مەحکوومکردنی جیهانیی کۆماری ئیسلامی

لە ڕۆژێکدا کە دەکرێ وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی سەیر بکرێت، شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنێکی بەپەلەدا لە ژنێڤ، بە ٢٥ دەنگی ئەرێ، بڕیارنامەیەکی لە ئیدانەکردنی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران پەسەند کرد. ئەو دەنگدانە کە لانیکەم بە پشتگیری ٥٠ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، ئەوە نیشان دەدات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چیتر ئامادە نییە لە بەرامبەر توندوتیژیی سیستماتیکی دژ بە خەڵکی ئێران بێدەنگ بێت. ئەو دانیشتنە تایبەتە کە لەسەر داواکاری وڵاتەکانی وەک ئیسلەند، ئاڵمان و بریتانیا ڕێکخرابوو، لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتی لە ئێران بە توندوتیژییەکی بێوێنە سەرکوت کراوە. لەو دانیشتنەدا، وۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆر ڕاشکاوانە داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد کە کۆتایی بەسەرکوتکردنی توندوتیژانەبهێنن و ڕەوتی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان ڕابگرن. ناوبراو ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە چارەنووسی دەستبەسەرکراوان دەربڕی، لە کاتێکدا شەپۆلی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ هاوکات لەگەڵ توندوتیژی سەر شەقامەکان هەروا بەردەوامە.

ئەم هاوپشتییە جیهانییە دەرخەری ئەوە ڕاستییەیە کە سەرکوت لە ئێران ئیتر تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو بووەتە قەیرانێکی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتی دا. بە پەسەندکرانی ئەم بڕیارنامەیە بۆ ماوەی ساڵێک ئەرکی هەواڵنێری تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها ئەرکی کۆمیسیۆنی ڕاستی دۆزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکرایەوە. ئەم بڕیارە لەو سۆنگەیەوە گرنگە کە زەمینە بۆ بەدیکۆمێنت کردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانە ئەنجامدراوەکان خۆش دەکات، بۆ ئەوەی لە دۆسیە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوودا کەڵکی لێ وەربگیرێت. پەیام ئەخەوان، پارێزەری ئێرانیکانەدایی و داواکاری گشتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکوتی ئەم دواییەی بەخراپترین کوشتاری بەکۆمەڵ لە مێژووی هاوچەرخی ئێرانداوەسف کرد و داوایساتێک نورنبێرگی کرد، واژەیەکی کە ئاماژە دەکات بە دادگاییکردنی نێودەوڵەتی بەرپرسەکانی نازیی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم. ئەم داواکارییە لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی باڵا پێداگری دەکات و پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە چیتر سەردەمی پارێزراوبوون و خۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی دژ بە مرۆڤایەتی لە یاسا کۆتایی هاتووە.

ما عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ ڕەوابوونی بەپەلەی ئەو دانیشتنەی شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەت کردەوە و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران مەشروعییەت و ڕەوایەتی ئەم دانیشتنە تایبەتە و بڕیارنامەکانی دواتری بە فەرمی ناناسێت. ناوبراو وتی، ئەو کەسانەی کوژراون لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هانداروبوون بڕژێنە سەر شەقامەکان.

ئەم گێڕانەوەیە کە بەشێکە لە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی حکوومەت بۆ پاساوکردنی سەرکوتەکان، لەگەڵ گەلێک شایەتحاڵ و بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بەرەوڕووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە، بارودۆخێکی کە بە وتەی ئەوان خوێناویترین سەرکوتە لە کاتی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ەوە.

سارا حوسێن، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕاستی دۆز سەبارەت بە ئێران وتی: ئێمە شاهیدی توندوتیژی و کوشتار و سەرکوتکردنێکی بێ وێنە بووین لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ەوە. ناوبراو هەروەها وتی،ڕاپۆرتەکانمان ئاماژە بە پێشێلکارییەکی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەوانە کوشتن و توندوتیژی جنسی و جۆرەکانی تری ئەشکەنجە دەکەن، هێزە ئەمنییەکان چەکی سووک و نیوە قورسیان لەدژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و لە ئاکامدا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە. دیمەنی دڵتەزێنی سەدان تەرم و ئەو بنەماڵە خەمبار و  نیگەرانانەی کە بەدوای کەسە نزیکەکانیاندا دەگەڕێن، لەبەرچاومان لاناچێت. ٢٤ هەزار خۆپیشاندەری ناڕازی و لەوانە منداڵان دەستبەسەرکراون و ١٠٠ دانپێدانانی زۆرەملێ بڵاو کراوەتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندەران بە موحارەبە تۆمەتبار دەکەن، تۆمەتێکی کە سزای لەسێدارەدانی بەدواوەیە.

پشتیوانی بەربڵاو لەم بڕیارنامەیە و پەسەندکرانی بە زۆرینەیەکی بەرچاو، نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی تا دێت گۆشەگیرتر دەبێت. ئەوەی کە لە ژنێڤ ڕوویدا، کاردانەوەیەکی ئەولاتر لە بڕیارنامەیەکە. ئەم دانیشتنە نیشانی دا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چیتر ئامادە نییە چاوپۆشی لە سەرکوتی سیستماتیکی ئێران بکات و لە ڕێگەی ئامرازە یاساییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەوڵ دەدات ڕێگایەک بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری بکاتەوە. درێژکردنەوەی ئەرکی چاودێریکردن و بە بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، دەتوانێت یەکەم هەنگاو بێت لە رێگایەکی دوور و درێژ بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی ئەم تاوانانە. چارەنووسی ئەم دۆسیەیە و لێکەوتەکانی نەک تەنیا بۆ ئێران، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان گرنگە. لە سەردەمێکدا کە سنوورە جوگرافییەکان چیتر ناتوانن ڕێگری بکەن لە گەیشتنی دەنگی قوربانیان بە ڕای گشتی جیهان، کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێت کە چیتر ناتوانێت لەژێر سێبەری پارێزراوبوون دا درێژە بە سەرکوتکردن بدات. ئیدانەکردنی جیهانیی، دەستپێکی ڕێگایەکە کە دەتوانێت بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە دڕندە و دژە خەڵکییە کۆتایی پێبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net