مەریوان؛ کۆڵبەرێک لەسەرما ڕەقهەڵات
11:13 – 7 February 2024
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣
کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی مەریوان بە ناوی فەرید ڕۆبینا لە کاتی کۆڵبەری بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو سێ هەفتە بوو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٦ی فێبریوەری ٢٠٢٤) کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی فەرید ڕۆبینا خەڵکی گوندی "چاڵیسەر" لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنجیرانی مەریوان بە هۆی سەرماوە ڕەقهەڵات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای ٧ کاتژمێر گەڕان بە دوای ئەم کۆڵبەرە، تەرمەکەی لە کوێستانەکانی هەنجیران لەلایەن خەڵکی ناوچەکە دۆزراویەوە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی مەریوان گوازرایەوە.
شایانی باسە فەرید ڕوبینا سێ هەفتە پێش ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و بۆ بژێوی ژیان کۆڵبەری دەکرد.