وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمنییەتی شوێنی کار
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ئاوریل، بەرامبەر بە ٨ی خاکەلێوە، ڕۆژی جیهانی “دابینکردنی ئەمنییەت لە شوێنی کار“ە. ئەم ڕۆژە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن “یەکێتی کرێکارانی کەرتی گشتی کانەدا” و بە ناوی “ڕۆژی یادەوەری کرێکاران” دیاریکرا و دواتر لەلایەن یەکێتی، کۆنفیدراسیۆن و فیدراسیۆنە کرێکارییەکانی زۆربەی وڵاتەکانەوە بە فەرمی ناسرا. ئامانجی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ناساندنی ئەم ڕۆژە بریتی بوو لە یادکردنەوەی قوربانیانی نەبوونی ئەمنییەتی کار، قوربانیانی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کار، وەرگرتنی قەرەبوو بۆ ئەو بنەماڵە کرێکارانەی کە گیان لەدەستداوە یان کەمئەندام بوون و هەروەها باشترکردنی ستانداردی ئەمنییەتی شوێنی کار. ئەم ئامانجانە لە دروشمی “گیانبەختکردوان لەبیر نەکەین و لەپێناو زیندووەکاندا خەبات بکەین“، چوونە ناو بەرنامەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان. “ڕێکخراوی جیهانی کار” ساڵی ٢٠٠١ ئەم ڕۆژەی بە هەمان ناو و ئامانج بە فەرمی ناسی و ساڵی ٢٠٠٢ بە ناوی “ڕۆژی جیهانی دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار” خستییە ناو ڕۆژژمێری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە هاوکاتبوونی ئەم ڕۆژە جیهانییە لەگەڵ ئەو نمایشە گاڵتەجاڕیانەی کە بە ناوی هەفتەی کار و کرێکار هەموو ساڵێک ڕێک دەخرێن، یەکێک لە ڕۆژەکانی بە ناوی “ماتەمینی بۆ قوربانیانی شوێنی کار” ناودێر کردووە. ئامانجی ئەم بەرنامەیە لە پاڵ باقی بەرنامەکانی تر کە بە ناوی هەفتەی کرێکار ڕێکخراون، هیچ شتێک نییە جگە لە بەتاڵکردنی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆژە و بەکارهێنانی لە خزمەتی شاردنەوەی ئەو تاوانانەی کە لە شوێنەکانی کاردا ڕوودەدەن. ڕوودای تاڵی ئەم تاوانانە لە شوێنی کار لە ئێران هیچکات بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بڵاو ناکرێتەوە. خاوەنکاران نەک هەر هەواڵی ڕووداوەکان بڵاو ناکەنەوە، بەڵکوو دەیانشارنەوە. ئیدارەی کاریش تەنها زیانپێگەیشتن بەو کرێکارانە بڵاو دەکاتەوە کە بیمەیان هەیە و ئیمکانی شاردنەوەیان نییە. بە سەرنجدان بەم ڕاستییە، ئامارە ڕاستەقینەکان لەم بوارەدا زۆر لەوە زیاترن کە لە میدیاکاندا ڕەنگ دەدەنەوە. هەڵبەت قەبارەی کارەساتەکە تەنانەت هەر لەم ئاستەشدا کە بە فەرمی بڵاو دەکرێتەوە، زۆ دڵتەزێە.
“بە پێی داتاکانی ناوەندی ئامار، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکانی کار لە ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە. لە ساڵی ١٣٩٧ تا ١٤٠٢، ئەم ئامارە لە ١٦٢٥ کەسەوە گەیشتووەتە ٢١١٥ کەس کە ٣٠ لە سەد بەرزبووەتەوە. ئەم٣٠ لە سەد زیادبوونە لە ماوەی پێنج ساڵدا، زەنگێکی مەترسی جیددییە بۆسەر ئەمنییەتی کرێکاران و پێویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتی لە شوێنی کاردا.”
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: “لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا، ١٠٧٧ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەست داوە. هەروەها، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا، نزیکەی ١٠٠٠ کەس بەهۆی ئەو زیانانەی لە کاردا پێیان گەیشتووە، سەردانی پزیشکی یاساییان کردووە. لەم ژمارەیە، ٧٤٣ حاڵەت پەیوەندیان بە ڕووداوەکانی کارەوە هەبووە. لەم پەیوەندییەدا: بە پێی ڕاپۆرتی ئیلنا، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری نێودەوڵەتی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندووە کە ساڵانە ٤٥ تا ٤٧ هەزار ڕووداوی پەیوەست بە نەبوونی ئەمنییەت و هەلومەرجی نەگونجاوی شوێنی کار لە وڵاتدا ڕوو دەدات.”
لەم ئامارانەدا هیچ ئاماژەیەک بەو کرێکارانەی کە تووشی نەخۆشی ئاشکرا و شاراوەی پەیوەست بە نەبوونی ئەمنییەتی تەندروستی شوێنی کار بوون یان ئەو کرێکارانەی کە بەم هۆیەوە تووشی مەرگی پێشوەختە دەبن نەکراوە. عەلی موزەفەری بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کاری وەزارەتی هاوکاری، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، دان بەوەدا دەنێت کە ٩٨ سەدی ئەو ڕووداوانەی کار کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان، دەتوانرێت پێشگیریان لێ بکرێت.
بە پێی ماددەی ٢٧ی یاسای کار، “هەر کاتێک کرێکار سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەرکە پێسپێردراوەکان کەمتەرخەمی بکات یان پەیڕەوی نێوخۆی کارگەکە دوای ئاگادارکردنەوەی بەشێوەی نووسراوە، پێشێل بکات، خاوەنکار مافی ئەوەی هەیە سزای بدات یان دەری بکات“. بەڵام لە یاسای دژە کرێکاری ڕژێمدا باس لەوە نەکراوە کە ئەگەر خاوەنکار لەم بابەتەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکرد و لە دابینکردنی ئەمنییەت و پاراستنی گیانی کرێکار کەمتەرخەمی کرد، لەو حاڵەتەدا یاسا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات. هەوڵی ڕژێمی ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی نمایشەکانی بە ناوی هەفتەی کرێکار و لەوانەش ڕێوڕەسمی ماتەمینی بۆ قوربانیانی شوێنی کار، لە ڕاستیدا بۆ پاساو کردنی ئەم کوشتارانەیە. هۆکاری سەرەکی ڕوودانی ڕووداوەکانی کار کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان یان زیانی جەستەیی، تاوانێکی ئاشکرایە کە لەلایەن خاوەنکار و بە هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەت بەرەو پێش دەچێت و ڕۆژانە پەیڕەو دەکرێت. بەرپرسیارێتی هەر ڕووداوێکی کە لە شوێنی کار ڕوو بدات لە ئەستۆی خاوەنکارە. ئەوان یان لە ڕاهێنانی کرێکاران خۆ دەدزنەوە؛ یان ئامێری پێویست بە پێی ستانداردی ئەمنییەتی پێویست دابین ناکەن یان بە ماندووکردن و سووکایەتی پێکردن، هیچ دەرفەتێک بۆ وردبوونەوەی کرێکارانی ژن و پیاو ناهێڵنەوە. کرێکارێکی کە مووچەکەی تەنانەت یەک لەسەر سێی لانیکەمی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆی و بنەماڵەکەی دابین ناکات، ناچارە یان دەبێ زێدەکاری بکات یان کارێکی دووەمیش بدۆزێتەوە. ئاشکرایە کە ئاوا کرێکارێکی ماندوو و شەکەت بەردەوام لە مەترسی ڕووداودایە.
ڕێکارە پێشنیارکراوە خێراکان بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنییەتی شوێنی کار لە ئێران:
زیادکردنی کارایی سیستەمی چاودێری ناوەندەکانی کار، بەڕێوەبردنی خولی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ کرێکاران، خاوەنکاران و سەرپەرشتیاران، بەکارهێنانی میدیای گشتی بۆ وشیارکردنەوە. تەیارکردنی کرێکاران و شوێنەکانی کار بە ئامێری ئەمنییەت. بەکارهێنانی ئەزموونی جیهانی لە بواری ئەمنییەتی کار. دروستکردنی میکانیزمی کاریگەرتری بیمەی ڕووداوە پیشەییەکان. بەهێزکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و کۆمەڵە پیشەییەکان، بەمەبەستی چاودێریکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار و بەدواداچوونی مافەکانی کرێکاران لەم بوارەدا.
واقیعییەت ئەوەیە کە خاوەنکاران بەهۆی تەماح و چاوچنۆکی لەڕادەبەدەر، نە دەیانەوێ ئەمنییەتی شوێنی کاری کرێکاران دابین بکەن و نە نیگەرانی لەدەستدانی گیانی کرێکارانن لە ئەنجامی ڕووداوەکانی شوێنی نائەمنی کار، تەنانەت نیگەرانی ئەوەش نین کە کرێکاران لە ترسی گیان کارەکانیان بەجێ بهێڵن. چونکە دەزانن کە لەشکرێی بەرینی بێکار لە مەیدانەکانی کار و لە بەر دەرگای کارگە و کارخانەکانیان ڕیزیان بەستووە و هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن کرێکارانی تر ورربگرن و لە هەمان شوێن و ژینگەی ناستاندارد و نائەمندا، هەر چەشنە کارێکی قورسیان بەسەردا بسەپێنن. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، ئەوە خودی کرێکارانن کە دەبێت لە فکری خۆیاندا بن و بە خەباتی ڕێکخراوی خۆیان، خاوەنکاران و دەوڵەت ناچار بە دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار بکەن. دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار وەک هەر داواکارییەکی تر، تەنها بە هێزی خەبات و تێکۆشان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیاندا دەسەپێنرێت. لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانی ئەمنییەتی شوێنی کاردا، یادی کرێکارانی گیانبەخکردوو بە خەباتی بەردەوام لە پێناو سەپاندنی ئەمنییەتی شوێنی کار بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەت و هەروەها دابینکردنی بیمەی تەواو بۆ زیانلێکەوتووانی شوێنی کار، بەرز ڕادەگرین.