ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان، کۆمەڵیک لە پشکدارانی بازاڕی بورس لە بەردەم وەزارەتی ئابووری لە شاری تاران کۆبوونەوە و دژ بە وەدینەهاتنی داخوازییەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ناڕازیان لە کۆبوونەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆرجار بەرپرسان بەڵێنیان داوە و وتویانە خراپی دۆخی بازاڕی بورس چارەسەر دەکرێت، بەڵام تا ئێستا نەک چارەسەر نەکراوە، بەڵکوو خراپتریش بووە. شایانی باسە پێوەرەکانی بازاڕی بۆرس لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دابەزینێکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە و بە ملیارد تمەن سەرمایەی بچووکی خەڵک لەدەستچووە. ناڕازیان بە وتنەوەی درووشم و هەڵکردنی پلاکارد دژ بە بێ هەڵوێستی ڕژیم و هەروەها ، نەبوونی شەفافیەت و بەکارهێنانی بازاڕی بۆرس وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی کەمی بودجەی حکومەت ڕاوەستان و خوازیاری پێداچوونەوەی ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە سەر ئەم کارەساتە بوون.