کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار، هەواڵێک سەبارەت بە کوژرانی دوو دادوەری بەدناو و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە ناوەکانی عەلی ڕازینی و محەممەد موقیسە و برینداربوونی دادوەرێکی دیکە لە دەزگای قەزایی تاران بڵاو بووەوە. عەلی ڕازینی ساڵی ١٣٣٢ لە شاری ڕەزەنی سەر بە هەمەدان لە بنەماڵەیەکی کۆنەپەرستی دژ بە زانست و پەروەردەی ئەمڕۆیی لە دایک بووە. ناوبراو بەهۆی دژایەتی باوکی لەگەڵ سیستەمی خوێندنی ئەمڕۆیی، نەچووە قوتابخانە و لە ناوەندە ئاینییەکان دەرسی خوێند. ئەو لە قوتابخانەی حەقانی پەروەردە بوو، کە بەرپرسەکانی کوشتنی هەرکەسێکی دژ بە باوەڕەکەی خۆیان، بە واجب دەزانی. عەلی ڕازینی بەهۆی بێبەزەییبوون بەرامبەر بە دەستبەسەرکراوان و گوێڕایەڵبوون بە فەرمانی بڕیاردەران لە وەزارەتی ئیتلاعات، زۆر زوو پلە و پایەی بەرزی بەدەستهێنا. ئەو ساڵی ١٣٦٣ لە دادستانی تاران، بوو بە جێگرەوەی ئەسەدوڵڵا لاجوەردی، جەلادی بەناوبانگ. ساڵی ١٣٦٦ بە فەرمانی خومەینی بوو بە سەرۆکی دادگای ڕۆحانیون و بەرپرسی کوشتن و سەرکوتکردنی مەلا ئایینییە ناڕازییەکان. ڕازینی دواتر لە ساڵی ٦٧دا، وەک بەرپرسی “دادگای تایبەتی تاوانی جەنگ“، بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی و پێکهێنانی دادگا، سزای لەسێدارەدانی بۆ زۆرێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک دەرکرد. ناوبراو خۆی دانی بەوەداناوە کە زۆرێک لە دەستبەسەرکراوەکانی، هەرلە شوێنی دەستگیر کردنەکە و بە خێرایی دادگایی کردووە و لەسێدارەی داون.
قەزاوەتی ئەو لە کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧یشدا بە هەمان شێوە بوو. ناوبراو وتبووی” ساڵی ٦٧ بەبێ لەبەرچاوگرتنی زۆرێک لەو یاسایانەی کە کۆسپی سەر رێگا بوون، خەڵکمان کوشت“. ڕازینی هەر بەو هۆیەوە لەو سەردەمەدا بە جەلادی ئێڤین ناوبانگی دەرکرد. ئەو هەر لە سەرەتای ساڵی شەستەوە ئەو حوکمەی پەیڕەو کرد کە بەپێی ئەو، ئەو کچانەی کە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو، ٢٤ کاتژمێر بەر لە لەسێدارەدان، بە شێوەیەکی کاتی لە پاسدارەکانیان مارە دەکردن و دواتر لەسێدارەیان دەدان. ئەو حوکمە نامرۆڤانەیە بەو خورافاتە پاساو دەکرا کە گۆیا ئاوا، کچە لەسێدارەدراوەکە دەچێتە بەهەشت. ئەوان بەمجۆرە گەورەترین سووکایەتییان بە قوربانییە کەچەکان دەکرد و ڕەنج و ئازاریان دەدان. ئەڵبەت بێگومان ئەویش هاوشێوەی دادوەرە گوێ لەمستەکانی دیکە، لەو سفرە پڕ ناز و نێعمەتە بەهرەمەند بوو کە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، بۆیان ڕاخرابوو. موحسین نوربەخش بەرپرسی گشتی بانکی ناوەندی، ساڵی ١٣٧٤ لە نامەیەکدا بۆ محەممەد خاتەمی سەرۆککۆماری ئەوکات نووسیبووی کە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە بانکی ناوەندی، چوار حیسابی بانکیی بە ناوی عەلی ڕازینی سەرۆکی ئەوکاتی ئیدارەی دادی پارێزگای تارانی بۆ دەرکەوتووە کە هەریەکەیان ( پێنج ملیارد ڕیاڵ ) بە نرخی دراوی ئەو ئەوکاتیان تێدابووە. ئەم ئاخووندە ساڵی ١٣٧٧ لەلایەن گرووپی چەکداری ئیسلامی مەهدەوییەتەوە کرایە ئامانج، بەڵام ڕزگاری بوو. ناوبراو بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەوە، بە خێرایی پلەکانی پێشکەوتنی تێپەڕ کرد و کاتێک کە کوژرا دادوەری دادگای باڵا بووە.
موقیسە، ساڵی ١٣٣٥ لە موقیسە لە نزیک شاری سەبزەوار لەدایکبوو. ساڵی ١٣٦٠ بە ناوی خوازراوی ناسریان دەستی بە کاری دادوەری کرد و سەرەڕای کەمیی زانست و شارەزایی، تەنیا بەهۆی گوێڕایەڵبوون لە بەڕێوەبردنی تاوانەکاندا، زۆر بە خێرایی پلە و پایەی بەرزی بەدەستهێنا. ناوبراو جگە لە هەڵسووڕاوانی سیاسی، مەدەنی و بواری ڕاگەیاندن، هەڵسووڕاوانی کرێکاریی (پەروەندەی هەفت تەپە)شی لە پڕۆسەیەکی چەند خولەکیدا، دادگایی کرد و سزای بەسەردا سەپاندن. موقیسە ساڵی ١٣٦٧ جێگری دادوەر و بۆ ماوەیەکیش سەرپەرشتیاری زیندانی گۆهەر دەشتی کەرەج بوو. بە وتەی شایەتحاڵەکان، بە کوشتنی هەرچی زیاتری زیندانیان، هەستی بە ڕەزامەندی دەکرد. شانازی بەوە دەکرد کە هەرچی زیاتر دادگایی و ئەشکەنجە بکات، بکوژێت، سزای درێژماوە بەسەر زیندانیاندا بسەپێنێ و بۆخۆی جەستەی زیندانییەکان شالاقکاری بکات. ئەو یەکێک لە بەدناوترین و جینایەتکارترین حاکم– ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم بوو. ناوبراو بە ناوی دادگاییکردنی چەند خولەکی، سووکایەتی بە تۆمەتباران دەکرد و ئامادەنەبوو گوێ لە بەرگرییەکانیان بگرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپاندن. گومان لەوەدا دا نییە کە سەرجەم مۆرە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، کەوتوونەتە بەر نەفرەت و بێزاریی توندی زۆربەی هاووڵاتیانی پێگەیشتووی ئێران. لەم قۆناغەدا کە بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات تادێت لاوازتر دەبێت، ئاگری ڕق و توڕەیی پەنگخواردووی ژنان و پیاوان، زیاتر بڵێسە دەستێنێ. ئەگەرچی بێگومان مەرگی ئەم جینایەتکارانە جەماوەر دڵخۆش دەکات، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ لاوازبوونی هەرچی زیاتری ڕژیم، کوشتنی لەم چەشنە و تەنانەت حاڵەتی خوێناوی پاکتاوی ناوخۆیی ڕێژیمیش زیاتر ببن. بەڵام سزای ڕاستەقینەی ئەم تاوانبارانە، ئەو کاتە دەبێت کە لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، پەروەندەی جینایەتەکانیان لە دادگا جەماوەرییەکاندا بە وردی بکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە، ئەو نهێنیانەی کە لەگەڵ مەرگیان بە شاراوەیی دەمێننەوە، ئاشکرا بکرێن و ئەوان بە چاوی خۆیان ڕسوایی و شەرمەزاری هەمیشەیی خۆیان لەبەردەم دادگای عادڵانەی جەماوەردا ببینن.
سیستەمی قەزایی ئەمڕۆی ئێران کە ئەو دوو تاوانبارە کوژراوە، لە زومرەی کاربەدەستەکانی بوون، یەکێکە لە گەندەڵترین و دژە خەڵکی ترین پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەم سیستەمە دادوەرییە، لەسەر بنەمای نامرۆڤانەترین و کۆنەپەرستانەترین یاساکانی پاشماوەی سەردەمی نەزانیی لە نیمچە دوورگەی عەرەبستان و دادگا سەدە ناوەڕاستییەکانی ئورووپا، بەڕێوەدەچێت. لەم سیستەمە کۆنەپەرستانەدا، ژنان مافی دادوەرییان نییە. یاسای قەساس، تەعزیر و شەلاق و لێدان لەپێش چاوی جەماوەر، لە زومرەی ئامرازەکانی ئەم دەزگا دژە خەڵکییەن. لەم سیستەمەدا ئەشکەنجەدانی زیندانی بە ناوی “تەعزیر“، دەرگاکانی “بەهەشت” بەڕووی ئەشکەنجەگەردا دەکاتەوە. دەستدرێژیکردنە سەر کچان بەر لە لەسێدارەدان، پاداشتی قیامەتە.
گەندەڵی لەم سیستەمە بەناو دادپەروەرییە ئیسلامییەدا کە یەکێکە لە پایەکانی ئەم ڕژێمە، ڕیشەی داکوتاوە. بۆگەنی گەندەڵی لەم دەسەڵاتەدا، بەجۆرێک وڵاتی داگرتووە کە نەک کوشتنی ڕازینی و موقیسە، بەڵکوو تەنیا لافاوی شۆڕشی جەماوەر دەتوانێت بیشواتەوە.