هەژاری لە کۆمەڵگای ئێراندا و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی

هاوینی گەرم، پچڕانی بەردەوامی کارەبا و کەمی ئاو، هەژاریی و بێکاریشی لەگەڵدا بێت، دەردەکەوێت کە خەڵکی بێبەش و چەوساوە و ستەملێکراوی کۆمەڵگەی ئێران لە چ دۆخێکدا دەژین. هەژاری بە واتای دەستڕانەگەیشتن بە لانیکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانێکی ئینسانی و شایستە. ئەم پێداویستیانە بریتین لە خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، تەندروستی، پەروەردە و دابینکردنی کۆمەڵایەتی. بە پێی ئامارەکانی حکوومەت، زیاتر لە ٧٠ لە سەدی دانیشتووانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و لە دابینکردنی ئەو لانیکەمی پێداویستییانە بێبەشن. هەژاری لێکەوتەی وێرانگەری بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا سەپاندووەهەژاری لەڕادەبەدەر کەلێنی چینایەتی قووڵتر و فراوانتر کردووە. هەژاریی کرێکاران ناچار دەکات بە کەمترین کرێ سەختترین کار قبوڵ بکەن. هەژاری دەرفەت دەدات بە سەرمایەداران و حکوومەت کە کێبڕکێی نێوان کرێکاران پەرەپێبدات و ڕێگریی بکات لە پێکهاتنی یەکڕیزی چینایەتی نێوان مرۆڤە هاوچارەنووسەکان.

خەڵکی هەژار، لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن و ئەم واقیعە زیانە کۆمەڵایەتییەکانی دوو هێندە پەرەپێداوە. تاوان و تاوانکاری، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، توندوتیژی و لەشفرۆشی لە کۆمەڵگادا زیاد کردووە. کاتێک خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ کەسانی بێبەش کەم دەبێتەوە و زۆربەیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەش دەبن، نەخۆشییە مەترسیدارەکان پەرەدەستێنن و تەندروستی هەموو کۆمەڵگا دەکەوێتە مەترسییەوە. هەژاری دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک کەس ناچار بن ئەندامەکانی جەستەیان بفرۆشن. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنانەی جیهان کە بەشێک لە بێبەشان ناچارن بۆ مانەوەی خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان، ئەندامەکانی جەستەیان بفرۆشن. تۆڕی دەڵاڵەکان، هەندێک کەسی ناو ناوەندە دەرمانییەکان و بەشێک لە کۆمەڵگەی پزیشکی، کە جگە لە پووڵ و سەروەت بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەنەوە، خەریکی بازرگانی نامرۆڤانەی فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستەن.

کاتێک دەرفەتی خوێندنی یەکسان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوونی نییە، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە خوێندن بێبەشبوون گەیشتووەتە یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەژاریی و بێبەشیی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک. لەئەنجامی ئەم دۆخی بێبەشبوون لە خوێندنە، ملیۆنان منداڵ و تازەلاو ڕەوانەی شەقام و ناوەندە بێبەزەییەکانی کار دەبن و بەشێکیشیان نازانرێت چارەنووسیان چی بەسەر دێت. کاریگەرییەکانی هەژاری لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خەڵکی بێبەشیش ڕوون و ئاشكرایە. سیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداری بەردەوام ویستوویەتی حەقدەستێکی کەم بدات بە کرێکاران و هیچ کاتێکی بەتاڵیان بۆ نەهێڵێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە سەرمایەداران دەیانهەوێت کرێکاران هەژار و دەستکورت ڕابگرن و ڕێگری بکەن لە زیادکردنی حەقدەست و کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کارکردن، بریتییە لە بێبەشکردنی کرێکاران لە کاتی بەتاڵ و خەریکبوون بە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسیی. ئاگاداربوون لە هەموو ئەم ئاکامە کارەساتبارانە، ئەوەمان پێدەڵێت کە نابێت ڕێگە بدەین هەژاری هێرش بکاتە سەر تەندروستی جەستەیی و دەروونیمان و پەروەردە و ئەخلاق و هاوپشتی مرۆڤایەتیمان بخاتە ژێر کاریگەرییەوە.

کۆماری ئیسلامی یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهان بەڕێوە دەبات. بەڵام تەرخانکردنی بودجەی زۆر و زەوەند بۆ پڕۆژە گەلێکی بێ کەڵک، دزی، بودجەی لەڕادەبەدەری ناوەندە ئایینییەکان و سپای پاسداران و دەزگا سیخوڕییەکان، بودجەی ڕێکخراو و دام و دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی خوڕافات، بودجەی کردەوە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی سنوورەکان، هاوکات لەگەڵ سروشتی سەرمایەدارانە و چەوسێنەرەانەی، بووەتە هۆی هەژاری ٧٠ لەسەدی کرێکاران و زەحمەتکێشان. لۆژیکی سەرمایەداری ئەوەیە کە کرێکار ئەوەندە هەژار بێت کە نەتوانێت کاتی بەتاڵی هەبێت و ئەوەندەش هەژار نەبێت کە نەتوانێت لانیکەمی بژێوی خۆی دابین بکات و درێژە بە مانەوەی بدات. ئەم ڕاستییە لە کۆماری ئیسلامیدا زۆر ڕوون و ئاشکراتر دەبینرێت. بەڵام خۆشبەختانە لە ئێران خەڵک بەرامبەر بەم هەژاریی و تاڵان و بڕۆیە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبوون. ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لەلایەن خەڵکی هەژار و بێبەشەوە بەڕێوەچوون. ئەوان سەرلەنوێ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١١٤٠٢ بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادیهاتنەوە مەیدان، ئەمجارەیان خەبات لە دژی هەژاریی، گرێدرا بە فاکتەرە بنەڕەتییەکانی دیکەی وەک ستەمکاری، ئایین و پیاوسالارییەوە. ستەم و سەرەڕۆیی، هەڵاوسان و گرانی، بێکاری دە ملیۆنی، برسێتی و هەژاری و کەلێنی قووڵی چینایەتی، تەنگی بە ژیانی جەماوەری ستەملێکراوی کۆمەڵگا هەڵچنیوە. بێ گومان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و کۆمەڵانی خەڵکی ئازارچێشتووی ئێران کە ٤٤ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە چەوسێنەر و تاوانکارەدا، لەپێناو باشترکردنی دۆخی کار و گوزەرانی خۆیاندا خەبات دەکەن، لەم هەلومەرجەشدا درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن. کرێکاران و خەڵکی ئازارچێشتوو، کە هەژاریی و بێبەشیی ژیانی لێ تاڵ کردوون، بۆ ڕزگاربوون لەو دۆزەخەی کە ڕێژیمی سەرمایەداری ئیسلامی خوڵقاندویەتی، هیچ ڕێگە چارەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە دەبێ قۆڵی هیمەتی لێ هەڵبماڵن و بەبێ ترس لە سەرکوت و گرتن، شێلگیرانەتر و لێبڕاوانەتر لە هەمیشە خەباتی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا لە دژی سەبەبکارانی ئەو هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە بەرەوپێش ببەن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net