نەوسوود؛ برینداربوونی دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین
11:15 – 7 March 2024
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
دوو کۆڵبەر بەناوەکانی ئەفشین نەزەری، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی و عەتا حوسێنی، خەڵکی پاوە لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوودی سەر بە شاری پاوە لە ئەنجامی لێدان و کوتان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی محەممەد میرانی و ئەبووبەکر (ناوبانگ نادیار) بەهۆی تەقینەوەی مین لەو سنوورەدا برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٧ی مارسی ٢٠٢٤)، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی محەممەد میرانی خەڵکی گوندی "بانەوڕە"ی سەر بە شاری پاوە، لاقی بە سەختی بریندار بوو و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گواسترایەوە. هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بەناوی ئەبووبەکر سەر و دەستی بریندار بووە.
لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممە، دوو کۆڵبەر بەناوەکانی عەتا حوسێنی و ئەفشین نەزەری، لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بریندارکران.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، عەتا حوسێنی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی پاوە سینگی بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانەدا پێکراوە و بارودۆخی تەندروستیی بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. ناوبراو تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی منداڵێکە.
هەروەها ئەفشین نەزەری، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سنووری نەوسوود دەستبەسەرکرا و لە ئەنجامی لێدان و کوتان لەلایەن ئەو هێزانەوە دمووچاوی بریندارکراوە.