وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دانیشتووان

ڕۆژی جیهانی دانیشتووان کە ساڵانە لە ڕۆژی ١١ی ژوئیەدا بەڕێوەدەچێت، دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە بابەتەکانی پەیوەست بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، گەشەسەندنی بەردەوام و کوالێتی ژیانی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهان. ئەو ڕۆژە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، لەسەر گرنگی پرسەکانی دانیشتوان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئایندەی گۆی زەوی جەخت دەکاتەوە. ڕۆژی جیهانی دانیشتووان بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن شۆڕای بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان ( یو، ئێن، دی، پەی) دیاریکرا. ئەو ڕۆژە بە بۆنەی یادکردنەوە لەو ڕۆژە دەستنیشانکرا کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان گەیشتە پێنج ملیارد کەس. ئەمڕۆ کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان ٨ ملیارد کەسی تێپەڕاندووە، گرنگی ئەم ڕۆژە زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت.

زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتو بەتایبەتی لە ئەفریقا و ئاسیا ڕووبەڕووی زیادبوونی خێرای دانیشتووان بوونەتەوە. ئەم گەشەکردنە خێرایە دەتوانێت فشارێکی زۆر بخاتە سەر سامانە سروشتییەکان و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتیەکان. لەبەرامبەردا زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو ڕووبەڕووی دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون و پیربوونی دانیشتووان بوونەتەوە. ئەمەش لە بواری دابینکردنی هێزی کار و سیستەمی خانەنشینی و چاودێری تەندروستیدا گەلێک ئاڵەنگاری دروست دەکات. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕۆژی جیهانی دانیشتووان بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی منداڵبوون و پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنان لە بڕیاردان سەبارەت بە منداڵبوون. هەروەها زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا و بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان، لە زومرەی بابەتە گرنگەکانی ئەم ڕۆژەن. ڕۆژی جیهانی دانیشتووان دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لەو ڕاستییەی کە بەڕێوەبردنی دروستی پرسەکانی دانیشتووان، ڕەمزی بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و داهاتوویەکی باشترە بۆ سەرجەم مرۆڤەکان. ئەم ڕۆژە وەبیرهێنانەوەی ئەو  خاڵە گرنگەیە کە دانیشتوان، نەک هەڕەشەیەکە بۆ ئەوەی کە لێي بترسیت و نە سەرچاوەیەکیشە کە بتوانرێت بەبێ پلان بەهرەی لێوەربگیرێت، بەڵکوو دەرفەتێکە کە بە بەڕێوەبردنێکی ژیرانە، دەتوانرێت یارمەتیدەر بێت لە خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا مرۆییەکان.

ساڵانە ڕۆژی جیهانی دانیشتووان، بابەتێکی دیاریکراو دەوروژێنێت بۆ ئەوەی سەرنجی جیهانی بۆ لایەنە جیاوازەکانی پرسەکانی دانیشتووان ڕابکێشێت. ئەم ئاراستە بابەتییە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ساڵانە سەرنج بخرێتە سەر یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی ئەم بوارە و ڕێگە چارەی پراکتیکی بخرێتەڕوو. لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوسەرگیری و ئاسانکاری و بەرەوپێشبردنی پێکهێنانی خێزان و زیادکردنی منداڵ، دابەزاندنی تەمەنی هاوسەرگیری و پاڵپشتیکردنی هاوسەرە گەنجەکان و بەهێزکردنیان لەپێناو دابینکردنی خەرجییەکانی ژیان و پەروەردەکردنی نەوەیەکی لێهاتوو و کارامە. بردنەسەرەوەی ئاستی هیوا بە ژیان، دابینکردنی تەندروستی و خۆراکی پێویست و تەندروست بۆ دانیشتوان و ڕێگریکردن لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، ڕووداو، پیسبوونی ژینگە و نەخۆشیەکان. دروستکردنی کلتوری ڕێزگرتن لە بەساڵاچووان و ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و پاراستنیان لەناو خێزاندا و پێشبینیکردنی میکانیزمی پێویست بۆ سودوەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانی بەساڵاچووان لە بوارە گونجاوەکانی بەهێزکردنی دانیشتوان لە تەمەنی کارکردن لەڕێگەی دروستکردنی ڕۆشنبیری و چاکسازی، بەهێزکردن و گونجاندنی سیستەمی بارهێنان و پەروەردەیی گشتی، ڕەخساندنی هەلی کار، تەکنیکی، پیشەیی تایبەتمەند لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و بەهرەکانیان و هەروەها حەز و خولیای ئەوان بە مەبەستی پێکهێنانی بواری کاری کاریگەر و بەرهەمدار. دووبارە دابەشکردنەوەی فەزایی و جوگرافیایی دانیشتووان بەگوێرەی پۆتانسێلی ژیانیی وێڕای جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی ئاو بە ئامانجی دابەشکردنی هاوسەنگی و کەمکردنەوەی فشاری دانیشتووان. بەڕێوەبردن و ئاراستە کردنی پرسی کۆچی ناوخۆیی و دەرەکی هاوئاهەنگ لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی دانیشتوان، بە داڕشتن و جێبەجێکردنی میکانیزم و ڕێکاری گونجاو. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە نیو سەدەی ڕابردوودا گۆڕانکاری بەرچاوی لە ڕووی گەشەی دانیشتوانەوە بەخۆیەوە بینیوە. ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە نزیکەی ٣٤ میلیۆن کەس لە ساڵی ١٩٧٦ بۆ نزیکەی ٩٠ میلیۆن کەس لە ئێستادا زیادی کردووە. لەم پێوەندییەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی سیاسەتی جۆراوجۆری سەبارەت بە پرسەکانی دانیشتووان گرتۆتە بەر. سیاسەتی دانیشتووان لە ئێران دەتوانرێت بەسەر دوو قۆناغدا دابەش بکرێت:

قۆناغی یەکەم: هاندان بەمەبەستی زیادکردنی دانیشتوان (دەیەی ١٩٨٠ و ١٩٩٠)

لەم قۆناغەدا بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق و پێویستی دابینکردنی هێزی مرۆیی، سیاسەتەکان بە ئاراستەی هاندانی زیادبوونی دانیشتوان بەکار هێنران. کۆمەڵێک بەرنامە بۆ زیادکردنی توانایی منداڵبوون و هاندانی خێزانەکان بۆ ئەوەی منداڵی زیاتریان هەبێت بەڕێوەبرا. ئەم بابەتە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی منداڵبوون بە ڕێژەی ٥،٤ منداڵ بۆ هەر ژنێک لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠دا.

قۆناغی دووەم: کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان و دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون (لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ەوە تا ئێستا)

لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە، بەهۆی ئەو قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە لە ئاکامی زیادبوونی دانیشتوانەوە دروستبوو، سیاسەت و ڕێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان و کەمکردنەوەی ڕێژەی منداڵبوون دەستیپێکرد. بەرنامەی تەندروستی گشتگیر، ڕاهێنان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی منداڵبوون و دەستڕاگەیشتن بە شێوازەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی، لە زومرەی ئەم سیاسەت و ڕێکارانە بوون. ئەم ڕێوشوێنانە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی منداڵبوون بە ڕێژەی ٢.٠ منداڵ بۆ هەر ژنێک لە ساڵانی ڕابردوودا. بە جۆرێک کە ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی ئێران ئێستا گەیشتووەتە کەمتر لە یەک لەسەد.

کەمبوونەوەی ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووانی ئێران لە کاتێکدایە کە خامنەیی چەندین جار فەرمانی دەرکردووە کە دەبێ ژمارەی دانیشتووانی ئێران بگاتە ١٥٠ ملیۆن کەس. بەڵام وشیاری و واقیع بینی خەڵک وەهمەکانی خامنەیی تێپەڕ کردووە. سەرەڕای فەتوا و فەرمانەکانی خامنەیی، ڕەوتی زیادبوونی دانیشتوانی ئێران خاو بووەتەوە. ئەم ڕژیمە بە پێداگری لەسەر درێژەدان بە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، دەستوەردان لە پرسە ناوچەییەکان، بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی سەرکێشانەی ئەتۆمی و مووشەکی و خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ پەرەپێدان بە دامەزراوە ئایینییەکان، هەموو ئەمانە لەسەر بەستێنی گەندەڵییه‌کی دارایی دامەزراوەیی، چەندین ترلیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئەم وڵاتە و بەرهەمی ڕەنج و کاری ئەوانی بەفیڕۆ داوە. کاری گەیاندۆتە ئاستێک کە ئەمڕۆ زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم دۆخەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردە نائاسایی و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان بەناو زبڵدان، خەوتنی منداڵانی کار لەناو کارتۆن و خۆکوشتن و هتدهەر لەسەر ئەم بنەمایە و لە درێژەی سیاسەتێکی لەم شێوەیەدایە کە خامنەیی بەردەوام ڕەخنە لە بەرپرسانی خوارەوەی خۆی دەگرێت کە بۆچی شێلگیرانە سیاسەتی زیادکردنی ڕێژەی دانیشتووان جێبەجێ ناکەن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net