به‌داخه‌وه ڕۆژی شه‌ممه ١٤ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٢، تێكۆشه‌رێكی دێرینی كۆمه‌ڵه به ناوی كاك “ڕه‌ئووف باباییان”، برای هاورێیانی گیانبه‌ختكردوو “عه‌لی و جه‌ماڵ باباییان” به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له وڵاتی نۆ‌رویژ ماڵئاوایی له ژیان كرد.
كاك ڕه‌ئووف ساڵی ١٣٣١ی هه‌تاوی له شاری سه‌قز له‌دایك بوو، پاش ئاشكرابوونی خه‌باتی كۆمه‌ڵه له ساڵی ٥٧ی هه‌تاویدا، له جهمعیهتهكانی شاری سه‌قزدا ده‌ستی به كار و چالاكی كرد. كاك ڕه‌ئووف وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و خۆشناوی ناو ڕێزه‌كانی شۆڕشی حه‌قخوازانه‌ی كوردستان، شوێن په‌نجه‌ی دیار بوو. هاوكات هه‌ر یه‌ك له براكانی كاك ڕه‌ئووف، واته هاوڕێیان عه‌لی و جه‌ماڵ تێكه‌ڵ به ڕیزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه بوون. به‌داخه‌وه هاوڕێ عه‌لی باباییان ساڵی ٥٨ی هه‌تاوی له سه‌قز گیانی به‌ختكرد و هاوڕێ جه‌ماڵ باباییان ساڵی ٦٤ی هه‌تاوی له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ئاوایی “قوڵ ئه‌ستێره”ی بانه تێكه‌ڵ به كاروانی نه‌مران بوو. به داخه‌وه ئه‌و تێكۆشه‌ره خوشه‌ویسته ڕۆژی شه‌ممه ١٤ی ڕێبه‌ندان به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی له ژیان كرد. له‌لایه‌ن هه‌موو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی خزم و كه‌س و كاری ده‌كه‌ین و خۆمان به شه‌ریكی خه‌میان ده‌زانین.