به‌یانی دووشه‌ممه ٢٠ی گه‌لاوێژ، عه‌لی لاریجانی ده‌بیری شۆرای ئه‌منیه‌تی نیشتمانی ئێران له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جی ده‌بیری شۆرای ئه‌منیه‌تی میللی عێراق دیداری كرد و په‌یماننامه‌یه‌كی ئه‌منیه‌تی تازه‌یان واژۆ كرد.
عه‌لی لاریجانی پێش سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه مه‌به‌ست له‌و سه‌فه‌ره، واژۆكردنی په‌یماننامه‌یه‌كی ئه‌منیه‌تی تازه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق و باس كردن له سه‌ر باروودۆخی ناوچه‌كه و شه‌ڕی غه‌زه‌یه. هه‌ر چه‌ند ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه ئاشكرا نه‌كراوه به‌ڵام عه‌لی لاریجانی و قاسم ئه‌عره‌جی له سه‌ر جێبه‌جێكردی هه‌موو بڕگه‌كانی ڕێكه‌وتنی پێشوو جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه. هه‌ندێك له سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیش باسیان له گفتگۆی هه‌ر دوولا له سه‌ر بابه‌ته‌كانی چه‌كدانانی حه‌شدی شه‌عبی و محاكمه‌ی ٢٠ ئه‌ندامی حیزبۆڵڵای عێراق كردووه. هه‌روه‌ها باس له سه‌ر ئهمنكردنی سنووره‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات و ڕێگری له به‌كارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران كراوه.