مەرگی سیستماتیک لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، سیاسەتی سەرکوت تاکە ستراتێژی مانەوە

مەرگی سومەییە ڕەشیدی، زیندانییەکی سیاسی کە بەهۆی کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنی بە ئەنقەستی بەرپرسانی زیندان بە باری تەندروستییەکەی، گیانی لەدەستدا، تەنیا کارەساتێکی مرۆیی نییە، بەڵکوو نموونەیەکی ئاشکرای ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە کە کۆماری ئیسلامی لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی خۆیدا بەکاری دەهێنێت. ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، هاوکات لەگەڵ مەرگی هاوشێوەی جەمیلە عەزیزی، سودابە ئەسەدی، بێکتاش ئابتین، بێهنام مەحجووبی و ئەوانی تر، ئەوە نیشان دەدات کە مردن لە زیندانەکانی ڕێژیمدا نە بەڕێکەوتە و نە ڕووداوێکی چارە هەڵنەگر، بەڵکوو بەرهەمی سیاسەتێکی ئاگایانەیە بۆ لەناوبردنی دژبەران. بە وتەی ٤٥ زیندانی سیاسی شایەتحاڵ و ١٥٠ زیندانی سیاسی پێشوو کە لە بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی هاوبەشدا بڵاویانکردووەتەوە، سومەییە ڕەشیدی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە بەرچاوی هاوبەندەکانیدا تووشی گەشکە و تێکچوونی باری تەندروستی توند بووە. بەڵام هەرجارە و دوای گواستنەوەی بۆ ماوەیەکی کورت بۆ بنکەیەکی تەندروستی، بەبێ خەواندنی لە نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دەگەڕێنرایەوە بۆ زیندان. ئەم ڕەفتارە سەرەڕای چەندین جار هۆشداری بە بەرپرسانی ڕێژیم، هەروا بەردەوام بوو و سەرەنجام بووە هۆی گیان له‌ده‌ستدانی. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە مەرگی سومەییە بەشێکە لە هەڵسوکەوتێکی سیستماتیک و بە ئەنقەست. کاتێک کە زیندانییە نەخۆشەکان بەردەوام لە دەوا و دەرمان بێبەش دەکرێن و هۆشدارییەکان پشتگوێ دەخرێن، ئەم کەمتەرخەمییە خۆی دەبێتە جۆرێک لە ئەشکەنجەدان و کوشتن. کۆماری ئیسلامی بەم هەڵسوکەوتە نیشانی دەدات کە ژیانی زیندانیانی سیاسی بەلایەوە هیچ بەهایەکی نییە و بێبەشکردن لە دەوا و دەرمان ئامرازێکە بۆ سەرکوت و ترس و تۆقاندن. بێبەشکردن لە دەرمان، درەنگ ناردنی بە ئەنقەستی زیندانیان بۆ نەخۆشخانە، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پزیشکی پسپۆڕ و گەڕاندنەوەی نەخۆش بۆ بەندەکانی زیندان بەبێ ڕەچاوکردنی جێگە و شوێنی گونجاو بۆ خەواندن و چارەسەر، سەرجەمیان بەشێکن لە سیاسەتێکی دیاریکراو: شکست پێهێنانی خۆڕاگریی، کپکردنی دەنگەکان لە کاتێکدا ژیانی زیندانییەک بەهۆی نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمان دەکەوێتە مەترسییەوە، هەڵگری پەیامێکی ڕوونە: دەربڕینی ناڕەزایەتی تاوانە و خۆپیشاندەران تەنانەت مافی چارەسەریشیان نییە.

واقیعییەت ئەوەیە کە بەبێ زیندان و زیندانیی سیاسیی، کۆماری ئیسلامی یەک ڕۆژ لە دەسەڵاتدا نامێنێت. ئەم ڕێژیمە بنەمای دەسەڵاتەکەی لەسەر سەرکوت و ترس و خۆف و کپکردنی دەنگی نەیارانی خۆی بنیات ناوە. هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پشت ئەم توندکردنەوەی سەرکوتە ڕوونە. حکوومەت نوقمی گێژاوی زنجیرەیەک قەیرانی گەورە و چارە هەڵنەگرە، لەوانە: ناڕەزایەتی قووڵی کۆمەڵایەتی، شەپۆلی داواکاری کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران و دادخوازان و لاوازبونی تۆڕە پشتیوانییە دەرەکییەکانی کە بڕیار بووقوڵایی ئەمنییەتیڕژێم بن. سەرکوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە دەرەوە و توندکردنەوەی گوشارەکان لەناو زیندانەکاندا بووەتە تاکە ستراتێژی مانەوەی ڕێژیم. لە ڕاستیدا زیندانیکردن و ترس و تۆقاندن بوونەتە کۆڵەکەی سەرەکی ئەم دەسەڵاتە. بەڵام کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئێستا ئیتر قۆناغی ترسیان تێپەڕکردووە. ڕژیم ناتوانێت بە مەیلی خۆی کەشوهەوای ترس و خۆف بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات. جەماوەری ناڕازی و بێزار لە کۆماری ئیسلامی، لە بەرامبەر تاوانکاریی ناو زیندانەکان بێدەنگ و بێ هەڵوێست نابن. بڵاوبوونەوەی بەیاننامە ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی وڵات و بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان و ئاشکراکردن و لەقاودانی بەردەوامی تاوانەکانی ڕێژیم، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.

خەبات لەپێناو ئازادی زیندانیانی سیاسی و پشتیوانی لە بنەماڵەکانیان، هەنگاوێکی جیددییە لە خزمەت بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی سیستەمێک کە تێیدا هیچ ئاسەوارێک لە ئێعدام و زیندانیانی سیاسی بوونی نەبێت. بێ گومان لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی، دەرگای زیندانە سیاسییەکان تێکدەشکێن و ئەو ئینسانە شەریفانەی کە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەریدا، ئەشکەنجە و مەرگیان بە گیان کڕیوە، سەربەرزانە دەگەڕێنەوە باوەشی جەماوەر. بەڵام تا ئەو ڕۆژە، زۆر گرنگە کە ملیۆنان ئینسانی ناڕازی، هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدان و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی و سەرەنجام ئازادکردنیان. دروشمیئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسیدەبێت لە هەموو شوێنێک دەنگ بداتەوە. نابێ هیچکەس بەتاوانی خەبات لەپێناو مافی ڕەوای خۆی، بە تاوانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە نەهامەتی ئابووری و ستەم و سەرکوتگەرییەکان، یان بە تاوانی بیروباوەڕی جیاواز و چالاکی سیاسی، دەستبەسەر و زیندانی بکرێت. تا ئەو ڕۆژەی کە دەرگای زیندانەکان بەڕووی ئەو کەسانەدا دەکرێتەوە کە بەهۆی بیروباوەڕ یان ناڕەزایەتی دەربڕین زیندانی کراون، ئەرکی سەرشانی هەر هاوڵاتییەک و هەر ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە هەموو ئامرازەکانی بەردەست بەکاربهێنن بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی ئەمڕۆ و ڕێگریکردن لە دووپاتبوونەوەی کارەساتەکانی دواڕۆژ. ئەگەر بڕیار بێت کەسانێک لە گۆشەی زیندانەکاندا بن، ئەوا تاوانباران و سەبەبکارانی ئەم دۆخەی ئێستان کە دەبێت بچنە زیندان، هەمان ئەو کەسانەی کە ژیان لە منداڵانی خەڵک زەوت دەکەن، ئەوانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا تاڵان دەکەن و ئەم بارگرانیی و ئازار و بێبەشی و نادادپەروەرییەیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.

لە ئاوا هەلومەرجێکدا، کاری یەکگرتووانە و هاوکارییەکی بەربڵاو لە دەوری دروشمی دیفاع لە ئازادی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای جینایەتکارانە، دەتوانێت هەنگاوێکی کردەیی و کاریگەر بێت. ئەو ڕێوشوێن و هەنگاوانەی کە دەتوانرێت بۆ ئەم مەبەستە بگیرێتەبەر بریتین لە: وەڕێخستنی کەمپەینی ڕاگەیاندن، کۆبوونەوەی مەیدانی کەم هەزینە، بۆ نموونە لە بەردەم زیندانەکان، بەدواداچوونی یاسایی و نێودەوڵەتی، بەڵگەمەندکردن و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکان، دامەزراندنی سندوقی پاڵپشتی بەمەبەستی خزمەتگوزاری یاسایی و دەروونی بۆ بنەماڵەی زیندانیان.

دەبێ دەستی کۆماری ئیسلامی لە گیانی ئەو ئازیزە بەندکراوانە کورت بکرێتەوە. تەنیا بە خەباتی یەکگرتووانە و ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریی دەتوانرێت بەر بەم کردەوە نامرۆڤانەیە بگیرێت و ڕێگا بۆ سیستەمێک خۆش بکرێت کە تێیدا جێگایەک بۆ لەسێدارەدان یان زیندانیانی سیاسی، بوونی نەبێت. بەڵام تەنیا ئەو جەماوەرە دەتوانێت ئەرکێکی وەها گەورە بە سەرەنجام بگەیەنێت کە شووشەی تەمەنی ڕژێم لە دەستی بەتوانای ئەواندایە. تەنیا بە خەباتی یەکگرتووانە و ناڕەزایەتیی جەماوەریی بەربڵاو دەتوانرێت ڕێژیم ناچار بکرێت دەست لەمجۆرە کردەوە نامرۆڤانە هەڵبگرێت و ڕێگا بۆ ئازادیی گشتی خۆش بکرێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net