
ڕۆژی ڕابردوو، لە درێژەی هەڵسوکەوتە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بە ئامانج گیراون و ناوەندە هەواڵنێرییەکانی ڕژیم هەڕەشەی هێرشی نوێیان کردووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوای هەولێر بووەتە هۆی برینداربوونی چەند کەس و زیانێکی ماددی زۆر بەر بارەگاکانیان کەوتووە. هەروەها سپای پاسداران لە هۆشدارییەکدا داوای لە دانیشتوانی چەند ناوچەیەک کردووە کە بە هۆی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە شوێنە دیاریکراوەکان دوور بکەونەوە. ئەم هەڕەشانە ناوچەکانی وەک جێژنیکان، سورداش، حەریر، کۆیە و خەبات دەگرێتەوە. هەروەها بارەگاکانی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە چەندین درۆنی ئینتحاری کراوەتە ئامانج، بەڵام تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە سەبارەت بە زیانەکان زانیارییەک بە دەستمان نەگەیتشووە. لە هەمان کاتدا، ئەزموونی هێرشەکانی پێشوو پیشان دەدات کە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە زۆرجار زیان بە هاووڵاتیانیش دەگەیەنن و تەنها هێزە سیاسییەکان ناگرێتەوە.