بەپێی هەواڵی گهیشتوو له شاری بۆکان، هێزەكانی سپای پاسداران، لەسەروبەندی ٢٥ی خەرمانان، ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، جگە لە ڕفاندن و بەدواداچوونی هەڵسووڕاوان و دادخوازانی شۆڕشی ژینا، دەستیان داوەتە جموجۆڵی سەربازی.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣، بەکرێگیراوانی سپای پاسداران، بە دەیان ماشێنی پڕ لە هێزی سەرکوتگەر و تەیار بە هەموو جۆرە چەک و چۆڵێکی وەک “تیربار” و “بی کەی سی“، چەکی سووک و نیوە قورس، بە مەبەستی ترساندنی خەڵک و هۆشداریدان بۆ بەشداری نەکردن لە مانگرتنی گشتی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، مانۆرێکی سهربازیان لە ناو شاردا بەڕێوە بردووه. جێگای ئاماژەیە کە ئەو مانۆڕ و جموجۆڵانەی هێزەکانی ڕژیم، نەک هەر نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات، بەڵکوو بۆتە مایەی گاڵتەجاڕی و عەزمی خەڵکی بۆ بەشداری کردن لە مانگرتنی گشتی ٢٥ی خەرماناندا، جەزمتر کردووە.