانگرتن وه‌شیاری له‌ده‌ست داوه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، “ئه‌میر حسێن مورادی” و “عه‌لی یوونسی”، دوو به‌ندكراوی سیاسی ڕاگیراو له زیندانی ئێڤین، له ناڕه‌زایه‌تی به لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ی به‌ندكراوانی ژن كه له ئاست له‌سێداره‌دانی ڕه‌زا ڕه‌سایی ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیبوو، مانیان له خواردن گرتووه.