پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران، شەڕێک لەدژی جەماوەر


پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران، شەڕێک لەدژی جەماوەر

لە کاتی دەستپێکی شەڕەوە واتە لە ٩ی ڕەشەممەی ڕابردووەوە، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە پەنای بردووەتە بەر یەکێک لە ناسراوترین ئامرازەکانی سەرکوت و کۆنتڕۆڵکردن، ئەویش بریتییە لە پچڕاندی سەرتاسەریی ئینتەرنێت. بەپێی ڕاپۆرتینێت بلاکس، ئەم پچڕانە ئێستا پێی ناوەتە ڕۆژی سییەمەوە و بۆ پێنجەمین هەفتەی لەسەریەک بەردەوامە، دۆخێکی کە بە درێژترین ماوەی پچڕانی تۆمارکراوی ئینتەرنێت لە مێژووی ئەم تەکنەلۆژیایە لە ئێران دادەنرێت. بەپێی هەمان ئامار، پەیوەندی ئینتەرنێت هەندێک جار بۆ ئاستی ١٪ی باری ئاسایی دابەزیوە و نزیکەی ٩٠ ملیۆن کەس کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە.

لە نیگای یەکەمدا، ڕەنگە پچڕانی ئینتەرنێت وەک کێشەیەکی گشتی بێتە بەرچاو کە هەمووان وەک یەک دەخاتە ژێرکاریگەرییەوە. بەڵام لە ڕاستیدا، وەک زۆرێک لە قەیرانەکانی دیکە، ئەم گوشارەش زیاتر لە هەر کەسێک دەکەوێتە سەر شانی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. چینە دەوڵەمەندەکان، هەرچەندە بە سەختیش بێت، بەڵام ڕێگەیەک بۆ تێپەڕاندنی سنووردارکردنەکان، دابینکردنی ئامرازی گرانبەها یان دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە تایبەتەکان دەدۆزنەوە. بەڵام کرێکارێکی ڕۆژانە، فرۆشیارێکی بچووک، شۆفێر، خوێندکار یان خێزانێکی کە ژیانی لەسەر لێواری هەژارییە، دەستیان بەم جۆرە ئیمکاناتانە ڕاناگات.

وەزیری پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆی دان بەوەدا دەنێت کە ئەم پچڕانە ڕۆژانە ٣٥.٧ ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری وڵات دەگەیەنێت. فرۆشی ئۆنلاین ٨٠٪ کەمیکردووە، پێوەرەکانی بۆرسی تاران ٤٥٠ هەزار یەکە دابەزیوە و قەبارەی مامەڵە داراییەکان نزیکەی ١٨٥ ملیۆن حاڵەت کەمی کردووە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم زیانانە لە کۆتاییدا لە گیرفانی ئەو خەڵکە قەرەبوو دەکرێتەوە کە کەمترین پشکیان لە سەروەت و دەسەڵاتدا هەیە. کاتێک فرۆشی ئۆنلاین دادەبەزێت، تەنها کۆمپانیا گەورەکان زیانیان بەرناکەوێت، بەڵکوو هەزاران دەستفرۆشی ئینتەرنێتی، بەرگدرووی ماڵەوە، دوکانداری بچووک، شۆفێر و کرێکاری خزمەتگوزاریش سەرچاوەی داهاتیان لەدەست دەدەن.

بۆزۆرێکلەبنەماڵەکەمداهاتەکان،ئینتەرنێتچیترکاڵایەکیخۆشگوزەرانینییە،بەڵکووئامرازێکەبۆ

کار، پەیوەندی، خوێندن، بەدواداچوونی دەرمان، وەرگرتنی پارە و تەنانەت مانەوەش. لە بارودۆخی شەڕدا، ئەم ڕۆڵە گرنگتریش دەبێت. تیمەکانی تەندروستیی بۆ هەماهەنگی گواستنەوەی بریندارەکان، خێزانەکان بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی ئازیزانیان و خەڵک بۆ ئاگاداربوون لە مەترسییەکانی دەوروبەریان، پێویستیان بە پەیوەندی خێرا هەیە. کاتێک ئەم شادەمارە دەپچڕێت، فریاگوزاریش بە تەواوی پەکی دەکەوێت. لە ئاوا دۆخێکدا، خەڵک لەناو دڵەڕاوکێ، دەنگۆ و بێ هەواڵیدا بەجێدەهێڵدرێن.

یەکێک لە قورسترین لێکەوتەکانی ئەم دۆخە، بریتییە لەو گوشارە دەروونییە لەڕادەبەدەری کە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنرێت. نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی بنەمەڵە و ئەو خزم و ناسیاوانەی کە بەهۆی شەڕەوە لێک دادەبڕێن، بێ ئاگابوون لە دۆخی شار و گەڕەکەکان و هەروەها دەستڕانەگەیشتن بە هەواڵی سەربەخۆ و باوەڕپێکراو، ژیان دەکات بە ئازار و ئەشکەنجەیەکی بێدەنگ. بۆ دایکێکی کە لە جگەرگۆشەکەی دوورە و لێی بێ هەواڵە، ئەم بێ هەواڵییە هەندێک جار لە خودی ڕووداوەکەش بە ئازارترە.

پچڕانی ئینتەرنێت هەروەها ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان. کاتێک خەڵک نەتوانن وێنە، ویدئۆ یان گێڕانەوەی خۆیان بە دنیای دەرەوە بگەیەنن، گێڕانەوەی فەرمی و حکوومی زاڵ دەبێت. لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا، جینایەت و وێرانکارییەکان بە ناڕوونی دەمێننەوە. سانسۆر تەنها کپکردنی دەنگەکان نییە، بەڵکوو سڕینەوەی شایەتحاڵەکانە. ئەم دۆخە، بەتایبەت لە کاتی شەڕدا، بە واتای بێبەشکردنی خەڵکە لە مافی زانین و بێبەشکردنی قوربانییانە لە مافی بینران.

لەلایەکی دیکەوە، حکوومەت بە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی ئازاد، خەڵکی بەرەو بازاڕی ڕەشی ئینتەرنێت پاڵپێوەناوە. بە وەڕێخستنی ئینتەرنێتی ناوخۆیی، فرۆشتنی پڕۆکسییە سنووردار، گران و زۆر خاوەکان لە ناوخۆی وڵاتدا پەرەی سەندووە. تەنانەت هەوڵدان بۆ بەکارهێنانیستارلینکیش دوور لە ڕیسک و مەترسی نییە، هەم بەهۆی بەدواداچوون و دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکان، هەم بەهۆی دروستکردنی ئامرازی ساختە و ئەمنییەتی بەمەبەستی ناسینەوەی بەکارهێنەران. لە ئاکامدا، دیسانەوە هەر هەژارانن کە یان لە دەستڕاگەیشتنی تەواو بێبەش دەبن یان ناچارن بە تێچوویەکی زۆر و مەترسییەکی گەورەوە، لە کەمترین ئاستی پەیوەندی بەهرەمەند بن.

هەربۆیە، پچڕانی ئینتەرنێت لە بارودۆخی شەڕدا دەبێت وەک قەیرانێکی مرۆیی و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی خەڵک بناسرێت. ئەم کارە مافی پەیوەندی، مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، مافی ئاسایش، مافی کار و تەنانەت مافی ژیانیش پێشێل دەکات.

بەڵام لە دڵی ئەم تاریکییەدا، پێویستییەکی دیکەش دەردەکەوێت، ئەویش هاوپشتیی کۆمەڵایەتییە. کاتێک حکوومەت خەڵک لە بێ ئاگایی و گۆشەگیریدا ڕادەگرێت، تەنها شتێکی کە دەتوانێت بەشێک لەم گوشارە کەم بکاتەوە، بریتییە لە تۆڕەکانی هاوکاری و متمانەی نێوان خودی خەڵک. لەمڕووەوە پێویستە لە گەڕەکەکان، لەناو بنەماڵەکان، لەناو کۆڕی هاوڕێیانە و دراوسێیەتییدا، ڕێگەی جێگرەوە بۆ گەیاندنی هەواڵ، چاودێری و پاراستنی یەکتر بەهێز بکرێت. سەردانی بەساڵاچووان، بەدواداچوون بۆ دۆخی بنەماڵە بەتاک کەوتووەکان، گواستنەوەی هەواڵی باوەڕپێکراو بە شێوەی ڕووبەڕوو، دابەشکردنی ئیمکاناتی پەیوەندییە سنووردارەکان، و یارمەتیدانی ئەوانەی سەرچاوەی داهاتیان لەدەست داوە، هەموویان جۆرێکن لە خۆڕاگریی ئینسانی لە دژی سیاسەتی سەپاندنی گۆشەگیری بەسەر خەڵکدا.

هاوپشتی، لە بارودۆخێکی وەهادا، مەرجی مانەوەیە. ڕەنگە خەڵک بە تەنیا نەتوانن دیواری سانسۆر بشکێنن، بەڵام دەتوانن نەهێڵن هەر تاکێک بە تەنها خۆی لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەستەویەخە بێت. هەر نیشانەیەکی هاوڕێیەتی، هەر تۆڕێکی بچووکی متمانە و هەر کارێکی بەکۆمەڵ بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر بێدەسەڵاتترینەکانی کۆمەڵگا، شێوازێکە لە خۆڕاگریی و واتایەکی سیاسی و ئینسانی هەیە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net