هەموو ساڵێک ڕۆژی ١٢ی ئایاری (٢٢ی گوڵان) ڕۆژی جیهانی پەرستار بە بۆنەی لەدایکبوونی فلۆرانس نایتینگڵ، دامەزرێنەری پەرستاریی هاوچەرخ، بەرز ڕادەگرێت. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ سوپاسگوزاری لە هەوڵی بێوچان و فیداکارانەی پەرستاران لە سەرانسەری جیهان. پەرستاران کۆڵەکەی سەرەکی سیستەمی تەندروستین و ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، چاودێریکردنی نەخۆشەکان و پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگا. کاری پەرستاران تێکەڵەیەکە لە ئەزموونی زانستی، شارەزایی تەکنیکی و هاوسۆزی مرۆڤایەتی.
ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پەرستاران لە ڕاپۆرتی ڕۆژی جیهانی پەرستاریدا ڕایگەیاند: بەپێی ڕاپۆرتی ڕاپرسی لە ڕێکخراوەکانی پەرستاری وڵاتان، ٦١%ی پەرستاران بەدەست فشاری کارەوە دەناڵێنن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، قورسی کار و کەمی پەرستار، بووەتە هۆی ئەوەی کە لە زۆر وڵاتدا، ڕووکردنە پیشەی پەرستاری کەم ببێتەوە.
بەڵام پەرستاران لە ئێران لەگەڵ چەندین کێشە بەرەوڕوون. لە زومرەی ئەم کێشانە، ماندوویی و بارودۆخی قورسی کار وێڕای گرفتەکانی تر، لەوانەیە گرنگترین کێشەکانی پەرستاران بێت. ڕێژەی پەرستار بۆ هەر تەختێکی نەخۆشخانە لە ئێران زۆر کەمترە لە ستانداردە جیهانییەکان. بەهۆی کەمی پەرستار، زۆرێک لە پەرستاران ناچار بە شیفتی درێژەماوە و ئیزافەکاری دەبن، کە ئەمە تەندروستی جەستەیی و دەروونیان دەخاتە مەترسییەوە و هەر ئەم کەمییەش هۆکارە بۆ گوشاری کار و ماندوویی هەرچی زیاتری پەرستاران. بەڵام سەرەڕای سەختی کار و بەرپرسیاریەتییە قورسەکان، حەقدەستی پەرستاران گونجاو نییە لەگەڵ هەوڵ و زەحمەتەکانیان. ئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی پیشەیی و کۆچکردنی پەرستارانی بەتوانا. زۆرێک لە پەرستاران بە گرێبەستی کاتیی و شیرکەتیی کار دەکەن، کە ئەمە هەڕەشەیە بۆسەر ئەمنییەتی پیشەیی ئەوان. لە هەمانکاتدا، پەرستاران لەگەڵ مەترسی نەخۆشی جۆراوجۆری گوازراوە و زیانە پیشەییەکان بەرەوڕوون. ئەم مەترسیانە لە کاتی پەتای کۆڤید–١٩دا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەرەی سەند.
لە ساڵانی ڕابردوودا، بزووتنەوەی پەرستاران بەشێک بووە لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان. لە بواری داواکارییەکانی پەرستاران، کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە یاسا و پەسەندکراوەکانی خۆیشی پابەند نییە. لە ساڵی ١٣٨٨دا پەرستاران بە فەرمی خرانە پۆلێنبەندی پیشە قورس و زیانبەخشەکان. بەڵام ئەم بڕیارە نەک هەر جێبەجێ ناکرێت، بەڵکوو بەهۆی کەمی پەرستار و پێویستی بە خزمەتگوزارییەکانیان، بەردەوام فشاری کار لەسەریان زیاتر دەبێت. کەمی پەرستار ناچاریان دەکات کە ئیزافەکاری بکەن، لە کاتێکدا هێشتا حەقدەستی شیفتی ١٠ ساڵی پێشووتریان پێ نەدراوە.
لە ئێران بۆ هەر ٣ تەختێکی نەخۆشخانە تەنیا یەک پەرستار هەیە. لە کاتێکدا بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، بۆ بەشە گشتییەکان لانیکەم ٢ پەرستار بۆ هەر تەختێک و لە بەشی چاودێری تایبەت ٤ بۆ ٥ پەرستار بۆ هەر تەختێک پێویستە. ئێران بۆ گەیشتن بە ستانداردە جیهانییەکان، ٢٩٠ هەزار پەرستاری دیکەی پێویستە. لە کاتێکدا کە چارەسەرنەکردنی کێشە و داواکارییە لانیکەمەکانی پەرستاران لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، وایکردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، ساڵانە زیاتر لە ١٠٠٠ پەرستار کۆچ بکەن بۆ کانەدا، قەتەر و وڵاتانی ئورووپا.
بەڵام ئەمە تەنیا پەرستاران نیین کە بەدەست ئەو کەمبوونانەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە ئازار دەچێژن، بەڵکوو بە هەر ڕادەیەک ئاستی ستانداردی ژیان و دابینکردنی پێداویستییەکان و بارودۆخی کاری پەرستاران لەخوارەوە بێت، بە هەمان ڕادەش ئەگەری چاکبوونەوەی نەخۆشەکان کەمتر دەبێتەوە. کاتی درێژەماوەی کار، بارودۆخی زۆر سەخت و بەرپرسیاریەتی هەستیار لە لایەک و ماف و حەقدەستی کەم و داهاتوویەکی ناڕوون لە لایەکی تر، تەنیا کاریگەری ناکاتەسەر ئاستی ژیانی پەرستاران، بەڵکوو ئەم ئاستە لە بێبەشییە، کاریگەری جیددی لەسەر تەندروستی کۆمەڵگاش دادەنێت و دەبێتە هۆی درەنگ چاکبوونەوەی نەخۆشەکان.
کرداری کارگێڕانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە داواکارییە ڕەواکانی پەرستارانی بێبەش و زەحمەتکێش، نەک وەڵامدانەوە بە داواکارییە سروشتییەکانیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانیان، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ فریوکاری و پێشێلکردنی مافەکانی پەرستاران و ڕێگرتن لە ناڕەزاییەکانیان، لە ڕێگەی ڕێکخراوە دەستکردەکانی وەک «ڕێکخراوی نیزام پەرستاری». ئەم ڕێکخراوەی سەر بە دام و دەزگا ئەمنییەکان، دەیەوێت بە نفووزکردنە نێو پەرستاران، ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوانیاندا دروست بکات و ڕێگری بکات لە یەکگرتووبوون و دامەزراندنی ڕێکخراوێکی پیشەیی سەربەخۆی پەرستاران لە ئێران. بەڵام ماوەیەکی زۆرە کە سروشتی دژە پەرستاریی ئەم ڕێکخراوە حکومییە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەکاری و هەروەها پاساوکردنی کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕژێم لە ئاست وەڵامدانەوە بە ویست و داواکارییەکانی پەرستاران، بۆ ڕای گشتی پەرستاران ناسراوە و ئەم ڕێکخراوەش وەک ڕێکخراوە دروستکراوەکانی دیکەی ڕژێم لە نێو پەرستارەکاندا بێ بایەخ بووە. بە پێزانین و ڕێزگرتن لە فیداکارییەکانی ئەم بەشە ماندوونەناسەی کۆمەڵگا، ڕۆژی جیهانی پەرستاران بەرز ڕادەگرین و لەسەر ویست و داواکارییە ڕەواکانیان، کە لەلایەن زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگای ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، جەخت دەکەینەوە.