لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی هەڵیانکوتاوه‌ته سەر ماڵی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزی پارێزگای ئیلام و زیاتر لە ٢٠ کەسیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کردوون.
بە پێی زانیارییه‌كان، بەشێک لەو چالاکانە کە زۆربەیان لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی “ژن،ژیان،ئازادی“ن، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمه‌وه هه‌ڕشه‌یان لێ كراوه كه ئەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاك بن، ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بنه‌وه. لە ماوەی حه‌فته‌ی ڕابردوودا گوشاری ئیداره‌ی ئیتلاعات بۆ سه‌ر چالاكانی مه‌ده‌نی لە شارەکانی ئیلام، دێهڵۆڕان و ئاودانان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بە وتەی هاووڵاتیان، هه‌ڕه‌شه و گوشاره‌كانی حكوومه‌ت به‌دوای هاویشتنی مووشه‌ك بۆ سه‌ر ئیسڕائیل و ئه‌گه‌ری وڵامدانه‌وه‌ی سه‌ختی ئه‌و وڵاته ده‌ستی پێكردووه.