هەڵەبجە، وەبیرھێنەرەوەی جینایەتێکی لەبیرنەکراو



هەڵەبجە، وەبیرھێنەرەوەی جینایەتێکی لەبیرنەکراو

ئەمڕۆ ٢٥ی ڕەشەمە، بەرامبەر لەگەڵ ١٦ی مارس، ساڵڕۆژی شیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە. ساڵڕۆژی جینایەتێکی ترسناک کە نەک تەنیا لە یادەوەریی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو لە ویژدانی هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهاندا ماوەتەوە. سی و هەشت ساڵ لەمەوبەر لەم ڕۆژەدا، ڕژێمی بەعسی عێراق بە بەکارهێنانی چەکی شیمیایی، یەکێک لە تاڵترین و پڕئازارترین کارەساتەکانی سەدەی بیستەمی خوڵقاند. لە کاتی ئەم هێرشەدا، هەزاران مرۆڤی بێ دیفاع لە ماوەیەکی زۆر کورتدا گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی تر، بە زیانێکی توندی جەستەیی و دەروونییەوە، ساڵانێک و بگرە دەیان ساڵ دوای ئەوەش لەگەڵ ڕەنج و نەخۆشیی دەست و پەنجەیان نەرم کرد. هەڵەبجە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، تەنیا ناوی شارێک نییە، بەڵکوو ناوی برینێکی قووڵ و بۆماوەییە لە مێژووی هاوچەرخماندا.

شیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراقدا ڕوویدا، شەڕێکی درێژخایەن، وێرانکەر و دژە خەڵکیی کە خەڵکی هەردوو وڵات بە گیان، ئازار و مەینەتی، ئاوارەیی و ماڵوێرانی باجەکەیان دا. لەو قۆناغەدا، زۆر نیشانە هەبوون کە ئەم شەڕە درێژخایەن و ٨ ساڵەیە بەرەو کۆتایی دەڕوات. نە کۆماری ئیسلامی توانیبووی ئامانجە سیاسییە ڕاگەیەندراوەکانی بپێکێت و نە ڕژێمی سەدام حوسێن توانیبووی ئەو پێگەیەی کە دەیویست، لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بەدەستی بهێنێت. هەردوو حکوومەت لە کردەوەدا گەیشتبوونە بنبەست، بەڵام هەردوولا هەوڵیان دەدا پێش کۆتایی شەڕ، بە دەستکەوتێکی سەربازی یان سیاسی، پێگەیەکی باشتر بۆ خۆیان لە دانوستان و گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا دابین بکەن.

هەر لەو کاتەدا، ڕژێمی بەعسی عێراق بە چەکی شیمیایی تەیار کرابوو و پێش هێرش بۆ سەر هەڵەبجەش، چەندین جار ئەم چەکانەی لە بەرەکانی شەڕ و دژی خەڵکی سڤیل و هێزەکانی پێشمەرگە لە کوردستانی عێراق بەکار هێنابوو. لە لایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامیش بەردەوامیی شەڕی بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لە ناوخۆی وڵات و سەرکوتکردنی نەیاران و کەشی شۆڕشگێڕانەی ساڵەکانی سەرەتای دوای شۆڕش بەکار دەهێنا. بەم شێوەیە، خەڵکی ئاسایی، بەتایبەت لە ناوچە سنووری و شەڕلێدراوەکان، لە نێوان دوو حکوومەتی سەرکوتگەر و شەڕخوازدا گیریان خواردبوو، ئەو حکوومەتانەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان، کەمترین بایەخیان بۆ گیان و ئاسایشی خەڵک دانەدەنا.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، پلانی هێرش بۆ سەر ناوچەی هەڵەبجە داڕێژرا و جێبەجێ کرا. لەو سەردەمەدا، هێزە سیاسی و چەکدارەکانی کوردستانی عێراق بە نێوەندگیریی کۆماری ئیسلامی ناکۆکییەکانی خۆیان وەلانا و لە چوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتوودا کاریان دەکرد. کۆماری ئیسلامی بە ڕاکێشانی هاوکاریی ئەم هێزانە، پلانی هێرش بۆ سەر ئەو ناوچەیەی داڕشت. نیوەشەوی ٢٤ی ڕەشەمە، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرەی یەکگرتووی کوردستان دەستی پێکرد و سپای عێراق نەیتوانی لە بەرانبەر ئەم هێرشەدا خۆڕاگرییەکی ئەوتۆ بکات. ناوچەکە بە خێرایی لەژێر کۆنتڕۆڵی سپای عێراق دەرچوو و کەوتە دەست هێزە هێرشبەرەکان. بەڵام لەم نێوەندەدا، خەڵکی هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەری کە هیچ ڕۆڵێکیان لە بڕیارە سەربازی و سیاسییەکاندا نەبوو، جارێکی تر بوونە قوربانیی سەرەکیی ئەم ململانێیە. ئەوانەی کە لە ترسی شەڕ و تۆپباران پەنایان بردبووەبەر ژێرزەمینی ماڵەکانیان، نەیان دەزانی کە چەند کاتژمێرێک دواتر هەمان ئەو پەناگە بچووکانە دەبنە کوشتارگەیان.

بەیانیی ڕۆژی دواتر، سەدام حوسێن و ڕێبەرایەتی حیزبی بەعسی عێراق فەرمانی شیمیابارانکردنی هەڵەبجەیان دەرکرد. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا درا کە تەنانەت هەموو هێزە عێراقییەکانیش هێشتا دەرفەتی پاشەکشەی تەواویان لە ناوچەکە نەبوو. بەڵام بۆ ڕژێمێک کە پاراستنی دەسەڵات و نیشاندانی دڕندەیی لە هەموو شتێک بەلایەوە گرنگتر بوو، ئەم پرسە نەبووە ڕێگر. فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە ئاسمانی شاردا دەرکەوتن و گازە ژەهراوی و کوشندەکانیان بەسەر خەڵکی بێ دیفاعدا باراند. گازە شیمیاییەکان بە خێرایی لە کۆڵان و ماڵ و ژێرزەمینەکاندا بڵاوبوونەوە و ئەو خەڵکەی کە بۆ ڕزگارکردنی گیانیان لە پەناگەکاندا خۆیان حەشار دابوو، یەک لە دوای یەک گیانیان سپارد. منداڵان لە پەنای دایکیان، بەساڵاچووان لە گۆشەی ماڵەکان و ئەو بنەماڵانەی کە دەرفەتی خۆدەربازکردنیان نەبوو، هەموویان بوونە قوربانیی ئەم جینایەتە. ناوی نزیکەی پێنج هەزار کەس لە گیانبەختکردوانی ئەم کۆمەڵکوژییە تۆمار کراوە، بەڵام ڕەهەندی ڕاستەقینەی ئەم کارەساتە زۆر فراوانترە لەوەی کە تەنیا لە ئامارەکاندا دەبینرێت.

ڕزگاربووانی ئەم کارەساتەش لە زیانەکانی بێبەش نەبوون. هەزاران کەس ساڵانێکی زۆر بەدەست نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، کێشەی چاو، برینی پێست، کەمئەندامی جەستەیی و زەبرە قووڵە دەروونییەکانەوە ناڵاندیان. زۆرێک لە بنەماڵەکان چەندین ئەندامی خۆیان بە یەکجار لەدەستدا و زۆرێک لە منداڵان لە دوای ئەو هێرشە، هەتیو و بێسەرپەرشت مانەوە. لێکەوتەکانی ئەم جینایەتە، تەنیا لەو ڕۆژە و لەو نەوەیەدا سنووردار نەمایەوە، بەڵکوو ئاسەوارەکانی تا ساڵانێکی زۆر دواتریش لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی هەڵەبجەدا مایەوە. لەمڕووەوە، هەڵەبجە تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو هێمایەکی زیندووی ڕەنجی جەماوەرێکە کە بوونە قوربانیی شەڕ و چەکی کۆمەڵکوژ.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە ڕژێمی بەعسی عێراق لە ئەنجامدانی ئەم جینایەتەدا بە تەنیا نەبوو. هێزە جیهانییەکان و ئەو دەوڵەتانەش کە ڕۆڵیان هەبوو لە تەیارکردنی حکوومەتی عێراق بە ماددە و کەرەستە پێویستەکان بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی شیمیایی، لەم کارەساتەدا بەرپرسیارن. دەوڵەتە ئورووپاییەکان، بەتایبەت دەوڵەتەکانی ئاڵمان و هولەندا، بە چاوپۆشیکردن لە مەترسی و لێکەوتەکانی ئەم هاوکارییانە، زەمینەی پێویستیان بۆ بەهێزکردنی ئامێری جەنگیی عێراق ڕەخساند. دەوڵەتی ئەمریکاش کە لە ڕەهەندەکانی ئەم جینایەتە ئاگادار بوو، ڕاستییەکەی لە ڕای گشتیی جیهان شاردەوە و بەم شێوەیە، لە بەرانبەر ئەم کارەساتەدا بێدەنگییەکی وشیارانەی هەڵبژارد. بەمجۆرە بوو کە گیانی مرۆڤەکان بووە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی هێزە دەسەڵاتدارەکانی جیهان.

ئەمڕۆ، لە ساڵڕۆژی شیمیابارانی هەڵەبجەدا، یاد و بیرەوەری سەرجەم گیانبەختکردوانی ئەم کارەساتە بەرز ڕادەگرین و ڕێز لە ڕزگاربووان و بنەماڵە داغدارەکانیان دەگرین. یادی قوربانیانی شیمیابارانی هەڵەبجە دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە، نەک تەنیا وەک وەبیرهێنانەوەی تاوانێکی مێژوویی، بەڵکوو وەک ئاگادارکردنەوەیەکی جیددی دژی شەڕ، دژی چەکی کۆمەڵکوژ و دژی بێدەنگی لە بەرانبەر تاواندا. ئاواتی ئێمە جیهانێکە کە تێیدا هیچ شارێک دووبارە نەبێتەوە بە هەڵەبجە، جیهانێک کە تێیدا خەڵک نەبنە قوربانیی شەڕە کۆنەپەرستانە و دژە خەڵکییەکان. جیهانێک کە تێیدا ئاشتی، ئازادی، یەکسانی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی، جێگەی شەڕ و سەرکوت و وێرانی بگرێتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net