“منم سەدیق کەمانگەر” ، دەنگی دلێری شۆڕش و چەوساوەکان دژ بە زاڵم و سەرکوتگەر

حەسەن ڕەحمان پەناە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێ سەدیق کەمانگەر یەکێک لە ڕابەرە دیارەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە ئێرانە. كاتژمێر ٢ی به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی ١٣ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٨هەتاوی، هاوڕێ سه‌دیق كه‌مانگه‌ر ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌، یەکێک لە یەکەم تێکۆشەران و هەڵسووڕاوانی سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵە، ئەندامی کانوونی پارێزەرانی ئێران، ئەندامی شۆڕای شاری سنە، وتەبێژی جەسوور و و بەتوانای بزووتنەوە و خەباتی ڕادیکاڵی جنووبی کوردستان بوو. هاوڕێ سەدیق له‌ حاڵێكدا كه‌ سەرقاڵی نووسینی وتارێك بۆ “ده‌نگی شۆڕشی ئێران، ڕادیۆ كۆمه‌ڵه‌” بوو، له‌ كرده‌وه‌‌یه‌كی جینایه‌تكارانه‌ و تروریستی له‌ لایه‌ن خائین و به‌كرێگیراوێكی كۆماری ئیسلامییەوە هێرشی كرایه‌ سه‌ر و پاش ماوەیەکی کەم ژیان ، گیانی به‌ختكرد.
هاوڕێ سدیق کەمانگەر ساڵی ١٣٢٥ی هه‌تاوی له‌ ئاوایی “ئافریان”ی سه‌ربه‌ شاری كامیاران له‌دایك بوو. قۆناغی خوێندنی سه‌رتایی تا دواناوه‌ندیی له‌ كامیاران و كرماشان تێپه‌ڕاند. له‌ ساڵی ١٣٤٤ ڕۆیشته‌ زانكۆی تاران و ساڵی ١٣٥٠ی هه‌تاوی بڕوانامه‌ی كارناسیی باڵای له‌ زانكۆی زانسته‌ سیاسییه‌كان وه‌رگرت. له‌ ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی ١٣٥٠ی هه‌تاوی به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ناكۆكیی نێوان جووتیاران و خه‌ڵكی ئاوایی دارسێرانی مه‌ریوان له‌گه‌ڵ مالک و فێئۆداله‌ كورده‌كان، كه‌ شكڵی خه‌باتێکی جه‌ماوه‌ریی به‌خۆ گرتبوو، هاوڕێ سەدیق وه‌ك پارێزه‌رێکی جەسوور و خەڵکی ، دیفاعی له‌ مافی جووتیاران كرد. هه‌روه‌ها له‌ مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ٥٧ی هه‌تاوی بۆ پشتیوانی له‌ مانگرتن له‌خواردنی به‌ندكراوانی سیاسی له‌ زیندانی سنه‌ کە لە لایەن کاک فۆئاد مستەفا سۆڵتانی ڕێبەری دەکرا ، یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی له‌ به‌رامبه‌ر بینای دادگوسته‌ریی ئه‌و شاره‌ ڕێكخست.
هاوڕێ سەدیق كه‌مانگه‌ر سیمای دره‌وشاوه‌ و خه‌باتكار و به‌ ئه‌زموونی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی، یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین و خۆشناوترین ڕێبه‌رانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان، ئاژیتاتۆر و وته‌بێژی هه‌ڵكه‌وتووی جه‌ماوه‌ریی بوو. له‌ پتر له‌ چوارده‌یه‌ بەر لە گیانبه‌ختكردنییه‌وه‌، خه‌بات له‌ ڕێگای ڕزگاریی چینی كرێكاری كردبووه‌ ئامانجی ژیانی خۆی و له‌مه‌وبه‌دوا ژیانی پڕله‌ هه‌ڵسووڕانی له‌گه‌ڵ خه‌باتی كۆمۆنیستی و شۆڕشێگڕانه‌ تێك هه‌ڵكێشرا. ده‌ستپێكی خه‌باتی ڕێكخراو، له‌ناو ڕێكخراوی نهێنی كۆمه‌ڵه‌ له‌ یه‌كه‌مین مانگه‌كانی دامه‌زرانیه‌وه‌، ده‌ركه‌وتن وه‌ك ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌ سه‌رده‌می شۆڕش دژبه‌ ڕژیمی شا، بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین به‌یانییه‌ وه‌ك وته‌بێژی ناوه‌ندی پارێزه‌رانی ئێران، بوون به‌ ڕێبه‌ر و وته‌بێژی به‌ره‌ی چەپ و ڕادیكاڵی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كۆنه‌په‌رستانی خۆجێیی و ئایینی له‌ جنووبی كوردستان، بوون به‌ ڕێبه‌ری جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو له‌ شاری سنه‌، پاشان دره‌وشانه‌وه‌ی وه‌ك زمانی پاراو و ئاگرینی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو دژبه‌ ڕژیمی تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامی له‌ جه‌ره‌یانی نه‌ورۆزی خوێناوی سنه‌ و له‌ شۆڕای شۆڕشگێڕ‌ی ئه‌و شاره‌، پێناسه‌كرانی له‌گه‌ڵ داخوازیی و بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێشی شار و گوندەکانی كوردستان، به‌شداریكردن له‌ نه‌به‌ردی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ كوردستان وه‌ك فه‌رمانده‌ەیەکی نیزامی جەسوور و کارامە ، سه‌رپه‌رشتی و به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌نگی شۆڕشی ئێران(ڕادیۆ كۆمه‌ڵه‌)، كه‌ خۆی یه‌كێك بوو له‌ نووسه‌ران و وتاربێژانی به‌ناوبانگی ئەو ڕادیوی و ڕەوتە ، به‌شداریكردن له‌ چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌ سیاسی و ته‌شكیلاتییه‌كان وه‌ك ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و كۆمه‌ڵه‌، به‌شێك له‌ كارنامه‌ی سیاسیی پڕبار و پەردەست کەوتی هاوڕێ سەدیق كه‌مانگه‌ر پێكدێنن.
ڕق و کینەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە هاوڕێ سەدیق کەمانگەر، جگە لە ترس و خۆفی ئەوان سەبارەت بە پێگەی کۆمەڵایەتی و خەباتکارانەو دەوری ڕێبەری ، دەگەڕێتەوە بۆ بەهار و نەورۆزی خوێناوی شاری سنە. هاوڕێ سەدیق لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری سنە، کە نزیکەی سەرجەم بەرپرسە پلە یەکەمەکانی کۆماری ئیسلامی جگە لە خومەینی، تیایدا بەشداربوون، لێبڕاوانە دیفاعی لە خەڵکی کوردستان و داواکارییەکانیان کرد، جینایەتی فەرماندەکانی پادگانی سنەی بەهۆی ئەوەی کە دانیشتوانی بێ دیفاعی شارەکەیان بە ئامانج گرتبوو، بە تووندی مەحکووم کرد.

لە وڵام بە “تاڵەقانی” کە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات و دەڵێت سەدیقی کەمانگەر کێیە کە فەرمانی چەککردنی پادگانی ژاندارمری سنەی داوە و دەبێت ئێعدام بکرێت ” ، لە کۆبوونەوەکەدا جەسوورانە هەڵستا سەر پێ و ڕاشکاوانە ڕووی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی: “بەڵێ، من، سەدیق کەمانگەرم، وەک بەرپرسی شۆڕای شار، بە مەبەستی بەرگریکردن لە خەڵکی شارەکەم، فەرمانی چەک کردنی پادگانی ژاندارمریم دەرکردووە”. تاڵەقانی کە ئەو جەسارەت و لێبڕاویەی دیت پاشەکەشی کرد و “بەهەشتی” یش کە لەو کۆبوونەوە بوو، هەوڵی ئارامکردنی جەوەکەی دا. بەڵام هەر لەو کاتەوە بەرپرسانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی ڕق و کینەیان لە دژی سەدیق کەمانگەر لەدڵ هەڵگرت و بەردەوام لە فکری پیلانگێڕیدا بوون بۆ لەناوبردنی جەستەیی ئەو ڕابەرە مەزنە. بەداخەوە ئەو پیلانگێڕییە سەرەنجام لە ١٣ی خەرمانان و دوو ڕۆژ دوای وتارە مێژووییەکەی لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، بەکردەوە دەرهات و لە لایەن تیروریستێکی کۆماری ئیسلامی کە خۆی خزاندبووە نێۆ ریزی پێشمەرگەی کۆمەڵە تیرور کرا. بە لە دەست دانی هاوڕی سەدیق، کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە و جەماوەری، ڕابەرێکی بە تونا و لێوەشاوەیان لە دەست دا کە کەلێن و بۆشایی نەبوونی تا ئێستایش بە هەمووانەوە دیارە.
کاک سەدیق ڕابەرێکی دڵسۆز، خەڵکی ، خاکی و کرداری بوو. نە باوەری بە ڕابەرانی کاریزما و هەمەفەن حەریف بوو، نە خۆیشی ئەو کەسە بوو ، بەڵکوو باوەڕی تەواوی بە ھێزی جەماوەری ھوشیار ، یەکگرتوو و ڕێکخراو بۆ ڕزگاری و ئیدارەی خۆیان و کۆمەڵگا بوو . ئەرکی تەفسیری دونیای بۆ خۆی دانەنابوو،بەڵکوو هەوڵی گۆڕینی بە کردەوەی ژیانی هەژاران و چەوساوەکانی دەدا . هەر بۆیەیش وەک هاوڕێ ، مامۆستا و ڕێبەری لێزان لە نێو دڵی جەماوەری تینووی ئازادی و سەربەستی جێگای خۆی کردەوە . زەمن دەگوزەرێت ، بەڵام یاد و ئەزموون و بیرەوەریەکانی هەر نوێ و زیندوون . ئەمڕۆ و بزووتنەوەی “ژن ، ژیان ، ئازادی” بۆ بەرەو پێش چوون و بەسەر مەقسەدی سەرکەوتن و حەسانەوە گەیشتن ، لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە ڕابەرانێکی لە خۆبووردوو و فداکاری وەک کاک سەدیق و بیروباوەر و ڕێبازەکەی لە ناخی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی لە حاڵی هەڵکشان و بەرەو پێش چوون هەیە.
یادی ئازیزی هاوڕێ سەدیق کەمانگەر، زمانی ئاگرینی شۆڕش و جەماوەری ڕاپەڕیو، موبەلغ و ئاژیتاتۆری کۆمۆنیست، فەرماندەی بەتوانا و لێهاتووی نیزامی، بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندوو دەمێنێتەوە.

یادی ئازیزی هەرمان و رێگای سووری پڕ ڕێبوار بێت .

١٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net