وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خزمەتگوزاری گشتی

٢٣ی ژوئەن، بەرامبەر بە ٢ی پووشپەڕ، لە ساڵنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕۆژی جیهانی خزمەتگوزاری گشتی ناسێنراوە. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکی گونجاوە بۆ پێداچوونەوەی دۆخی خزمەتگوزاری گشتی لە وڵاتەکان و هەڵسەنگاندنی کاری دام و دەزگا حکومییەکان لەم بوارەدا. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بە فەرمی بەڕێوە دەچێت. خزمەتگوزارییەکی گشتی کاریگەر و کارا، بە بڕبڕەی پشتی هەر کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دادەنرێت. ئەم خزمەتگوزاریانە نەک هەر پێداویستییە سەرەکییەکانی شارۆمەندان دابین دەکەن، بەڵکوو ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە جێبەجێکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانییەکان. هەروەها، چلۆنایەتی خزمەتگوزاری گشتی یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکانی گەشەی مرۆیی و ڕەوایەتیی سیاسی حکوومەتەکان. خزمەتگوزاری گشتی بریتییە لە هەموو ئەو خزمەتانەی کە حکوومەتەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی شارۆمەندان پێشکەشی دەکەن، لەوانە پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە، ئاسایش و هی تر. ئەم خزمەتگوزاریانە نەک هەر یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی چلۆنایەتی ژیان، بەڵکوو ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پەرەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکان.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خاوەنی یەکێک لە خراپترین کارنامەکانە لەم بوارەدا لە سەر ئاستی جیهان. لە وڵاتێکی کە خاوەنی سەرچاوە و سامانێکی زۆر و زەوەندی سروشتییە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە لە چوارچێوەی هەر ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارەشدا، کارنامەیەکی باشتری هەبێت. بەڵام لە ڕژیمێکی کە تریلیۆنها دۆلار خەرجی پرۆژەی ئەتۆمی دەکات و دواتر هەمووی لە یەک شەودا دەبێت بە دووکەڵ و با دەیبات، ناکرێت چاوەڕوانی بارودۆخ و خزمەتگوزارییەکی گشتی لەوە باشتر بکرێت. جگە لەوەی کە بودجەیەکی کەمتر بەراورد بە بەشە سەربازیی و دام و دەزگاکانی سەرکوت و پەرەپێدانی خوڕافات، بۆ بەشی خزمەتگوزاری گشتی دابین دەکرێت، ئاستی خراپی خزمەتگوزاری گشتی دەریدەخات کە چۆن تەنانەت ئەم بودجە کەمەش بەهۆی سيستەمی گەندەڵی کارگێڕی و نەبوونی کۆنترۆڵ و ناکارامەییەوە، بە شێوەیەکی تر بە فیڕۆ دەچێت. هەروەها، لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕەوتی بە تایبەتیکردن لە بوارە هەستیارەکانیشدا، لەوانە: خزمەتگوزاری پزیشکی و چاودێری تەندروستی، نەخۆشخانەکان، ناوەندەکانی چاودێری بەساڵاچووان، زیندانەکان، ناوەندەکانی چاودێری گەنجانی تاوانبار، زانکۆکان و پەروەردەی منداڵان، گەلێک پەرەی سەندووە. ئەم سیاسەتی تایبەتیکردنە دەتوانرێت وەک هۆکارێکی تر بۆ ناڕێکی و کەموکوڕییەکانی بواری خزمەتگوزاری گشتی لەقەڵەم بدرێت.

خزمەتگوزاری گشتی خاوەن کوالێتی بەرز، مافی سەرەکی هەر شارۆمەندێکە و دابینکردنی، ئەرکی سەرەکی حکوومەتەکانە. بەڵام لە سیستەمێکدا کە ئابوورییە شکستخواردووەکەی پێویستی بە تاڵانکردنی سامانە گشتییەکانە لەژێر ناوی تایبەتیکردن و سەپاندنی سیاسەتی زگ هەڵگوشین بەسەر خەڵکدا لەسەر بنەمای ئابووری نیۆلیبڕاڵی، چۆن دەکرێت قسە لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی کارا بکرێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زۆربەی هەژاران و خەڵکی دەستکورت بەهۆی دەستپێڕانەگەیشتن و بێبەش بوون لە بیمەی تەندروستی یان تەنانەت هەبوونی کارتێکی بێ کەڵکی بیمە، خۆیان لە چوون بۆ لای پزیشک و نەخۆشخانە دەبوێرن، کە ئاکامی ئەمەش دەبێتە مەرگێکی پڕ ئازار بەهۆی نەخۆشییە سەخت و چارەهەڵنەرەکان. ئەڵبەتە هەندێکجاریش شایەتی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە دڵ تەزێنانەش بووین کە نەخۆشخانەکان خۆیان لە وەرگرتنی نەخۆشی هەژار و بەتایبەتی منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان بواردووە و بوونەتە هۆی مردنیان. بەڵام خزمەتگوزاری گشتی هاوکات پەیوەندی ڕاستەوخۆیی هەیە لەگەڵ هەژاری لە کۆمەڵگادا. بۆ نموونە، لە بواری تەندروستیدا بەمەبەستی دابینکردنی دادپەروەریی، پێویستە خەبات بۆ بنەبڕکردنی هەژاری لە بواری تەندروستیدا ببێت بە ئەرکێکی سەرەکی. چونکە تەندروستی بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی پێشگریکردن لە نەخۆشییەوە دابین دەکرێت. پێشگیریکردنیش پێویستی بە دابینکردنی خۆراکی پێویست و تەندروست، پەرەپێدان بە زانیاری دەربارەی خۆراکی خاوەن کوالێتی و فێرکردنی چۆنیەتی ژیانی تەندروست، هەبوونی ئارامی دەروونی، وەرزشی ڕۆژانە و چەندین بابەتی تر هەیە بۆ دانیشتوانی وڵات. بەڵام لە سیستەمێکی نوقمی گەندەڵیی ڕژیمدا کە ٧٠٪ی دانیشتوانەکەی لە ژێر هێڵی هەژاری موتڵەق و ڕێژەییدا دەژین، لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆری خزمەتگوزاری گشتی بۆ بەشی تایبەت تەرخان کراوە، سروشتییە کە زۆربەی خەڵک لە خزمەتگوزاری گشتی بێبەش بن.

لە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا لەسەر گرنگی خزمەتگوزاری گشتی بێبەرامبەر و گونجاو بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات جەخت کراوەتەوە. لەم بەرنامەیەدا، دابینکردنی ئەم خزمەتگوزاریانە بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات مەبەستە، نەک تەنها بۆ ئەو کەسانەی کە ناسنامەی ئێرانیان هەیە. ئەم مافە پەنابەرانی ئەفغانستانی، منداڵان و گەورەساڵانی بێ ناسنامە و هەموو ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لەناو جوگرافیای ئێراندا دەژین. هەروەها ئەم بەرنامەیە خوازیاری نەهێشتنی بەشی تایبەتە لە هەموو بوارە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، بواری خانەنشینی و چاودێری بەساڵاچووان و هیترە. سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان، جگە لە کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان بیر لە هیچی تر ناکەنەوە. ئەوان نایانەوێت هەزینەی خزمەتگوزاری گشتی دابین بکەن. هەتا کاتێک کە شۆڕشی خەڵکی کارگر و زەحمەتکێش و چەوساوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەهێنێت، پێویستە خەڵک بۆخۆیان لەفکری خۆیاندابن و بە پشتبەستن بە خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوی خۆیان، دەوڵەت پابەند بکەن بە  جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، لە بواری خزمەتگوزاری گشتیدا.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net