ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٣ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٣، په‌نجا و پێنجه‌مین حه‌فته‌ی هه‌ڵمه‌تی “سێشه‌ممه‌كانی نا بۆ سێداره” له ٣٥ به‌ندیخانه‌ی ئێران‌دا به ڕێوه چوو و مانگرتووان خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای سێداره‌ی هه‌موو به‌ندكراوان بوون.
به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، به‌ندكراوانی به‌شداربووی هه‌ڵمه‌تی “سێشه‌ممه‌كانی نا بۆ سێداره” له به‌یاننامه‌یه‌كدا، سه‌پاندنی حوكمی سێداره‌یان به سه‌ر “پژمان سوڵتانی” به‌ندكراوی سیاسی، به توندی شه‌رمه‌زار كرد و خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی حوكمی ئێعدامی “په‌خشان عه‌زیزی” بوون. مانگرتووانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا زۆرتر له ١٠٢١ به‌ندكراو له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا له سێداره دراون، كه ئه‌مه نیشانده‌ری به‌كارهێنانی حوكمی ئێعدام له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه بۆ کپ کردنی ده‌نگی كه‌سانی ناڕازییه. شایانی باسه ژماره‌یه‌ك له ئه‌و به‌ندكراوانه كه دژ به حوكمی سێداره له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا ڕاوه‌ستاون، له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه له مافی په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان و هه‌روه‌ها ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به ده‌رمان بێبه‌ش كراون. به‌شداربووانی هه‌ڵمه‌تی “سێشه‌ممه‌كانی نا بۆ سێداره” له ٣٥ به‌ندیخانه‌ی ڕژیمدا مانیان له خواردن گرت و داوایان له خه‌ڵك كردووه له به‌رامبه‌ر سه‌پاندنی حوكمی سێداره به سه‌ر به‌ندكراواندا بێده‌نگ نه‌مێنن و دژ به سیستمی كوشتاری كۆماری ئیسلامی ڕاوه‌ستن.