
ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبهندان، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ئەمریکا، خولێکی نوێی وتووێژیان لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوە برد. دانوستانێکی کە لە کەشێکی پڕ لە هەڕەشە و بێمتمانەیی و نیگەرانییە ناوچەییەکاندا بەڕێوەچوو. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە، لایەنی ئەمریکایی هیچ هەڵسەنگاندن و ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ئەنجامی ئەم خولەی دانوستانەکان نەخستووەتەڕوو، هەروەها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش تەنیا بە شێوەیەکی گشتی و ناڕوون هەندێک لێدوانیان داوە و خۆیان لە خستنەڕووی وردەکاریی دیاریکراو بواردووە. ئەم جیاوازییە لە شێوازی خستنەڕووی زانیاریی، خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئاڵۆزی و هەستیاریی پڕۆسەیەکە کە دەتوانێ لێکەوتەی بەربڵاوی بۆ ئایندەی ئێران و ناوچەکە بەدواوە بێت. وەزیری دەرەوەی ئێران دانوستانەکانی بە “سەرەتاییەکی باش” وەسف کرد و باسی لە دروستبوونی “تێگەیشتن لە یەکتر” بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکان کرد. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی تەنیا لەسەر مەلەفی ئەتۆمی دانوستان دەکات و ئامادە نییە پرسەکانی دیکەی ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکا بێنێتە ناو ئەم پرۆسەیە. ئەم هەڵوێستە ئەوە دەردەخات کە حکوومەت هێشتا هەوڵدەدات مەودای دانوستانەکان سنووردار بهێڵێتەوە و خۆی لە چوونە ناو پرسگەلێکی بەربڵاوتری وەک سیاسەتی ناوچەیی، بەرنامەی مووشەکی، یان پرسە ناوخۆییەکان بەدوور بگرێت.
لەبەرامبەردا سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ئەگەری هاتنەئارای “ڕووداوی خراپ” زۆر بەهێزە. دەستەواژەیەکی کە لە فەزای سیاسی و نیزامی ناوچەکەدا وەک هەڕەشەیەکی جددی سەیر دەکرێت. هاوکات زلهێزەکانی جیهان و وڵاتەکانی ناوچەکە سەبارەت بە مەترسی پەرەسەندنی گرژییەکان و ئەگەری دروستبوونی تێکهەڵچوونێکی نیزامی نوێ، هۆشدارییان داوە. کەشوهەوای شەڕ و گرژی سێبەری بەسەر دانوستانەکاندا کێشاوە و ئەمریکا دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی هێزێکی بێ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کۆماری ئیسلامیش لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکادا ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری هەر چەشنە هێرشێکی نیزامیدا، وەڵامی تووند دەداتەوە و هۆشداریشی داوە بەو وڵاتە عەرەبیانەی کە بنکەی نیزامی ئەمریکایان تێدا جێگیرە. ئەم لێدوان و هەڕەشانە نیشان دەدات کە دانوستانەکانی مەسقەت نەک هەر لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە نەچووە، بەڵکوو لە دۆخێکی پڕ لە کێشمەکێش و مملانێ و بنبەستدا بەڕێوە دەچێت کە تیایدا هەردوولا هەوڵدەدەن کەڵک لە ئامرازەکانی گوشار وەربگرن بۆ ئەوەی ئیمتیازی زیاتر بەدەست بهێنن.
لە ئاوا کەشێکدا دەتوانرێت دوو سیناریۆی لۆژیکی بۆ ئەو ئاراستەیە چاوەڕوان بکرێت:
سیناریۆی یەکەم هەنگاونان بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوون. لەم سیناریۆیەدا ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی داواکارییەکانی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و دانوستانەکان شکست دەهێنن. دەرئەنجامی وەها دۆخێک دەتوانێ بریتی بێت لە پەرەسەندنی گوشاری سیاسی و ئابووری و سەرئەنجام هێرشی نیزامی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. لەم حاڵەتەدا ئەگەری زۆرە کە کۆماری ئیسلامی بە هێرشی مووشەکی و جموجۆڵی ناوچەیی وەڵام بداتەوە، بەڵام هاوسەنگی هێز نیشان دەدات کە ئەگەری شەڕێکی درێژخایەن بەدوور دەزانرێت. دەرئەنجامی ململانێیەکی لەو شێوەیە دەتوانێ بریتی بێت لە شکستی بەکردەوەی کۆماری ئیسلامی و قبوڵکردنی ڕێککەوتن لە پێگەیەکی لاوازەوە. لەم پڕۆسەیەدا گۆڕانکاریی جیددی لە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا دوور لە چاوەڕوانی نییە. ڕەنگە ڕوخسارە سەرەکییەکانی ڕژیم جێگەی خۆیان بدەن بەو هێزانەی کە پۆتانسێل و توانای گەیشتن بەجۆرێک لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکایان هەبێت. بە واتایەکی تر شکست لە مەیدانی ڕاستەقینەدا، دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی بەناچاریی ڕێبەریی سیاسی لەناو ئەو سیستەمەدا.
سیناریۆی دووەم سازشکردن بەمەبەستی ڕێگریکردن لە شەڕ. لەم سیناریۆیەدا کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی مل بە سازش دەدات و مەرجە سەرەکییەکانی ئەمریکا قبوڵ دەکات. بەڵام لەم حاڵەتەشدا پاشەکشەیەکی لەو شێوەیە، بەبێ گۆڕانکاری لە ڕووخسار و پێکهاتەی دەسەڵاتدا گەلێک دژوار دەبێت. دەسەڵات بەمەبەستی ئیدارەدانی دەرئەنجامە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سازان، حکوومەت ناچار دەبێت هەیکەلی سیاسی خۆی سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە، بۆ ئەوەی لە ناوخۆدا وانیشان بدات کە ڕێکەوتنەکە لە پێگەیەکی بەهێزەوە کراوە و هەروەها لە بواری نێودەوڵەتیشەوە تاڕادەیەک قبووڵکراو بێت. لەم حاڵەتەشدا تەنانەت ئەگەر شەڕیش ڕوونەدات، کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشەی گرنگ و بەرچاو دەبێت، پاشەکشەیەکی کە نیشانەی لاوازبوونی دەسەڵاتەکەی و کەمبوونەوەی توانای مانۆڕی سیاسی دەبێت. لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری هاتنەئارای هەرکام لەو سیناریۆیانە، واقیعێکی هاوبەشی بەرچاوە. کۆماری ئیسلامی لەم دانوستانە لاوازتر لە پێشوو دێتەدەرەوە. یان لە ئاکامی گوشاری نیزامی و شکست لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا، یان لە ئەنجامی جۆرێک لە سازان کە نیشانەی پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی پێشووی پێوە دیار دەبێت. هەردوو ئاراستەکە بەیانگەری دابەزینی توانا سیاسی و ستراتیژییەکانی حکوومەتێکە، کە ساڵانێکی زۆر مەشروعییەتی خۆی بە دروشمی خۆڕاگریی لەبەرامبەر ڕۆژئاوادا پێناسە کردبوو.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا داهاتووی ئێران پتر لە هەر شتێک پەیوەستە بە پێشهاتە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگاوە. ئەزموونی ساڵەکانی ڕابردوو دەریخستووە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و کرێکارییەکان، بزووتنەوەی ژنان، لاوان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە شکڵ پێدان بە ڕەوتە سیاسییەکان هەیە. پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییە ئازادیخوازانە و دادپەروەرانە و بژێوی ژیانی خەڵک بێت، پێویستی بە خۆڕێکخستن و پەیوەندی نێوان ئەم بزووتنەوانەوە هەیە. دروشمی “نان، کار، ئازادی” بە مانا فراوان و هەمەلایەنەکەی، دەتوانێ میحوەری لێکنزیکبوونەوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بێت، دروشمێکی کە هەم داواکارییە ئابوورییەکان و هەم داواکارییە سیاسی و مەدەنییەکان لەخۆدەگرێت. داهاتووی کۆمەڵگایەکی ئازاد، ڕێکخراو و خۆشگوزەران، سەرچاوەکەی نەک لە ڕێککەوتنەکانی پشت دەرگا داخراوەکان و نە لە شەڕی وێرانکەردا، بەڵکوو لە توانای جەماوەر بۆ پێکهێنانی دامەزراوە سەربەخۆکان و بەرەوپێشبردنی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتیدایە.
وتووێژەکانی مەسقەت تەنها گفتوگۆیەکی دیپلۆماتیکی ڕۆتین نییە، بەڵکوو بەشێکە لە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی دەسەڵات لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا. هەڕەشە نیزامییەکان، گوشاره ئابوورییەکان و کەلێنە ناوخۆییەکان، کۆماری ئیسلامیی خستووەتە دۆخێکەوە کە ناچارە لە نێوان بژاردەی شەڕ و تێکهەڵچوون یان سازان، کە هەردوو ئاراستەکە نیشانەی قۆناغێکی نوێە لە لاوازبوونی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا. لە کۆتاییدا، چارەنووسی سیاسی ئێران نەک لەسەر مێزی دانوستان بەڵکوو لە گۆڕەپانی کۆمەڵگا و توانای هێزە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆڕێکخستن و پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکراتیک و جەماوەریدا دیاری دەکرێت، ئەڵتەرناتیڤێکی کە بتوانێت ئاسۆیەک لە ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانی گشتیی، بەڕووی داهاتووی کۆمەڵگای ئێراندا بکاتەوە.