ناڕەزایەتییەکانی بازاڕ هەم سیاسی و هەم ئابوورین

ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ڕۆژی یەکشەممە لە کاردانەوە بە گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دراو لە بازاڕی تاران دەستیپێکرد و ڕۆژەکانی دووشەممە و سێشەممەش بەردەوام بوو، ئێستا بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، چەند شارێکی دیکەشی گرتووەتەوە. داخران یان نیوە داخرانی چەند بەشێک لە بازاڕ، کۆبوونەوەی بازاڕیان لە شوێنە سەرەکییەکان و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، ئەوە دەردەخات کە ئێمە تەنیا لەگەڵ کاردانەوەیەکی کاتی بەرامبەر بەنرخی دۆلاربەرەوڕوو نین، بەڵکوو لەگەڵ تەقینەوەی زنجیرەیەک قەیران بەرەوڕووین کە ساڵانێکە پۆنگیان خواردووەتەوە و ئێستا لە شێوەی داڕمانی نرخی دراو، بێ ڕەونەقی بازاڕ و ناسەقامگیری ژیانی ڕۆژانەدا خۆیان دەردەخەن. بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و وێنەکانی سۆشیال میدیا، ڕۆژی دووشەممە لە بەشە جۆربەجۆرەکانی بازاڕ و ناوەڕاستی تاران، لەوانە لە پاساژی چوارسو و شەقامی لالەزارەوە بگرە تا چوارڕێیانی ئەستەنبوڵ، ناسر خوسرەو، سەعدی جنووبی و دەوروبەری بازاڕ، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو. بەپێی هەندێک لە هەواڵەکان بازاڕی بەینەلحەرەمەین و چەند بەشێکی وەک بازاڕی ئاسنگەران و ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی دراویش داخراون. لە لالەزاری جنووبی دروشم گەلێکی لە چەشنی ناڕەزایی سیاسی بیسترا و لە چوارڕێیانی ئیستەنبوڵیش هەواڵی تێکهەڵچوون و وتنەوەی دروشمی دژ بە هێزەکانی حکوومەت بڵاوکرایەوە. میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کۆبوونەوەکان، هەوڵیاندا بەسیناریۆی دوژمنناوی ببەن.

چەخماخەی ئەم بزاڤە کاتێک لێدرا کە ڕۆژی یەکشەممە ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کرد کە دۆلار لە بازاڕی ئازاددا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاستی ١٤٤ هەزار تمەنی تێپەڕاند. هاوکات لە ناوەندەوە ڕێژەی هەڵاوسان زیاتر لە ٥٢ لەسەد ڕاگەیاندرا. بۆ بازاڕێکی کە تا ڕادەیەکی زۆر پشتبەستووە بە کاڵای هاوردەکراو و کەرەستەی خاو و دیاریکردنی نرخەکان لەسەر بنەمای دراو، ئەم بەرزبوونەوە کتوپڕە تەنهاگرانبووننییە، بەڵکوو بە کردەوە واتە لەدەستچوونی دەرفەتی بازرگانی، نەبوونی متمانە بە نرخەکان، ڕاوەستانی کڕین و فرۆشتن و مەترسی بۆسەر سەرمایەی ناو بازاڕ. بە وتەی کاسبکاران، هەڵاوسانی ئان و ساتی دراو، ئیمکانی دیاریکردنی نرخەکانی مەحاڵ کردووە و بێمتمانەیی لەنێوان فرۆشیاران و کڕیاراندا دروستکردووە. کڕیار کڕینەکەی دوادەخات، فرۆشیار مامەڵەکە دەوەستێنێ و قەیرانی دابەزینی گەشەی ئابووری قووڵتر دەبێتەوە. بەڵام بۆچی دابەزینی بەهای دراوی وڵات خێراییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە گرتووە؟ یەکێک لە وەڵامە سەرەکییەکان بریتییە لە کورتهێنانی بودجە و قەرەبووکردنەوەی لە ڕێگەی چاپی پووڵەوە. کاتێک دەوڵەت لەبری وەرگرتنی باج لە سامانە زەبەلاحەکان، ناوەند و دامەزراوە شوێندانەر و شێوە دەوڵەتییەکان، پەنا دەباتەبەر سادەترین ڕێگا، واتە زیادکردنی پایەی دراو، ئاکامەکەی دەبێتەدزییەکی ماقوڵانەلە گیرفانی خەڵک. کەمبوونەوەی توانای کڕین هاوکات لەگەڵ هەڵاوسان، واتە گواستنەوەی سامان لە مووچەخۆران و چین و توێژەکانی خوارەوە بۆ خاوەن دارایی و ڕانت و ئەو کەسانەی کە ئیمکانی دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوە دارایی و دراوەکان زیاترە.

جگە لەوەش پێکهاتەی بوودجەی کۆماری ئیسلامی خۆی لە بنەڕەتدا سەرچاوەی قەیرانە. پشکی هەرە زۆری بوودجه بۆ دام و دەزگا ئەمنیسەربازییەکان و بەشی پڕوپاگەندە و ناوەندە ئایینییەکانە، لە کاتێکدا بودجەی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، خۆشگوزەرانی، بیمە، پەروەردە و چاودێری تەندروستی، کەمترین ئاستی بۆ لەبەرچاو دەگرێت. جووڵەی بازاڕی دراو تەنیا پەیوەست نییە بە دابینکردن و خواستی ئابووریی، بەڵکوومتمانەش هۆکارێکی ئابووری گرنگە لە بازاڕدا. لە دۆخێکدا کە متمانە بە بەڵێنەکانی کۆنترۆڵکردنی نرخەکان کەمبووەتەوە و ئاسۆی سیاسی ڕوون نییە، کۆمەڵگا ڕوو دەکاتە گۆڕینی پاشەکەوتی ڕیاڵ بۆ سامانی متمانەپێکراوتری وەک دراوی بیانی و زێڕ و موڵک و ماڵ. ئەم ڕەفتارە بەکۆمەڵە خۆی شەپۆلی خواست و بەرزبوونەوەی نرخەکان پەرە پێدەدات. ڕەهەندی دەرەکی قەیرانی ئابووریش زۆر شوێن دانەرە. سزاکان ڕێڕەوی هاتنە ناوەوەی دراوی بیانی، گواستنەوەی پووڵ، بازرگانی فەرمی و وەبەرهێنانی، سنووردار کردووە و هەر شەپۆلێک لە گرژیی ناوچەیی یان ئەمنییەتی، مەترسی مامەڵەکردن بۆ تاجر و بازرگانان زیاتر دەکات. بازرگانەکان ترسیان لەوە هەیە کە سبەی ڕۆژ هاوردەکردن دژوارتر و نرخی دراو گرانتر و هەزینەکان زیاتر ببن، هەربۆیە ئەمڕۆ نرخەکان بەرز دەکەنەوە یان پڕۆسەی بازرگانیکردن ڕادەگرن. ئەمە هەمان میکانیزمی ئابوورییە کە بازرگانان تیایدا نرخ بۆ خراپترین سیناریۆکان دیاری دەکەن.

بازاڕی تاران تەنیا شوێنی بازرگانی نییە، بەڵکوو تۆڕێکی ئابووریکۆمەڵایەتییە کە توانای داخستنی بە شێوەیەکی هەماهەنگ، پەیوەندی پیشەیی، پەیوەندی گەلێکی بەربڵاو لە ڕێگەی گواستنەوە، دابەشکردن، بەرهەمهێنەرانی بچووک و بەکارهێنەرانەوە هەیە. سەرکوتکردنی توندوتیژانەی بازاڕ هەزینەی ئابووری و سیاسیی زۆری هەیە بۆ حکوومەت. هەم زیان بە بابەتی هێنان و بردنی کاڵا و داهات دەگەیەنێت و هەم کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە. لەمڕووەوە ناڕەزایەتی بازاڕ لە ڕووی سیاسییەوە گرنگە. بەتایبەت ئەگەر بە ناڕەزایەتی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، بەشی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی شارەوە پەیوەست بێت و ویست و داواکارییەکان لە ئاستینرخەوە بۆ ئاستیمافی ژیانبەرز بکرێتەوە. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە هەم ئابووری و هەم سیاسین. ئابوورین لەبەر ئەوەی لە هەڵاوسان و کورتهێنانی بودجە و داڕمانی نرخی تمەن و لاوازبوونی گەشەی ئابوورییەوە سەرچاوە دەگرن، هەروەها سیاسین چونکە ئەم قەیرانانە بەرهەمی نەزمێکی ستەمکار و سەرەڕۆی سەرمایەدارانەی ئیسلامین کە هیچ ڕێگە چارەیەکی بەردەوامیان نییە. ڕژیم وەک هەمیشە پەنای بردووەتە بەر تاکە ئامرازی بەردەست واتە توندوتیژی و سەرکوت. بەڵام کاتێک سەرچاوەی قەیرانەکە بریتییە لە هەڵاوسان و چەقبەستوویی ئابووری و داڕمانی نرخی دراوی وڵات، سەرکوت تەنیا ڕواڵەتی کێشەکە دەسڕێتەوە و لە درێژماوەدا ئاگری ژێر خۆڵەمێش زیاتر دەگەشێنێتەوە. گازی فرمێسکڕێژ و دام و دەزگای سەرکوت ناتوانێت کێشەیەک چارەسەر بکات کە لە سفرەی خەڵک و کرێماڵ و حەقدەستی خوارتر لە هێڵی هەژاری و بێ ئاسۆییەوە سەرچاوە دەگرێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net