ک.م.م.ک:
یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، هاووڵاتییەکی وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز، بە ناوی “عەبدولقادر خونسەرد”، ئەندامی پێشووی یانەی مویتای ئێران، کە بە تۆمەتێکی تر لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز بەندکراوە، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە لە پەیوەندی بە بەشدار بوون لە شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)ەوە، دۆسیەیەکی تری بۆ کرایەوە و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و سووکایەتی کردن بە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی زۆرە ملی، هەروەها ساڵێک دوورخستنەوە بۆ شاری سوسەنگەرد سزا درا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە عەبدولقادر خونسەرد لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی ئۆزبەکستان و تایلەند لە ساڵانی ١٣٨٩ و١٣٩١ی هەتاوی لەگەڵ تیمی مویتای ئێران دوو مەدالیای برۆنزی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ڕوانگەی فەرمانڕەواکانی کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا بێ نرخە.
ع – ر