مەریوان؛ کاوە کەریمیان سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
11:05 – 10 December 2023
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
کاوە کەریمیان، لە چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد و ئەندامی ئەنجوومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، کاوە کەریمیان، لە چالاکانی ژینگەپارێزی ناسراوی مەریوان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی وەکوو "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران" و "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان" سزای دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و دواجار ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەری ئەمساڵ بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازادکرا.
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەواڵەدا، هاوکات لەگەڵ کاوە کەریمیان، زیاتر لە ٣٤ ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیا، لە دانیشتنی ساڵانەی ئەو ئەنجوومەنەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەرکران کە بۆ ژمارەیەک لەوان دۆسیەی دادوەری کراوە.