سەعید ئەمانی:
لە زۆر شوێنی دنیا گەلێک ڕووداوی دڵتەزێن بوونەتە هۆکاری ڕاپەڕین و شۆڕش و ڕووخاندنی دەسەڵاتە دیکتاتۆڕ و ملهوڕەکان، لەوانە و وەک نمونە سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی ناسراو بە بەهاری عەڕەبی، کە بە هۆی ئاگر لە خۆبەردانی لاوی بێکار محەممەد بوعەزیز لە وڵاتی تونێسەوە سەری هەڵدا و تەختی دەسەڵاتی چەندین دیکتاتۆڕ و زاڵم و زۆرداری وەک دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە تونێس، میسر، لیبی و یەمەنی ژێر و ژوور کرد.
مەهسا ئەمینی( ژینا)، لە سەفەرێکی تەفریحیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شاری سەقزی کوردستانەوە چوون بۆتارانی پێتەختی وڵات بۆ ئەوەی کەمێک بای باڵی بدات و وەک هەموو هاوتەمەنەکانی بەرلە دەست پێکردنەوەی دەرس و زانکۆ و خوێندن، پشویەکی دابێت و بە دڵگەرمی پاش چەند رۆژی تر بچێتەوە و دڕیژە بە خوێندن و ئیشە ئاساییەکانی ژیانی رۆژانەی بدات. بەڵام لە تارانی پێتەختی وڵاتەکەی بەرەو ڕووی تاریک ئەندیشە مەئمور کراوەکانی گەشتی ئیڕشاد دەبێت، و کاتێک دەبینن چاویان بەوە هەڵنایەت کچێکی مۆدێرنی شارستانی و جوان و بەژن زراڤ بوێرانە، کەمێک سەرپۆشەکەی ئەمڕۆییانە بەسەردا داوە و وەک مرۆڤێکی شایی و متمانە بەخۆ، سەربەرز و گەردەن فەراز ڕێدەکات، بیانوی پێدەگرن و دەیبەن بۆ بەشی ئیڕشادی ئیدارە و لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا بە ڕادەیەک ئەزیەت و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ئەدرێت، زۆری پێناچێت گیان لەدەست ئەدات.
“ با بزانن“
سەعید ئەمانی
باش بزانن!
لەوڵاتیمن
ئەگەرقوقنوسیژینایەک
دەەسوتێنن
ژین کوژان و
مەرگ دۆستان
لەسوتوەکەی
بەملیۆنانمەهسایدیکەم
باڵدەگرنو
دێنە ئاسمانی تێکۆشان.
هەواڵی گیانبەخت کردنی ناجوامێرانە و مەزڵومانەی ژینا بە دەستی گەشتی ئیڕشادی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وەک بۆمب ئەتەقیتەوە و لە مەودایەکی کورتدا تەواوی کوردستان و ئێران، و تەنانەت سەرتاسەری دنیاش دەتەنێتەوە.
مەڕاسمی ئەسپەردە کردنی پەیکەری مەهسا ئەمینی، بوو بە شانۆی دەربڕینی قین و نەفرەت و بێزاری لە دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرست و دژی ژنی کۆماری ئیسلامی و هەر لەوێدا چەخماخەی ڕاپەڕین و ئاخێزێکی سەراسەری لێدارا و لە مەودایەکی کورتدا چەند مانگرتنی گشتی سەرکەوتوانە و خۆپیشاندانی گەورەی سەرتاسەری لە ئاستی کوردستان و ئێران و تەنانەت بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دنیای بە دوادا هات. بە کورەتی ئەو ڕووداوە کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانی بردۆتە قۆناغێکی نوێوە و ئامادەتری کردوە بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی تر لە گشت بوارە جۆراو جۆرەکاندا و لە وانە لە بواری هونەر و ئەدەبیاتدا. بواری ژێر و ژوور کردنی دەسەڵاتی ستەمگەرانی کۆنەپەرستیشی خۆش کردوە.
خوێنی مەهسا بوو بە هەوێنێ گیرسانی گەلێک خۆپیشاندان و ڕاپەڕین و بەرەنگار بوونەوەی ئاڵوگۆڕ خوازانە، کە ڕێبەریی و سەرکردایەتیەکەی لە لایەن ژنان و لاوان، و بەتایبەت کچانێکەوە ئاڕاستە دەکرێ کە سرودی” ژن، ژیان، ئازادی“یان لەسەر زار و یان سەرپۆشەکانیان لەسەر داگرتەوە و ئاگریان داون، و یان بەسەر دەستەوە ڕایاندەوەشێنن و کردویانەتە ئاڵا و پەرچەمی بزوتنەوە و خەباتێکی گەرم و گوڕ و سەرتاسەری ئەم قۆناغە.
لە ئاکامی ئەم ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی دەربڕینانەدا گەلێک لە کچان و کوڕان و منداڵ و تازەلاوان چوونە ڕیزی گیانبەختکردوانی ئەم ئاخێزە جەماوەری و شکۆدارەوە و هەرکامە و بەشبەحاڵی خۆی بووە بە ڕەمز و هێمایەک. کاریگەری ئەم ئاخێزە مەزنەی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و بۆ مەحکوم کردنی کوژرانی مەزڵومانەی لەسەر سلیبریتی و کەسایەتیە ناودارەکان بە گشت لایەنەکان، و هەموو چین توێژەکانی کۆمەڵگاوە بە شێوازێک بووە کە مرۆڤ کاتێک سەیری پەیجەکانیان دەکات لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، هەست بە قوڵایی و گەورەیی ئەو تەکان و شەکان و بومەلەرزیەی کە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران و تەنانەت دنیاشی هەژاندوە، دەکەی. شاعیران، هونەرمەندان، نووسەران، گۆرانی بێژان و کەسایەتیە خاوەن هەڵوێستەکان، هەرکەسە و بە شێوازی خۆی هەوڵیداوە بۆ دژایەتی کردنی جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەیەکی هەبێت. ناڕەزایەتی دەربڕین لە لایەن ئەو کەسانەوە لەم چەند دەیەی دواییدا بێ وێنە بووە و لە زۆربەی بوارەکاندا ئاڵوگۆڕی بەرچاوی دروست کردوە. لەوانە بە ڕوونی هەست دەکرێت لە بواری هونەری و ئەدەبیەوە ئێستا ئێمە چووینەتە قۆناغێکی تایبەت بە سەردەمەکەمانەوە و شاهیدی سەرهەڵدانی شێوازێک لە هونەر و ئەدەبیاتین کە مۆرکی ئەم قۆناغەی پێوە دیارە. بەرهەم ناتوانێ به ئیراده یان به داخوازی كهسێك بە شێوەیەکی کامل و سروشتی شکڵ بگرێت. ئەو له قوڵایی ههستی شاعیر و هەنەرمەندەوە له ساتهكانی ههڵچوون و گرژی و كردهوهیدا سهرچاوه دهگرێت و ههڵدهقوڵێ، دەبێ بابەتێکی تایبەت کە ناخی سمیوە هەژاندبێتی، وەک ئەو بەرهەمانەی کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە هەوێن و هاندەریان بووە.
شێعر یان هەر بەرهەمێکی تری ئەدەبی و هونەری بهشێك له ئهندیشه و عاتیفهی مرۆڤه كه به شێوهی سهرشار و له قاڵبێكی گونجاودا، كه بتوانێ ڕاگهیهنهر و شاهید و دهرخهری رووداو و ئهزمونهكان بێت، دهردهكهوێ.
شاعیری خاوەن هەڵوێست و بەتوانا کاک فەرەدون ئەڕشەدی دەنووسێ:
خوێنەکەت نامرێ
خوێنەکەت
تکایە سەر گمەی کۆتران،
بوو بە گڕ
ڕژایە نێو دڵی
خەباتی خیابان .
خوێنەکەت نامرێ،
دەبێتە مشتێکی گرمۆڵە،
دەبێتەهەوێنێک
بۆ قینی پیرۆز،
بۆ ئیرادەی تۆڵە .
****
لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ:
چ ناوێک شیاوی جوانیتە !؟
لە
ژینا
زیاتر،
چ ناوێک شیاوی جوانیتە !؟
شەقامیک نەماوە
بێهاواری ناوت نەخرۆشێ .
درووشمێک نانووسرێ
کۆتریخوێنیتۆلەڕەنگیا
نەگمێنێ .
لە کۆچت بەملاوە،
ئاسۆ
ئاوێتەی خەونێکی ئەرخەوانیە !
بهم پێیه بۆ شاعیرێکی ڕئالیست پهیوهندی شێعر و ئەدەبیات لهگهڵ ژیاندا پهیوهندییهكی ڕاسته و خۆ و دهروونیه. شاعیرو هونەرمەند كهسێكه كه شێعر و بەرهەمهكهی تیكهڵ ژیانی كردوه و لهگهڵی ژیاوه و ههر لهوێوه سهرچاوهی گرتوه. شێعر و بەرهەمی هونەری به واتای جوانی ناسی، له پهنا و پهسیودا ژیان بهسهر نابات بهڵكوو له ههل و مهرج و شوێنی كۆمهڵایهتی وەک ئێستا و به تایبهتی تهئسیراتی تاكه كهسیهوه سهر ههڵدهدا. بهم واتایە، بە تایبەتی شێعر نووسینێكی لهڕووی ئارهزوهوه نییه. شێعر دابین كهری پێداویستیهكی گرینگی دهروونیه كه شاعیر و خوینهر لهدهوری ئهزموونێك و تیشكێكی تایبهت كۆ دهكاتهوه.
هونەر و ئەدەبیات وەك یەكێك لە قەوارەكانی وشیاری كۆمەڵایەتی و بەشێك لە ڕوبەنایەكی سیاسی كە زادەی وجودێكی كۆمەڵایەتیە دەور و نەخشێكی كارامە و كارای لە ڕەوتی گەشەی كۆمەڵ و ئاڵوگۆڕكانیدا هەیە. هونەر و ئەدەبیاتی دواكەوتوانە لە ڕێگای چەواشە كردنی جەماوەرەوە یارمەتیدەری تۆكمە و توندوتۆڵ كردنەوەی نەزمی كۆن و پەرە پێدان و بوژاندنەوەی پەیوەندی و مناسباتی كۆمەڵایەتی بەسەرچوو و دواكەوتوانەیە. لە حاڵێكدا كە هونەر و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانە بۆ جەماوەری وشیار و ئینقلابی و وەخەبەر هاتوی خەڵك ڕۆڵی چەكێكی بەهێز دەگێڕێ كە بەر لەوەی بواری هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕ و شۆڕش ڕەخسابێت، لە ڕوانگەی بیر و بۆچوونەوە شۆڕش دەكاتە زەرورەتێكی حەیاتی و بەستێنی بۆ خۆش دەكات، و لە جەریانی شۆڕشدا خۆی دەبێتە بەشێكی پێویست و گرینگی بەرەی گشتی و هەمە لایەنەی.
لە دەروونی هەموو كۆمەڵگا چینایەتیەکان دا، بەر دەوام كێشە و ململانێ لە ئارا دایە. دیارە هۆكاری ئەم كێشمەكێش و تێكهەڵچوونانەش بریتین لەوەی كەمینەی جاوەن دەسڵات و پلە و پایەكان بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەكانیان دەیانەوێ هەلومەرجەكە پارێزراو بێ و هەر چەشنە ئاڵوگۆرێك، لە ڕاستای دژ بە بەرژەوەندیەكانیان دەبینن. لە بەرانبەریش دا زۆرینەی بێ بەش و زۆرلێكراو بۆ ئەوەی ئاڵوگۆرێك بەسەر ژیان و بەرێچوونی دا بێت، حەزی لە ئاڵوگۆڕە و بە پیریەوە دەچێت. بۆیە لە خۆڕا نییە لەم مەودا کورتەدا ئێمە شاهیدی ئەم قەبارەیە لە بەرهەمهاتنی شێعر و سرودی شۆڕشگێڕانە و ئاڵوگۆڕ خوازانەین، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا و سەردەمەکە خوازیاریەتی و وەریدەگرێت.
نووسەران و هونەرمەندانی ڕئالیست و واقعگەرا خۆیان لە رێكەوت و تەسادوف بە دوور دەگرن و وەسف كردنی شتەكانی دەوروبەری خۆیان لەسەر ئەو بناغەیە بونیاد دەنێن كە هەر دیاردەیەكی سروشتی و مێژوویی شوێنی خۆی لەنێو زەنجیرەیەكی بێ ئەژماری مەرج و هۆدا دەبینێتەوە.
ڕئالیزم نواندنی ژیانە، بەو جۆرەی كە هەیە، بەڵام ڕئالیزمیش دیاردە ڕواڵەتیەكان و دیاردە لە ڕوەكان لە جێگای ڕاستەقینەیان دادەنێ.
ئینگڵس دەلێ: سەركەوتنی ڕئالیزم سەركەوتنی ڕاستیە بەسەر خەون و خەیاڵ دا. هەر هونەر و ئەدەبیاتێك ئاوێنەی سەردەمی خۆیەتی. ساڵەكانی ئاخر و ئۆخری سەدەی هەژدە، پێویستیەكی مێژوویی بوو بۆ وەلانانی سوننەتەكانی رێبازی كلاسیك، كە نۆینەری ئەشرافیەت و نیزامی ئاغا و دەرەبەگایەتی بوو. بۆیە ئدەبیاتی ئەم قۆناغەش لە وڵاتی ئێمە دەکرێ ببێتە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیە.
بە واتایەكی تر لە قۆناغی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕەوتی هونەر و ئەدەبیاتی ئازادی خوازانە، پێشڕەو و كرێكاری لەسەرەتای ساڵی 57 وە بە شێوەیەكی هەست پێكراو سەری هەڵدا و سەرتاكانی بە روونی دەركەوت. بەڵام زۆر زوو كۆماری ئیسلامی بەری پێدەگرێ و سەركوتی دەكات. ڕووداوێک کە کەم و زۆر تا ئێستاش بەردەوام بووە.
لەدوای شۆرشی ساڵی 57 وە کە فەزاکە هاوشێوەی ئێستا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتبوو لەپاڵ هەر میتینگ و كۆبوونەوەیەكدا، هەولێكی بەرین بۆ پێشكەش كردنی هونەر و ئەدەبیاتێكی شۆرشگێرانە و ڕزگاری خوازانە و پێشكەوتن خوازانە و روو لە زەحمەتكیشان دەدرا.
ئەم هەوڵانە دوو رێبازی تێدا دەبیندرا كە یەكێكیان بە روونی دیار بوو ئەدەبیاتێكی بە تەواوی كلاسێكی كۆن و ناسیونالیستی بوو، كە برەوی باش و بەرچاویشی بوو. لەناو ئەو بزووتنەوە بەرینە جەماوەریەدا و ئەوی دیكەیان ئەدەبیاتێكی تازەتر و بە تەواوی جیاواز لەگەڵ ئەوی دیكەدا بوو، وە دەیەویست پەرەپێدەری شیوەیەكی تر لە ئەدەبیات بێت. ئەم دوو ڕەوتە هەر لە پاییزی ساڵی 57 وە دەبیندران، ئەگەر شێعرێكی سەر بە ڕەوتی پیشوو بخوێندرایەتەوە حەتمەن لەپاڵی دا شێعرێكی كرێكاری و زەحمەتكیشی دەخوێندراوە. شێعرەكانی قانع، ئەوانەی وا لە پەیوەند لەگەڵ هەل و مەرجی ژیانی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش دا بوون، كرانە سروود و لەماوەی چەند مانگ دا بەڕادەی 40- 50 ساڵی ڕابردووی خوێندرانەوە و كەوتنە سەر زاران.
لەم قۆناغەشدا دەبێ هەوڵ بدرێت شاعیران و هونەرمەندان، پەرە پێدەری هونەر و ئەدەبیاتێک بن کە وڵامدەرەوەی ویست و داخوازیەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو و بزوتنەوەیەک بێت کە سەرتاسەری وڵاتی داگرتوە و تینوێتی خوازیارانی بیستنی شێعر و سرود و بابەتی پەیوەست بە داخوازی و ئامانج و ئاڕمانی بزوتنەوەکە بشکێنێ.
ئەو سەردەمێش وەک ئەم قۆناغە، بەهۆی لە ئارادا بوونی بزووتنەوەیەكی زیندو و بەهێزی جەماوەری و درێژەی ئەم بزووتنەوەیە و حزووری ڕەوتێكی چەپ و كۆمۆنیستی بەهێز لە كوردستاندا، ئەم گرایشە گەشەی سەند و هەڵی دا و هەرچی دەهات پتر خۆی لە ڕەوتەكانی تری پێش خۆی دوور دەخستەوە و توانی وەڵامی بەشێك لە نیازەكانی ئەو بزووتنەوەیە بداتەوە. واتە خودی بزووتنەوەكەش كاردانەوەی لەسەری بوو. وەرگێڕانی سروودی ” ئەنترناسیونال” لە نیاز و كاردانەوەی بزووتنەوەكەوە سەری هەڵدا، و سروودی ” یەكی ئەیاریش” هەربەم شێوەیە. وە بەرەبەرە بەم جۆرە لە مەودای 10- 15 ساڵی دوای شۆرشی 57 وە ئەدەبیاتێك بە ناوەرۆكی كرێكاری و زەحمەتكێشیەوە و بە ئیدعای كرێكاری و زەحمەتكێشی بوونەوە شكڵی گرت. دەبینین لەم سەردەمەشدا سرودەکەی ” شەروین حاجی پور دەبتە وێردی سەرزاران و بە واتایەک سرودێکی دیکەی ئەنترناسیوناڵ.
ئێستا و لەم قۆناغەدا سەرنج بدەین دەبینین ئەم ئاخێزە گشتی، سەتاسەری و لێبراوانەیە، بە ڕادەیەک گاریگەری لەسەر چێن و توێژە جۆراو جۆرەکانی کۆمەڵگا دانەوە ئیزنمان پێئەدات بڵێین بەرە بەرە خەریکە، دوای ماوەیەک وێستان و هێور بوونەوەی بەرهەمهاتنی هونەر و ئەدەبیات بە ناوەرۆکی بەرگری، ڕاپەڕیخوازانە و شۆڕشگێڕانەوە، شاهیدی زیندو بوونەوە و گەشە کردنی جۆرێک لە هونەر و ئەدەبیاتین کە تێم و ناوەرۆکەکەی، لەگەڵ ئەوەی تایبەتمەندی سەردەمەکەی خۆی پێوەیە، بەتەواوەتی ئازادی و یەکسانی خوزانە و شۆڕشگێڕانەیە. کەمتر وێنەکێش، شاعیر، نووسەر، هونەرمەند و یان گورانی بێژێکی خاوەن هەڵوێست شک دەبەی هەوڵی نەدابێ بەرهەمێکی نوێ و شۆڕشگێرانە بەرهەمبهێنێ. ئەمە زۆر جێگای خۆشحاڵی و هیوا بەخشە. با بە هەوڵی هەمولایەکمان گەشەی زیاتری پێبدەین.